رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، هیوای هەیە کە کۆتاییهاتنی جەنگ دژی ئێران نزیک بێت، هاوکات راپۆرتێکی میدیایی ئاشکرای کردووە کە چاوەڕوان دەکرێت رۆژی سێشەممەی داهاتوو لە پەراوێزی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکاندا لەگەڵ سەرکردەکانی کەنداو کۆببێتەوە تاوەکو تاوتوێی ئەم جەنگە بکەن.
ئەم لێدوانەی رۆژی جوارشەممەی ترەمپ بە کاتی ئەمریکا، لە کاتێکدایە کە جەنگی دژی ئێران پێدەنێتە حەوتەمین مانگی خۆیەوە و هیچ کۆتاییەکی خێراش لە ئاسۆدا دیار نییە.
ماڵپەڕی ئەکسیۆس درەنگانی چوارشەممە بڵاویکردەوە، چاوەڕوان دەکرێت کۆبوونەوەی هەفتەی داهاتووی ترەمپ لەگەڵ سەرکردەکانی کەنداو لە نیویۆرک، سەرنج بخاتە سەر پلانەکانی ئەمریکا بۆ ستراتیجی قۆناخی دوای جەنگ.
راپۆرتەکە پشتی بە چەند سەرچاوەیەکی بێناو بەستووە و ئاماژەی بەوە کردووە کە ترەمپ لەگەڵ سەرکردە یان وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداو (سعودیە، ئیمارات، قەتەر، بەحرێن، کوێت و عومان) کۆدەبێتەوە.
ترەمپ ئێوارەی چوارشەممە بە رۆژنامەڤانانی گوت: "بە هیوام لە کۆتاییەکانی جەنگەکەدا بین."
سەرۆکی ئەمریکا بە دووپاتکردنەوەی لێدوانەکانی پێشووی، لەبارەی تارانەوە گوتی: "ئەوان دەیانەوێت رێککەوتنێک بکەن؛ دەبینین کارەکان چۆن دەڕۆن." ترەمپ هەروەها گوتی، لە ئێرانەوە بە شێوەیەکی "راستەوخۆ" پەیامی پێگەیشتووە.
ترەمپ چەندین جار گۆڕانکاریی لە ئامانج و خشتەی کاتیی ئەو جەنگەدا کردووە کە لە 28ـی شوباتەوە دەستیپێکرد، کاتێک ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر ئێران و تاران بە هێرشکردنە سەر ئیسرائیل و ئەو وڵاتانەی کەنداو کە بنکەی ئەمریکییان تێدایە وەڵامی دایەوە.
هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران و هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان، بوونەتە هۆی کوژرانی هەزاران کەس و ئاوارەبوونی ملیۆنان کەسی دیکە.
ترەمپ لاوازکردنی توانای ئەتۆمیی ئێرانی وەک یەکێک لە ئامانجەکانی جەنگەکە دەستنیشان کردووە؛ لە کاتێکدا ئێران خاوەنی چەکی ئەتۆمی نییە و دەڵێت، بەرنامەی پیتاندنی یۆرانیۆمەکەی بۆ مەبەستی ئاشتییانەیە، لە بەرامبەردا ئەمریکا خۆی خاوەنی چەکی ئەتۆمییە.
هاوکات بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و گاز بەهۆی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران، بووەتە کێشەیەکی گەورە لەبەردەم پارتی کۆماری کە ترەمپیش سەر بەو پارتەیە، پێش بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی نیوەخولی کۆنگرێس لە مانگی تشرینی دووەمدا.


