رووداو دیجیتاڵ
شارەزایانی راسپێردراو لەلایەن باڵاترین دەستەی مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانەوە رایانگەیاند، "بنەمای تەواو لەبار"یان دۆزیوەتەوە بۆ ئەوەی باوەڕ بەوە بکرێت کە ئەمریکا لە دوو هێرشی ئاسمانیدا لە ئێران تاوانی جەنگی کردبێت، لەنێویاندا بۆردوومانکردنی قوتابخانەیەک لە شاری میناب لە باشووری ئەو وڵاتە.
ئەو شارەزایانە رۆژی دووشەممە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانیان پێشکێش بە ئەنجوومەنی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لە جنێڤ کرد، کە لە 47 وڵاتی ئەندام پێکدێت.
تیمی نێودەوڵەتیی دۆزینەوەی راستییەکان لەسەر ئێران، کە لەلایەن سارا حوسێن، یاساناسی بەنگلادیشییەوە سەرۆکایەتیی دەکرێت، لە کۆمەڵێک شارەزای سەربەخۆ پێکهاتووە و لە ساڵی 2022دا لەلایەن ئەنجوومەنی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دامەزرێنراوە.
تیمەکە ئاشکرای کرد کە ئەنجامەکانیان لەبارەی تاوانەکانی جەنگی ئەمریکا، لەسەر دوو هێرشی ئاسمانی چڕبوونەتەوە کە بوونەتە هۆی کوژرانی لانیکەم 178 هاووڵاتیی سڤیل، لەنێویاندا ژنان و منداڵان.
بەپێی لێکۆڵینەوەی تیمەکە کە پشتی بە "سەرچاوە باوەڕپێکراوەکان" بەستووە، هێرشە ئاسمانییەکەی ئەمریکا بۆ سەر ئەو قوتابخانەیە لە میناب بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی 157 کەس، لەوانەش 123 کچ و کوڕی منداڵ. سارا حوسێن لەم بارەیەوە گوتی: "بەڵگەی تەواومان دەستکەوتووە بۆ ئەوەی باوەڕ بەوە بکەین کە ئەو هێرشە ئاسمانییەی لەلایەن ئەمریکاوە کراوە، تاوانی جەنگە و شوێنێکی سڤیلی بەئامانج کردووە."
لە سەرەتای جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران لە کۆتایی مانگی شوباتدا، لانیکەم مووشەکێکی ئەمریکی بەر قوتابخانەی "شەجەرەی تەییبە" لە شاری میناب کەوت. لە بەرامبەردا، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند کە "هیچ متمانەیەکی بە ئەنجامەکانی ئەم راپۆرتە نییە."
لە راپۆرتەکەدا، شارەزایان رایانگەیاندووە "باڵەخانەی قوتابخانەکە ئامانجی سەرەکی و مەبەستداری لێدانەکە بووە" و زیانەکان بەهۆی هێرشێکی هەڵە یان زیانی لاوەکی لە بۆردوومانکردنی بنکەیەکی سوپای پاسداران لە تەنیشت قوتابخانەکە نەکەوتوونەتەوە. ئیدارەی ترەمپیش تاوەکو ئێستا بەرپرسیارێتیی راستەوخۆی لە ئەستۆ نەگرتووە و ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی پێنتاگۆنی لەسەر ئەو بۆردوومانە بڵاونەکردووەتەوە.
لە بەشێکی دیکەی راپۆرتەکەدا، تیمەکە باسی لەوە کردووە کە هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا بە تەقەکردن لە قەرەباڵخیی خەڵک، لێدانی خۆپێشاندەران و دەستگیرکردنی کارمەندانی تەندروستی، "سەرکوتکارییەکی تووندوتیژیان" کردووە؛ هاوکات هاووڵاتییانی سڤیل رووبەڕووی "پێشێلکاریی گەورەی مافەکانی مرۆڤ و تاوانی دژی مرۆڤایەتی لەلایەن حکومەتەکەی خۆیانەوە بوونەتەوە."



