رووداو دیجیتاڵ
دەسەڵاتدارانی خۆجێیی رایانگەیاند، شەوی رابردوو تاوەکو بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە، بەهۆی هێرشێکی بەرفراوانی مووشەکی و درۆنیی رووسیا بۆ سەر کیێڤی پایتەختی ئۆکراینا، بە لایەنی کەمەوە 16 کەس بریندار بوون.
ئیدارەی سەربازیی شاری کیێڤ رایگەیاند، هێرشەکان لە زیاتر لە 10 شوێنی جیاوازی پایتەخت تۆمارکراون. ئیدارەکە لە راگەیێندراوێکدا لە تەلەگرام ئاماژەی بەوە کردووە کە کچێکی تەمەن 10 ساڵان و کوڕێکی تەمەن 12 ساڵان لەنێو بریندارەکاندان.
هێزی ئاسمانیی ئۆکراینا رایگەیاند، توانیویانە لە هێرشەکەی شەوی رابردوودا 131 ئامانجی ئاسمانیی رووسیا تێکبشکێنن یان پەکیانبخەن؛ هاوکات روونیکردەوە ئەو ناوچە سەرەکییانەی کرابوونە ئامانج بریتی بوون لە کیێڤ، زاپۆریژیا و ئۆدێسا. بەپێی زانیارییەکان، لە 36 شوێن کەوتنەخوارەوەی مووشەک و پێکانی ئامانجەکان تۆمارکراون و پاشماوەی ئامانجە تێکشکێندراوەکانیش لە پێنج شوێن کەوتوونەتە خوارەوە.
لەم هێرشەدا مووشەکی بالیستی، مووشەکی کرووز، لەگەڵ 157 درۆن بەکارهێنراون.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، لە گەڕەکی دنیپرۆڤسکی کۆگایەک، نووسینگەیەک، چەند باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون و ژمارەیەک ئۆتۆمبێل زیانیان بەرکەوتووە. هەروەها لە گەڕەکی سۆلۆمیانسکیش کۆگایەک زیانی پێگەیشتووە، لە کاتێکدا لە گەڕەکی دارنیتسکی کۆگایەک و چەند ئۆتۆمبێلێک زیانیان بەرکەوتووە.
دەسەڵاتداران ئاماژەیان بەوەش کرد کە لە گەڕەکی پۆدیلسکی، سەربانی باڵەخانەیەکی نانیشتەجێبوون زیانی بەرکەوتووە.



