رووداو دیجیتاڵ
دوو بەرپرسی حکومەتی عێراق بە ئاژانسی فرانس پرێسیان راگەیاند، بەغدا لە بەرەبەیانی رۆژی سێشەممەوە سەرجەم گەشتەکانی هێڵە ئاسمانییەکانی ئێران رادەگرێت، ئەمەش دوای هۆشدارییە تووندەکەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا کە رایگەیاندبوو لە ماوەی دوو رۆژدا سەرجەم کۆمپانیا ئاسمانییەکانی تاران لە جیهاندا پەکدەخرێن. دوو سەرچاوەش لە حکومەتی عێراق بە رووداویان راگەیاند کە تاوەکو ئێستا هیچ شتێکی فەرمییان لەوبارەیەوە پێنەگەیشتووە.
رۆژی دووشەممە، 21ـی ئەیلوولی 2026، بەرپرسێکی باڵای حکومەتی عێراق بە ئاژانسەکەی گوت، "عێراق لە بەرەبەیانی رۆژی سێشەممەوە بەپێی بڕیارەکەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، قەدەخەکردنی گەشتی سەرجەم هێڵە ئاسمانییەکانی ئێران دەخاتە بواری جێبەجێکردنەوە."
ئەو بەرپرسە هۆشداریشی دا کە، "ئەو وڵاتانەی ئەم بڕیارە جێبەجێ نەکەن، خۆیان دەخەنە بەردەم مەترسیی سزاکانی ئەمریکا و دەرکردن لە سیستەمی دارایی دۆلار." بەرپرسێکی دیکەی حکومەتی عێراقیش هەمان هەواڵی پشتڕاستکردەوە.
لە بەرامبەردا، دوو سەرچاوە لە حکومەتی عێراق کە پەیوەندیدارن بە کەرتی فڕۆکەوان بە تۆڕی میدیایی رووداویان راگەیاند، تاوەکو ئێستا بەشێوەیەکی فەرمی هیچ ئاماژە و بڕیارێکیان لەبارەی راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکان پێنەگەیشتووە.
تورکیا و جۆرجیاش گەشتەکانی ئێرانیان راگرت
هەر لە هەمان رۆژدا، دەسەڵاتدارانی جۆرجیا بەکارهێنانی ئاسمان و فڕۆکەخانەکانیان لە هێڵە ئاسمانییەکانی ئێران قەدەخە کرد.
هاوکات هێڵی ئاسمانیی (ماهان ئێر)ـی ئێرانی بە فەرمی رایگەیاند، لەسەر داوای حکومەتی ئەنقەرە، سەرجەم گەشتەکانی بۆ تورکیا بە شێوەیەکی کاتی راگرتووە.
ئەم هەڵوێستەی بەغدا دوای ئەوە هات، سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا رۆژی دووشەممە لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کەناڵی (سی ئێن بی سی) رایگەیاند، لە 23ـی ئەیلوولدا (رۆژی چوارشەممە) سەرجەم هێڵە ئاسمانییەکانی ئێران لە سەرتاسەری جیهاندا دادەخرێن و پەکدەخرێن.
بێسێنت گوتی، "ئەگەر فڕۆکەکانی ئێران لە هەر فڕۆکەخانەیەک بنیشنەوە، رێگەیان پێنادرێت سووتەمەنییان پێبدرێت، ناتوانن خزمەتگوزاریی نیشتنەوەیان بۆ دابین بکەن و ناتوانن هیچ تیکتێکیان پێ بفرۆشن، بە پێچەوانەوە هەر کەس و لایەنێک ئەو کارە بکات، لە سیستەمی دارایی دۆلاری ئەمریکی دەردەکرێت."
ئەم هەنگاوە نوێیە لە کاتێکدایە کە جەنگی نێوان ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێران دەچێتە حەوتەمین مانگییەوە. لە دوای دەستپێکردنی جەنگ لە کۆتاییەکانی شوباتدا، ئاسمانی ئێران بەڕووی فڕۆکە بیانییەکاندا بە تەواوی داخرا و تەنیا ژمارەیەکی کەم لە فڕۆکەکانی هێڵە ناوخۆییەکانی ئێران گەشتیان بۆ دەرەوە دەکرد، بەڵام جێبەجێکردنی سزاکانی ئێستای واشنتن ئەو دەروازەیەش بە تەواوی دادەخات.
تاران لە وەڵامی هێرشەکانی ئەمریکادا گەمارۆی بەسەر تەنگەی هورمزدا سەپاندووە کە رێڕەوی سەرەکیی وزەی جیهانە، ئەمەش بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی نەوت لە کاتێکدا شەڕەکە دۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی تێکداوە.



