رووداو دیجیتاڵ
لە کاتی بەڕێوەچوونی نوێژی هەینی، تەقینەوەیەکی بەهێز لە مزگەوتێکی نزیک کۆمەڵگەی پۆلیس لە قەزای کۆهات سەر بە پارێزگای خەیبەر پەختونخوا لە باکووری رۆژئاوای پاکستان روویدا و بەهۆیەوە لانیکەم 17 کەس کوژران و دەیان کەسی دیکەش بریندار بوون.
بەگوێرەی بەرپرسانی ئەمنیی ناوچەکە، تەقینەوەکە بە ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژ کراوە و پێشتر خۆی کێشاوە بە دەروازەی کۆمەڵگەی پۆلیسی کۆن دا لە قەزای کۆهات.
تاهیر عەلی شا، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی گشتیی کۆهات پشتڕاستی کردەوە، تەرمی 15 کەس گەیێندراوەتە نەخۆشخانەکەیان، جگە لە دەیان بریندار. پۆلیسی پارێزگای خەیبەر پەختونخوا رایگەیاند، لەنێو کوژراواندا 11 سڤیل و 4 پۆلیس هەن. پۆلیس ئاماژەی بەوەش کرد، چەکدارێکی هێرشبەریش لە دوای تەقینەوەکە کوژراوە.
بەگوێرەی سەرچاوە خۆجێیەکان، هەژمارەکانی سەر بە گرووپی چەکداریی (ئیتیحادی موجاهیدینی پاکستان) بەرپرسیارێتیی خۆیان لە ئەنجامدانی راگەیاندووە. لە بەرامبەردا، دەسەڵاتدارانی پۆلیسی ناوچەکە ئاماژەیان بەوە کردووە کە هێشتا سەرقاڵی کۆکردنەوەی بەڵگە و شیکاریی پاشماوەی تەقینەوەکەن بۆ ئەوەی هۆکاری سەرەکی و چۆنیەتیی ئەنجامدانی هێرشەکە بە تەواوی روون بکەنەوە.
پارێزگای (خەیبەر پەختونخوا) کە هاوسنوورە لەگەڵ ئەفغانستان، لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا بووەتە یەکێک لە مەترسیدارترین ناوچەکانی پاکستان بەهۆی چڕبوونەوەی هێرشی گرووپە چەکدارەکان.
لە دوای گەڕانەوەی تاڵیبان بۆ دەسەڵات لە کابوول لە ئابی 2021 و دواتریش کۆتاییهاتنی ئاگربەستی نێوان حکومەتی ئیسلامئاباد و گرووپی (تەحریکی تاڵیبانی پاکستان) لە کۆتاییەکانی 2022، هێرشە چەکدارییەکان لەم ناوچەیەدا بە شێوەیەکی بەرچاو زیادبوون.



