رووداو دیجیتاڵ
فەرمانگەی کۆچی سوێد دەڵێ، لە سەرەتای ساڵی 2025ـەوە تاوەکو ناوەڕاستی ساڵی 2026، بە گشتی 269 سووریایی بە خواستی خۆیان یان بەهۆی وەرنەگرتنی مافی پەنابەرێتییەوە، گەڕاونەتەوە بۆ وڵاتەکەیان. ئەو فەرمانگەیە ئاماژەی بەوەش کردووە، هەموو ئەو کەسانەی گەڕاونەتەوە بۆ سووریا، هاوکاریی دارایی و لۆجستیان لە حکومەتی سوێد وەرگرتووە.
تینا فۆرسلۆند، گوتەبێژی فەرمانگەی کۆچی سوێد کە سەر بە وەزارەتی دادە، رۆژی چوارشەممە 23ی ئەیلوولی 2026، ئامارەکانی گەڕانەوەی کۆچبەرانی سووریایی بۆ کەهی مەحموود، هەواڵساز لە تۆڕی میدیایی رووداو ناردووە.
بەپێی ئامارەکان، لەنێوان ساڵی 2025 تاوەکو 30ی حوزەیرانی 2026، هاوکاری بۆ گەڕانەوەی ئارەزوومەندانە بۆ 124 هاووڵاتیی سووریایی پەسند کراوە.
گوتەبێژەکە گوتی، "ئەمە بۆ ئەو کەسانەن کە مافی مانەوەی سنووردار یان بێسنووریان لە سوێد هەیە، بەڵام بڕیاری گەڕانەوە دەدەن و بەمەش دەستبەرداری مافی نیشتەجێبوونیان دەبن لە سوێد."
گەڕانەوەی ئەو کۆچبەرانەی داواکەیان رەت کراوەتەوە
بە گوتەی تینا فۆرسلۆند، لە نیوەی یەکەمی ساڵی 2026دا، 39 سووریایی کە مافی پەنابەرێتییان وەرنەگرتبوو و فەرمانی دەرکردنیان بۆ دەرچووبوو، بە هاوکاری و بەپێی بەرنامەی پاڵپشتیی دووبارە گونجاندنەوە (reintegration support) گەڕاونەتەوە بۆ وڵاتی خۆیان. هەر بەپێی ئەو ئامارانە، لە ساڵی 2025دا، 32 سووریایی کە مافی پەنابەرێتییان وەرنەگرتبوو، لە چوارچێوەی ئەو بەرنامەیەدا سوێدیان جێهێشتبوو.
گوتەبێژەکە باسی لەوەش کرد، ئەو سووریاییانەی فەرمانی دەرکردنیان هەیە، دەتوانن لە چوارچێوەی بەرنامەی (پاڵپشتیی دووبارە نیشتەجێکردنەوە) هاوکاریی دارایی وەربگرن و بگەڕێنەوە بۆ وڵاتەکەیان، لەبری ئەوەی خۆیان لە بەرامبەر فەرمانی دەرکردن لەلایەن پۆلیسەوە بشارنەوە.
لە بەرنامەی پاڵپشتیی دووبارە نیشتەجێکردنەوەدا، 32 پەناخوازی رەتکراوە لە ساڵی 2025 و 42 کەسیش لە ساڵی 2026دا، بە هاوکاریی دارایی حکومەتی سوێد گەڕاونەتەوە بۆ سووریا و چیدیکە لەو وڵاتە نەماونەتەوە.



