رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ رۆژی سێشەممە رایگەیاند، بەرپرسانی وڵاتەکەی و شاندی ئێران کۆبوونەوەیەکی "زۆر باش و بەرهەمدار"یان لە نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنجامداوە. ئەمەش تەنیا چەند کاژێرێک دوای ئەوە هات کە سەرۆکی ئەمریکا لەسەر سەکۆی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە هەڕەشەی سڕینەوە و لەنێوبردنی تەواوەتیی ئێرانی کرد لە ئەگەری رێکنەکەوتندا.
ترەمپ لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک بە رۆژنامەڤانانی گوت: "ئەوان (بەرپرسانی وڵاتەکەی و بەرپرسانی ئێران) کۆبوونەوەیەکی زۆر باشیان هەبوو، دیدارێکی زۆر بەرهەمدار بوو."
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد کە کۆبوونەوەی نێوان بەرپرسانی هەردوو وڵات نزیکەی سێ کاژێری خایاندووە و گوتیشی: "کۆبوونەوەیەکی دیکەش لە نێوانیاندا بەرنامەی بۆ داڕێژراوە و لە ئایندەیەکی نزیکدا دەکرێ."
سەرۆکی ئەمریکا باسی لەوەش کرد کە هەریەک لە جارید کۆشنەر و ستیڤ ویتکۆف وەک نوێنەری خۆی لە نێو کۆبوونەوەکەدا لەگەڵ بەرپرسانی ئێران ئامادە بوون.
ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد کە تاران خوازیاری دیالۆگە و گوتیشی: "ئێران دەیەوێ قسەمان لەگەڵ بکات، تەنانەت ئەمڕۆش پەیوەندییان پێوە کردووین. پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئێران لە قۆناخی بەرەوپێشچووندان، هەربۆیە بڕوام وایە لەگەڵ ئێران دەگەینە رێککەوتن و چارەسەر."
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بە لێکەوتە ئابوورییەکانی کۆتاییهاتنی جەنگ کرد و گوتی: "پێشبینی دەکەین دەستبەجێ دوای کۆتاییهاتنی شەڕ، نرخەکان بە شێوەیەکی بەرچاو لە جیهاندا دابەزن، لە سەرووی هەمووشیانەوە نرخی نەوت."
ترەمپ جەختی لە هێڵی سووری وڵاتەکەی لەبارەی دۆسیەی ئەتۆمیی تاران کردەوە و گوتی: "ئێمە لە هەڵوێستی نەگۆڕی خۆمان بۆ رەتکردنەوەی دەستگەیشتنی ئێران بە چەکی ئەتۆمی، بە تەواوی یەکگرتوو و یەکهەڵوێستین."
ئەم لێدوانە ترەمپ لە کاتێکدایە کە کەمێک پێشتر لە گوتارەکەیدا لە کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداریی دابووە تاران کە ئەگەر نەگاتە رێککەوتن بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ، ئەوا دەیخاتە "نێو دۆزەخەوە بەبێ ئەوەی هیچ چانسێکی مانەوەی بۆ بمێنێتەوە"، بەڵام راشیگەیاند کە پێشبینی دەکات راستەوخۆ دوای هەڵبژاردنی نیوەخولی کۆنگرێس لە تشرینی دووەم بگەنە رێککەوتن.



