رووداو دیجیتاڵ
جۆرجیا میلۆنی، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا رایگەیاند، حکومەتەکەی پۆشینی پەچە لەنێو قوتابخانەکاندا قەدەخە دەکات، هاوکات سنوورێکیش بۆ ژمارەی قوتابییانی بیانی لە هەر پۆلێکدا دادەنێت.
رۆژی یەکشەممە 20-09-2026 میلۆنی لە گوتارێکیدا لە بەردەم لقی گەنجانی پارتەکەی خۆی [برایانی ئیتاڵیا] گوتی: "بەم نزیکانە پڕۆژەبڕیارێک پێشکێشی ئەنجوومەنی وەزیران دەکرێت، تاوەکو بە شێوەیەکی یاسایی بەرزترین ژمارەی رێگەپێدراوی قوتابییانی بیانی لە هەر پۆلێکدا دیاریبکرێت."
سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا ئاماژەی بەوەش کرد، بڕیارەکە باوان و کەسوکاری ئەو قوتابییە بیانییانەش پابەند دەکات کە لە گونجاندن لەگەڵ سیستمی خوێندندا رووبەڕووی کێشە دەبنەوە تاوەکو فێری زمانی ئیتاڵی ببن، گوتیشی، "پۆشینی پەچە لەنێو قوتابخانەکاندا قەدەخە دەکرێت."
لە ئیتاڵیا هیچ یاسایەکی تایبەت نییە کە راستەوخۆ پۆشینی پەچە لە قوتابخانە یان شوێنە گشتییەکاندا قەدەخە بکات، بەڵام یاسایەکی ساڵی 1975 بەکارهێنانی کڵاوی سەلامەتی یان هەر پۆشاکێک قەدەخە دەکات کە ناسینەوەی رووخسار بەبێ هۆکار قورس بکات. لە ساڵی 2008ـیشدا دادگەی باڵای کارگێڕیی وڵاتەکە روونیکردەوە، پۆشینی پەچە بەهۆی ئایین یان کولتوور رێگەپێدراوە، بە مەرجێک لە کاتی داواکردنی ناسینەوەی ناسنامەدا رووخسار دەربخرێت.
پرسی کۆچبەران و چۆنیەتیی تێکەڵکردنیان بە کۆمەڵگە، بووەتە یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی هەڵمەتی هەڵبژاردنی گشتیی ساڵی داهاتووی ئیتاڵیا، لە کاتێکدا پارتە راستڕۆکانی وڵاتەکە گوشارەکانیان بۆ سەر حکومەتی میلۆنی زیاتر کردووە.
بەپێی یاسای ئێستای ئیتاڵیا لە ساڵی 2010ـەوە، رێژەی قوتابییانی بیانی نابێت لە 30٪ـی کۆی پۆلێک یان قوتابخانەیەک تێپەڕێت، بەپێی ئاماری پەیمانگەی نیشتمانیی ئاماری ئیتاڵیاش (ISTAT)، ئێستا قوتابییانی بیانی کەمتر لە 12٪ـی سەرجەم تۆمارکراوانی ناوەندەکانی خوێندنی وڵاتەکە پێکدەهێنن.



