رووداو دیجیتاڵ
میدیای فەرمیی کۆریای باکوور رۆژی سێشەممە بڵاویکردەوە،
کیم جۆنگ ئوون، سەرۆکی ئەو وڵاتە سەرپەرشتیی تاقیکردنەوەی چەکێک لە "جۆرێکی
نوێ" کردووە و جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئەم تاقیکردنەوەیە رەنگدانەوەی
پێشکەوتنی بەردەوامی تواناکانی سەربازیی وڵاتەکەیەتی.
ئەم راگەیاندنە دوو رۆژ دوای ئەوە هات کە
هەریەک لە کۆریای باشوور و ژاپۆن ئاشکرایان کرد، پیۆنگیانگ دوو مووشەکی بالیستیی کورتمەودای
بەرەو ئاوەکانی کەناراوەکانی رۆژهەڵاتی وڵاتەکەی هاویشتووە؛ هەنگاوێک کە لەلایەن
هەردوو وڵاتەوە وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە سەرکۆنە کرا.
ئاژانسی هەواڵی ناوەندیی کۆریای باکوور (KCNA) رایگەیاند، فەرمانگەی مووشەکیی کۆریای باکوور
رۆژی یەکشەممە بە ئامادەبوونی کیم جۆنگ ئوون "بە سەرکەوتوویی جۆرێکی نوێی
چەکی تاقیکردەوە."
پیۆنگیانگ وردەکاری و سروشتی چەکە نوێیەکەی
ئاشکرا نەکرد، بەڵام ئاژانسەکە لە زاری کیمەوە بڵاویکردەوە کە ستایشی
تاقیکردنەوەکەی کردووە و وەک "بەڵگەیەکی بەرچاو لەسەر تەکنەلۆجیای بەرگریی سەردەمیانە" ناوی بردووە.
ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەش کرد کە کیم هۆشداریی
داوە لەوەی ئەم توانایە دەبێتە هۆی تووشکردنی نەیارانی وڵاتەکەی بە
"سەرئێشەیەکی بێچارەسەر و لێدانێکی کوشندە و حەتمی."
سەرۆکی کۆریای باکوور ئەم تاقیکردنەوەیەی گەڕاندەوە
بۆ ئاستی ئامادەیی سەربازیی وڵاتەکەی و جەختی لەوە کردەوە کە هەبوونی ئەم جۆرە تەکنەلۆجیایە بۆ وڵاتەکەی گرنگییەکی زۆری هەیە بۆ "ئامادەیی وڵات
بۆ جەنگ و پەرەپێدانی داهاتووی هێزە چەکدارەکان."
سیئۆل ئەو هەڵدانانەی بە
پێشێلکردنی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان زانی و داوای لە
پیۆنگیانگ کرد دەست لە چالاکییە مووشەکییە بالیستییەکانی هەڵبگرێت، هاوکات ژاپۆن
ناڕەزایەتییەکی فەرمیی پێشکێش کرد و تاقیکردنەوەکانی بە هەڕەشە بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی
ناوچەکە ناوبرد.



