رووداو دیجیتاڵ
سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا هۆشدارییەکی تووند دەداتە سەرکردەکانی ئەورووپا و رایدەگەیێنێت، ئەگەر ئەورووپا دەستدرێژی بکاتە سەر خاکی وڵاتەکەی، ئەوا شەڕەکە "تەواو جیاواز دەبێت و زۆر کەم دەخایەنێت."
لاڤرۆڤ لە گوتارێکیدا لە مۆسکۆ لەگەڵ دیپلۆماتکارانی بیانی، رایگەیاند، رووسیا هیچ نیازێکی نییە بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی ئەورووپا، بەڵام گوتی ئامادەکارییەکانی برۆکسل بۆ شەڕ دژ بە وڵاتەکەی مەترسیدارە.
وەزیری دەرەوەی رووسیا سەرکردەکانی ئەورووپای تۆمەتبار کرد بەوەی رێگربوون لە رێککەوتنی نێوان مۆسکۆ و واشنتن و گوتی: "هەموو ئەو دانوستاندنانەی کراون، بە دەستپێشخەریی ئێمە نەوەستاون. ئەگەر ئەمریکییەکان لە رێککەوتنی ئانکۆریج پاشەکشەیان نەکردایە و ئەورووپا واشنتنی لێ دوورنەخستبایەوە، ئێستا ساڵێک دەبوو بەبێ شەڕ دەژیاین."
هاوکات، لاڤرۆڤ ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە کە باس لە سەودای نێوان واشنتن و مۆسکۆ دەکەن لەبارەی جەنگی ئێرانەوە و گوتی: "ئەم دەنگۆیانەی باس لەوە دەکەن ئەمریکا لە بەرامبەر دۆسیەی ئێراندا دەستبەرداری ئۆکراینا دەبێت دوورن لە راستی؛ ئەمریکییەکان شتی لەو شێوەیە ناڵێن، چونکە دەزانن ئێمە سازش لەسەر ئەم پرسانە ناکەین."
وەزیری دەرەوەی رووسیا رەخنەی لە گوتاری میدیا و بەرپرسانی ئەورووپا گرت لەبارەی توانای سەربازیی وڵاتەکەیەوە و گوتی: "لە لایەک دەڵێن ئۆکراینا بە مووشەکی دوورمەودا باڵادەست بووە و رووسیا بەرەو لاوازی دەچێت، لە لایەکی دیکەشەوە دەڵێن رووسیا دوای دوو ساڵی دیکە پەلاماری ئەورووپا دەدات؛ بڕیاری خۆتان بدەن، ئایا ئێمە لاوازین و لەسەر لێواری شکستین، کەواتە بۆچی لێمان دەترسن؟ یاخود خەریکی چەواشەکردنی هاووڵاتییانی خۆتانن؟"
لاڤرۆڤ رایگەیاند، ئامانجەکانی مۆسکۆ لە شەڕی ئۆکراینادا نەگۆڕاون و پاراستنی سنوورەکانیان لە فراوانخوازیی ناتۆ بەردەوام دەبێت، ئاماژەی بەوەش کرد کە مۆسکۆ لە کاتی بەڕێوەچوونی هەر دانوستاندنێکیشدا ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی راناگرێت.



