رووداوی دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە هەنگاوێکی دەگمەندا لە فڕۆکەخانەی سەربازیی ئەندرۆس پێشوازیی لە شی جینپینگ، سەرۆکی چین کرد؛ دەستپێکی ئەم لووتکەیە بە درێژکردنەوەی رێککەوتنی بازرگانیی نێوان هەردوو زلهێزەکە بۆ ماوەی دوو مانگ دەستیپێکرد، هاوکات دۆسیەکانی جەنگی ئێران و مەترسییەکانی ژیریی دەستکرد لە کارنامەی دیداری هەردوو سەرۆکەکەدان.
لە دوای جۆن کەنەدی لە ساڵی 1962ـەوە، ترەمپ یەکەم سەرۆکی ئەمریکایە لەم بنکە ئاسمانییەدا پێشوازی لە سەرکردەیەکی بیانی دەکات. لە مەراسیمەکەدا ترەمپ و هاوژینەکەی مێلانیا ترەمپ، بە فەرشی سوور و بە لێدانی سروودی نیشتمانی لەگەڵ شی جینپینگ و هاوژینەکەی تەوقەیان کرد، هاوکات دوو بۆمبهاوێژی ستراتیژیی جۆری B-1 بە ئاسمانی فڕۆکەخانەکەدا بە نزمی فڕین.
ترەمپ لە کۆشکی سپی بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند: "دیدارێکی نایاب و پێشوازییەکی زۆر باش بوو؛ بڕوام وایە سەرۆکی چینیش پێزانینی بۆی هەبوو."
وەک یەکەمین هەنگاوی ئەرێنیی لووتکەکە، سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاند کە هێوربوونەوەی بازرگانیی نێوان هەردوو وڵات لە وادەی پێشووی (10ـی تشرینی یەکەم) بۆ 10ـی کانوونی دووەمی 2027 درێژکراوەتەوە تاوەکو رێگە لە پەرەسەندنی شەڕی باج و گومرگ بگیرێت. بەڵام پێشبینی ناکرێت رێککەوتنی گەورەی ئابووری واژۆ بکرێت، بەو پێیەی هیچ شاندێکی گەورەی کۆمپانیا چینییەکان یاوەریی شی ناکەن.
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، پرسی جەنگی ئێران و تەنگەی هورمز یەکێک دەبێت لە تەوەرە سەرەکییەکان، بەتایبەت دوای ئەو دەنگۆیانەی باس لە هاوکاریی هەواڵگریی پەکین بۆ تاران دەکەن. ترەمپ گوتی: "لەبارەی ئێران و چەندین بابەتی گرنگی دیکەوە گفتوگۆ دەکەین و هەموو شتێک بە باشی بەڕێوەدەچێت."
لەلایەکی دیکەوە، پێشبڕکێی باڵادەستی و دانانی چاودێری بۆ تەکنەلۆژیای ژیریی دەستکرد لە مێزی گفتوگۆکاندا دەبێت، تاوەکو میکانیزمێکی هاوبەش بۆ رێگریکردن لە کارەساتی نەخوازراوی ئەم تەکنەلۆژیایە دابنرێت.
پێشوازییە شاهانەکەی ترەمپ لە سەرۆکی چین لە ناوخۆی ئەمریکادا رەخنەی لێکەوتووەتەوە؛ رۆجەر ویکەر، سیناتۆری دیاری کۆمارییەکان و سەرۆکی لیژنەی خزمەتگوزارییە چەکدارییەکانی ئەنجوومەنی پیران گوتی: "دەبوو سەرۆکی ئەمریکا ئەوەی لەبەرچاو بێت کە میوانەکەی دیکتاتۆرێکی بێبەزەیی و هەڵنەبژێردراوە."
چاودێران پێیانوایە ترەمپ لەم کاتەدا لە رێگەی ئەم لووتکە دیپلۆماسییەوە دەیەوێت سەرنجی رای گشتی لەسەر تەنگژە ناوخۆییەکانی وڵاتەکەی و گرانبوونی نرخی سووتەمەنی دووربخاتەوە، کە بەهۆی جەنگی ئێرانەوە ئاستی جەماوەرییەکەی بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزاندووە.



