رووداو دیجیتاڵ
لی جای میۆنگ، سەرۆکی کۆریای باشوور رایگەیاند کە زۆر بە روونی دیارە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا خوازیاری دەستپێکردنەوەی گفتوگۆیە لەگەڵ پیۆنگیانگ، ئەوەش لە کاتێکدایە کە دانوستاندنە ئەتۆمییەکانی نێوان هەردوو وڵات بە چەقبەستوویی ماونەتەوە.
رۆژی هەینی، 18ـی ئەیلوولی 2026، سەرۆکی کۆریای باشوور لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە کۆشکی سەرۆکایەتی لە سیئۆل گوتی، "ئەوەی بە تەواوی روون و ئاشکرایە ئەوەیە کە سەرۆک ترەمپ دیالۆگی دەوێت، منیش لەلای خۆمەوە هانی سەرۆک ترەمپ دەدەم کە دەست بە گفتوگۆ بکاتەوە."
دۆناڵد ترەمپ، کە هەوڵ دەدات پەیوەندییە تایبەتەکەی خولی یەکەمی سەرۆکایەتیی لەگەڵ کیم جۆنگ ئوون، رێبەری کۆریای باکوور زیندوو بکاتەوە، مانگی رابردوو بە رۆژنامەڤانانی گوتبوو کە پلانی هەیە پێش کۆتاییهاتنی ئەمساڵ چاوی بە کیم بکەوێت.
سەرۆکی ئەمریکا ئەو کاتە رایگەیاندبوو کردبوو کە گرنگە "پەیوەندیی باش" لەگەڵ کیم بپارێزێت و ئاماژەی بەوەش کردبوو کە ئێستا پیۆنگیانگ خاوەنی 57 چەکی ئەتۆمیی "زۆر بەهێزە"، هەرچەندە دەزگای هەواڵگریی سیئۆل پێیوایە باکوور خاوەنی 80 بۆ 120 کڵاوەی ئەتۆمییە.
کۆریای باکوور تاوەکو ئێستا بە فەرمی وەڵامی دەستپێشخەرییەکانی سەرۆکی ئەمریکای نەداوەتەوە.
سەرۆکی کۆریای باشوور ئاماژەی بەوە کرد کە وڵاتەکەی بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ ئامادەکاری و رەخساندنی زەمینەی لەبار تاوەکو گفتوگۆی نێوان واشنتن و پیۆنگیانگ دەستپێبکاتەوە و گوتی، "ئەنجامدانی دیدارێکی لەو شێوەیە هێشتا سەختە، بەڵام مەحاڵ نییە."
لی جای میۆنگ گوتیشی، "ناتوانم بە دڵنیاییەوە بڵێم ئەگەری بەڕێوەچوونی ئەو کۆبوونەوەیە چەندە، بەڵام ئەوەی روونە ئەوەیە کە دەبێت هەموو هەوڵێکی پێویست بدەین تاوەکو ئەو ئەگەرە بکەینە راستی."



