رووداو دیجیتاڵ
پارێزەری کەناڵەکانی (سی ئێن ئێن، ئێم ئێس ئێن بی سی و پێگەی پۆلیتیکۆ) داوای لە دادوەرێکی فیدراڵیی ئەمریکا کرد بە پەلە بڕیارەکەی دۆناڵد ترەمپ بۆ قەدەخەکردنی چوونەژوورەوەی پەیامنێرانیان بۆ کۆشکی سپی هەڵبوەشێنێتەوە؛ دادوەری کەیسەکەش گومانی خۆی بەرامبەر بڕیارەکەی ترەمپ دەربڕی.
تیمۆسی کێلی، دادوەری دادگەی فیدراڵیی واشنتن دی سی، دوای دانیشتنێکی یەک کاژێری لەگەڵ پارێزەرانی ئەو دەزگا میدیاییانە و نوێنەرانی وەزارەتی دادی ئەمریکا، بڕیاری دەستبەجێی دەرنەکرد، بەڵام رایگەیاند کە "لە زووترین کاتدا" بڕیاری کۆتایی لەسەر دۆسیەکە دەدات.
ئەم کێشەیە دوای ئەوە هات کە رۆژی هەینی ترەمپ چوونەژوورەوەی ئەو سێ دەزگا میدیاییەی بۆ نێو کۆشکی سپی قەدەخە کرد، وەک سزایەک لەسەر ئەوەی بە "هەواڵی ساختە، درۆ و خەیاڵ" ناوی بردن. میدیاکانیش داوایەکی یاساییان تۆمارکردووە و دەڵێن بڕیارەکە پێشێلکردنی ماددەی یەکەمی دەستووری ئەمریکایە کە گەرەنتیی ئازادیی رۆژنامەگەری دەکات.
لە بەرامبەردا، وەزارەتی دادی ئەمریکا بەرگری لە بڕیارەکەی ترەمپ کرد و رایگەیاند، سەرۆک مافی خۆیەتی دەستڕاگەیشتن بە ناوچە هەستیارەکانی وەک "نووسینگەی هێلکەیی" سنووردار بکات و گوتی: "چوونەژوورەوە بۆ کۆشکی سپی دەستکەوت و رێزلێنانە، نەک مافێکی دەستووری."
نووسینگەی رۆژنامەوانیی کۆشکی سپی لە نامەیەکدا سی ئێن ئێنی تۆمەتبار کردووە بەوەی "زانیاریی هەستیاری لەبارەی جەنگی ئێران و دروستکردنی پەناگەیەکی سەربازیی نهێنی لە ژێر باڵی رۆژهەڵاتی کۆشکی سپیدا دزەپێکردووە کە زیانی بە ئاسایشی نەتەوەیی گەیاندووە." بەڵام تیۆدۆر بۆترۆس، پارێزەری میدیاکان، لە دادگە گوتی: "ترەمپ سەرەتا لە سۆشیاڵ میدیا تەنیا باسی هەواڵی درۆی دەکرد، بەڵام ئێستا لە دادگە بە پاساوی ئاسایشی نەتەوەیی دەیەوێت سزای دەنگی ئازاد بدات."
لە هەڵوێستێکی دەگمەندا، چوار گەورە تۆڕی تەلەڤزیۆنیی دیکەی ئەمریکا (ئێن بی سی، فۆکس نیوز، سی بی ئێس و ئەی بی سی) لە چوارچێوەی پشتیوانیکردن لە هاوپیشەکانیان، رووماڵی هاوبەشی کۆشکی سپییان راگرت، هاوکات یەکێتیی پەیامنێرانی کۆشکی سپی و نزیکەی 50 دامەزراوەی میدیایی داوای هەڵوەشاندنەوەی دەستبەجێی سزاکەیان کردووە.
ئەم ململانێیە لە کاتێکدایە کە کۆشکی سپی کەناڵێکی تایبەتی ستریمینگی بە ناوی "تەلەڤزیۆنی ترەمپ" راگەیاندووە بۆ پەخشکردنی بەردەوامی وتارەکانی سەرۆک؛ هاوکات بەهۆی ئاڵۆزییەکانی جەنگی ئێرانەوە، ئاستی جەماوەریی ترەمپ بەرەو دابەزین چووە و پارتی کۆماری ترسی لەدەستدانی زۆرینەی لە هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولی کۆنگرێسدا لەسەرە.



