رووداو دیجیتاڵ
لی جای میۆنگ، سەرۆکی کۆریای باشوور بە فەرمی رەتیکردەوە وڵاتەکەی هیچ هێزێکی سەربازی بۆ دەستوەردان لە جەنگی دژی ئێران رەوانە بکات، جەختیشی کردەوە کە سیئۆل دەستبەرداری بنەمای بێلایەنی لەو شەڕە نابێت.
رۆژی هەینی، 18ـی ئەیلوولی 2026، سەرۆکی کۆریای باشوور لە کۆشکی سەرۆکایەتی لە سیئۆل بە رۆژنامەڤانانی گوت، "هیچ جۆرە بەشداریکردن یان دەستوەردانێک لە شەڕەکەدا لەلایەن ئێمەوە نابێت؛ ئێمە بەو شێوازە سەرباز یان کەرەستەی سەربازی رەوانە ناکەین."
ئەم لێدوانەی سەرۆکی کۆریای باشوور دوای ئەو هەواڵانە هات کە باسیان لەوە دەکرد رەنگە سیئۆل هێزی دەریایی بۆ گەرووی ستراتیژیی هورمز بنێرێت؛ کە خاڵێکی سەرەکیی پێکدادانە لەو جەنگەی کە لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە دژی ئێران دەستیپێکردووە.
لی جای میۆنگ ئاماژەی بەوە کرد کە وڵاتەکەی تەنیا "کەمترین چالاکیی پێویست" ئەنجام دەدات، ئەویش تەنیا بە مەبەستی پاراستنی کەشتییە بازرگانییەکان و رێڕەوەکانی گواستنەوەی نەوتی تایبەت بە وڵاتەکەی.
سەرۆکی کۆریای باشوور سێ جار لەسەریەک لە لێدوانەکانیدا جەختی لە رەتکردنەوەی بەشداریکردنی سەربازی کردەوە و گوتی، "ئێمە تاوەکو ئێستا پێبەندی بنەمای دەستوەرنەدان و بەشدارینەکردن لەم شەڕەدا بووین، لە داهاتووشدا بەردەوام دەبین لە پاراستنی ئەو بنەمایە."
ناڕەزایەتیی ترەمپ لە وەڵامەکەی سیئۆل
ئەم هەڵوێستە نەگۆڕەی سیئۆل لە کاتێکدایە کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کۆتایی مانگی رابردوو لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیای ئەمریکی، ناڕەزایەتیی خۆی لە لاوازیی هاوکاریی هاوپەیمانەکانی واشنتن لە جەنگی ئێران دەربڕیبوو و بە دیاریکراوی ناوی کۆریای باشووری هێنابوو.
ترەمپ لەو هەڤپەیڤینەکەدا رایگەیاندوو، "ئێمە یارمەتییان دەدەین، بەڵام کاتێک نۆرەی ئەوان هات بۆ ئەوەی یارمەتیی ئێمە بدەن، گوشارم لێ نەکردن، تەنیا لێم پرسین: ئایا حەز دەکەن بەشدار بن؟ بەڵام هەموویان گوتیان: 'نەخێر، سوپاس!' منیش گوتم: باشە، ئەم هەڵوێستەتان لەبیر ناکەم."
ئەمریکا نزیکەی 28 هەزار و 500 سەربازی لە خاکی کۆریای باشووردا هەیە بۆ پاراستنی ئاسایشی وڵاتەکە، بەڵام رەخنە بەردەوامەکانی ترەمپ لە پابەندییە سەربازییە هاوبەشەکان، نیگەرانیی لای بەرپرسانی سیئۆل دروستکردووە سەبارەت بە داهاتووی چەتری ئەمنیی ئەمریکا لە ناوچەکەدا.



