رووداو دیجیتاڵ
پارتی راستڕۆی تووندڕۆی ئەڵتەرناتیڤ بۆ ئەڵمانیا (AfD) لە هەڵبژاردنی هەرێمیی مێکلنبێرگ فۆرپۆمەرن لە باکووری رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتەدا پلەی یەکەمی بەدەستهێنا و ئاهەنگی سەرکەوتنەکەی گێڕا، هاوکات پارتی دەسەڵاتداری سەر بە راوێژکاری ئەڵمانیا تووشی شکستێکی مێژوویی بوو.
ئەنجامی نافەرمیی دەنگدانەکە بە ژمارە:
•پارتی AfD زیاتر 38.3%ـی دەنگەکانی بەدەستهێنا و یەکەم بوو.
•پارتی سۆسیال دیموکرات (SPD): بە سەرکردایەتیی مانوێلا شڤێسیگ، کە سەرۆکوەزیرانی ئێستای هەرێمەکەیە، نزیکەی 35%ـی دەنگەکانی مسۆگەر کرد.
•پارتی کریستیان دیموکرات (CDU): کە پارتی فرێدریش مێرتس، راوێژکاری ئەڵمانیایە، تووشی شکستێکی گەورە بوو و دەنگەکانی بۆ کەمتر لە 4.9% دابەزین و نەیتوانی هیچ کورسییەک لە پەرلەمانەکە بەدەستبێنێت.

سەرکردەکانی AfD چی دەڵێن؟
•ئەلیس ڤیدێڵ، هاوسەرۆکی پارتی AfD بە دڵخۆشییەوە گوتی: "ئێمە بەهێزترین هێزین و بووینەتە دەنگی زۆرینەی خەڵک؛ ئێمە شوێنی پارتی کریستیان دیموکراتمان گرتووەتەوە و بووینەتە پارتی راستەقینەی گەل."
•تینۆ خرۆپالا، هاوسەرۆکی دیکەی پارتەکە ئەم سەرکەوتنەی بە "ئەنجامێکی بێوێنە" ناوبرد و گوتی: "ئێستا ئێمە مافی تەواومان هەیە فەرمانڕەوایی بکەین."
•لایف ئێریک هۆڵم، بەربژێری سەرەکیی پارتەکە بۆ سەرۆکایەتیی هەرێمەکە، گوتی کە ئەوان دەرگایان کراوەیە و بانگهێشتی هەموو پارتەکان دەکەن بۆ گفتوگۆ، بەڵام دانی بەوەشدا نا کە "پێکهێنانی حکومەت کارێکی زۆر سەختە."
ئایا راستڕۆکان دەسەڵات دەگرنە دەست؟
بە ئەگەرێکی زۆرەوە نەخێر؛ هەرچەندە پارتی AfD زۆرترین دەنگی بەدەستهێناوە، بەڵام هیچ کام لە پارتەکانی دیکە بەهۆی بیروباوەڕە تووندەکانی ئەو پارتەوە ئامادە نین هاوپەیمانیی لەگەڵدا بکەن (کە بە سیاسەتی "دیواری ئاگرین" ناسراوە). لەبەر ئەوە، چاوەڕوان دەکرێت سۆسیال دیموکراتەکان لەگەڵ سەوزەکان و پارتی چەپ هاوپەیمانی پێکبهێنن و سەرۆکوەزیرانی ئێستا لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە.
هۆکاری دەنگهێنانی راستڕۆکان چی بوو؟
ئەندامانی پارتی AfD دەڵێن، هەڵە و شکستەکانی مێرتس لە چاکسازیکردن و رێگرینەکردن لە کۆچبەری، هۆکاری سەرەکی بوون بۆ ئەوەی خەڵک دەنگ بەوان بدات. سەرکردەی پارتەکە لە هەرێمی مێکلنبێرگ فۆرپۆمەرن بەڵێنی دابوو کە ئەگەر بێتە سەر دەسەڵات، ناوەندێکی گەورە بۆ دیپۆرتکردنەوەی ئەو پەناخوازانە دروست دەکات کە داواکارییان بۆ مافی پەنابەرێتیی رەت کراوەتەوە.



