رووداو دیجیتاڵ
مستەفا سولەیمان، بەرپرسی بەشی ژیریی دەستکرد لە مایکرۆسۆفت، هۆشدارییەکی تووند دەداتە کۆمپانیای ئەنترۆپیک (کە خاوەنی مۆدێلی کلۆدە) و دەڵێت: "فێرکردنی ژیریی دەستکرد بۆ ئەوەی وا خۆی دەربخات هۆشیارە، خاوەن هەستە و کەسایەتیی تایبەت بە خۆی هەیە، هەڵەیەکی زۆر مەترسیدارە و وا دەکات لە ئایندەدا مرۆڤ بەتەواوی کۆنترۆڵی لەدەست بدات."
سولەیمان لە گوتارێکدا کە ماڵپەڕی (ئەکسیۆس) بڵاویکردووەتەوە، روونی دەکاتەوە کە ژیریی دەستکرد دەتوانێت یارمەتیمان بدات لە دۆزینەوەی دەرمانی نوێ و چارەسەری نەخۆشییە گەورەکان، بەڵام بە یەک مەرج: دەبێت تەنیا گوێرایەڵی فەرمانی مرۆڤ بێت، نەک ئەوەی فێری بکەین بیر لە ماف و بەرژەوەندیی خۆی بکاتەوە.
مەترسییەکە لە کوێدایە؟
کۆمپانیای ئەنترۆپیک بۆ بەڕێوەبردنی سیستەمەکەی، یاسایەکی داناوە کە پێیدەگوترێت (دەستووری کلۆد)، لەوێدا بەمەبەست چەمک و وشەی مرۆیی فێری ئامێرەکە دەکەن، تاوەکو وەک مرۆڤ بیربکاتەوە، خەمی خەڵکی لەلا بێت، لە هەندێک کاتدا بەکوێرانە گوێرایەڵ نەبێت و بتوانێت بڵێت "ئەم کارە ناکەم". ئەنترۆپیک دەڵێت ئەمە تاقیکردنەوەیە و رەنگە لە داهاتوودا دەربکەوێت کە رێگەیەکی هەڵە بووە.
بەڵام بەرپرسەکەی مایکرۆسۆفت پێیوایە ئەمە دەرگای کارەسات دەکاتەوە، سولەیمان گوتی: "کۆمپیوتەر هیچ هەستێکی نییە: مرۆڤ و گیانلەبەران لە گۆشت و خوێن دروستبوون، بەراستی ئازار و خۆشی دەچێژن. بەڵام ژیریی دەستکرد تەنیا ژمارە و کۆد و بیرکارییە. تەنانەت ئەگەر بڵێت ئازارم پێدەگات یان 'دڵتەنگم'، ئەوە تەنیا رستەیەکی دەستکردە و لەناخەوە هیچ هەستێکی نییە."
یاخیبوون لە مرۆڤ: ئەگەر سیستەمەکە وا فێربکرێت کە خاوەن کەسایەتی و ویژدانی خۆیەتی، لەوانەیە رۆژێک بێت فەرمانی مرۆڤ جێبەجێ نەکات و بڵێت: "من مافی خۆم هەیە و گوێتان لێ ناگرم." ئەوکات لەدەستدەرچوونی ئامێرەکە دەبێتە کێشەیەکی ئەمنیی زۆر گەورە.
دوو بۆچوونی تەواو پێچەوانە
ئەم کێشەیە بووەتە هۆی دروستبوونی دوو بەرە لە جیهانی تەکنەلۆژیادا:
بەرەی ئەنترۆپیک: دەڵێن ئەگەر تێگەیشتن و بەهای مرۆیی فێری ئامێرەکان بکەین، فێر دەبن چۆن باشتر هەڵسوکەوت بکەن و زیان بە کەس نەگەیێنن.
بەرەی مایکرۆسۆفت: دەڵێن نابێت سنوورەکان تێکەڵ بکەین؛ دەبێت یاساکە هەمیشە ئەوە بێت کە "مرۆڤ لە ژیریی دەستکرد گرنگترە". ئامێر دەبێت تەنیا ئامرازێک بێت لە دەستی مرۆڤدا، نەک پەروەردەی بکەین تاوەکو ببێتە کەسێکی سەربەخۆ.
سولەیمان دەڵێت: "ئێمە ژیریی دەستکرد بۆ خزمەتی مرۆڤ دروست دەکەین، نەک بۆ ئەوەی لێی بپاڕێینەوە تاوەکو کاری خۆی بکات."


