رووداو دیجیتاڵ
چەکدارانی بەرەی رزگاریخوازی گەلی تیگرای لە باکووری ئەسیۆپیا، رۆژی چوارشەممە دەستیان بەسەر فڕۆکەخانەی سەرەکیی شاری مەکێلی، پایتەختی هەرێمەکەدا گرت، هاوکات لە هەرێمی (عەفار)ـی دراوسێشیان شەڕ و پێکدادانی تووند لە نێوان هێزەکانی حکومەتی فیدراڵی و چەکدارانی تیگرای هەڵگیرسا؛ ئەمەش ترسی سەرهەڵدانەوەی شەڕێکی نوێی خوێناوی لەو وڵاتەدا دروستکردووە.
سەرچاوە ئەمنییەکان لە شاری مەکێلی پشتڕاستیان کردەوە کە چەکدارانی بەرەی تیگرای چوونەتە نێو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی (ئەلولا ئەبا نەگا) و کۆنترۆڵیان کردووە.
بەهۆی ئەو پێشهاتانەوە، هێڵی ئاسمانیی فەرمیی ئەسیۆپیا لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد کە بەهۆی بارودۆخی ئەمنیی ناوچەکەوە، سەرجەم گەشتەکانی بۆ شارەکانی مەکێلی، ئاکسووم و شایەر لە هەرێمی تیگرای بە شێوەیەکی کاتی رادەگرێت.
هەڵگیرسانی شەڕ لە هەرێمی عەفار
هاوکات لەگەڵ کۆنترۆڵکردنی فڕۆکەخانەکە، دوو سەرچاوەی فریاگوزاری لە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان راگەیاند کە شەڕ لە نێوان سوپای فیدراڵیی ئەسیۆپیا و چەکدارانی تیگرای لە هەردوو ناوچەی ئەبەلا و ئێربتی لە هەرێمی عەفار دەستیپێکردووە.
سەرچاوەیەکی مرۆیی لە هەرێمی عەفار گوتی، "پێشبینی دەکەین پێکدادانەکان لە کاژێرەکانی داهاتوودا فراوانتر بن؛ ئێستاش بارهەڵگری خۆراکمان بۆ فریاکەوتنی ئەو خێزانانە رەوانە کردووە کە بەهۆی شەڕەکەوە ئاوارە بوون."
ترسی دووبارەبوونەوەی کارەساتی 2020
ئەم ئاڵۆزییە نوێیانە ترسی گەورەی لە ئەسیۆپیا دروستکردووە لە ئەگەری دووبارەبوونەوەی جەنگی وێرانکەری نێوان ساڵانی 2020 بۆ 2022، کە تێیدا بەپێی ئامارەکانی یەکێتیی ئەفریقا نزیکەی 600 هەزار کەس لە هەرێمی تیگرای گیانیان لەدەستدا.
سەرەڕای ئەوەی جەنگەکە لە کۆتاییەکانی ساڵی 2022 بە رێککەوتننامەی ئاشتیی پریتۆریا کۆتایی پێهات، بەڵام لە کۆتاییەکانی ساڵی 2025ـەوە ئاگربەستەکە درزی تێکەوت و پێکدادانی پچڕپچڕ و بۆردوومانی درۆنەکانی سوپای ئەسیۆپیا لە ناوچەکە دەستیپێکردەوە. نزیکەی یەک ملیۆن کەس لە دانیشتووانی هەرێمەکە هێشتا ئاوارەن و نەگەڕاونەتەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.
هاوپەیمانێتییە نوێیەکان لە دژی ئەدیس ئەبابا
رۆژی یەکشەممەی رابردوو، بەرەی تیگرای چوونە نێو هاوپەیمانێتییەکی نوێی لەگەڵ ژمارەیەک گرووپی چەکداریی ئۆپۆزسیۆن لە سەرانسەری ئەسیۆپیادا راگەیاند، ئەمەش لە کاتێکدایە کە حکومەتەکەی ئەبی ئەحمەد، سەرۆکوەزیرانی ئەسیۆپیا لە هەردوو هەرێمی ئۆرۆمیا و ئەمهەراش رووبەڕووی یاخیبوونی چەکداریی بووەتەوە.
دەسەڵاتدارانی ئەسیۆپیا بەرەی تیگرای تۆمەتبار دەکەن بەوەی هاوپەیمانێتییان لەگەڵ ئەریتریا بەستووە بە مەبەستی گێڕانەوەی ناسەقامگیری بۆ وڵاتەکە، لە بەرامبەردا رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ چەکدارانی تیگرای تۆمەتبار دەکەن بەوەی هەڵمەتێکی فراوانی سەربازگیریی زۆرەملێیان لەناو گەنجاندا دەستپێکردووە بۆ خۆئامادەکردن بۆ جەنگێکی نوێ.



