رووداو دیجیتاڵ
باقر جەبر زوبەیدی، وەزیری پێشووتری ناوخۆی عێراق و سەرکردەی سیاسیی شیعە، لە وتارێکدا هۆشداری لە سەرهەڵدانەوەی رێکخراوی قاعیدە لە کیشوەری ئەفریقا دەدات و رایدەگەیێنێت، رێکخراوەکە لە کەناراوەکانی ئەفریقا لە بووژانەوەدایە و تەنیا پار دوو هەزار و 845 هێرشی کردووە.
زوبەیدی لە وتارێکدا بە ناونیشانی "قاعیدە زیندوو دەبێتەوە" ئاماژەی بەوە کردووە، دوای کوژرانی ئەیمەن زەواهیری لە ساڵی 2022دا، وڵاتانی رۆژئاوا پێیانوابوو قاعیدە بەتەواوی لەناوچووە، بەڵام رێکخراوەکە بە پلانێکی هێواش دەستی بە خۆبنیاتنانەوە کردووە و ئێستا گەڕاوەتەوە بۆ کەناراوەکانی ئەفریقا (ناوچەی ساحل).
وەزیری پێشووتری ناوخۆی عێراق پشتبەستن بە داتاکانی رێکخراوی (ACLED) بۆ چاودێریکردنی ململانێکان، ئاشکرای کرد کە رووداوە تیرۆریستییەکانی قاعیدە و لقەکانی لە وڵاتانی (مالی، بۆرکینا فاسۆ و نەیجیر)، لە 63 رووداو لە ساڵی 2016ـەوە بۆ دوو هەزار و 845 رووداو لە ساڵی 2025 بەرزبووەتەوە.
باقر زوبەیدی، کە هاوکات ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی ئینجازە، روونیکردەوە کە قاعیدە سوودی لە ئاڵۆزییە سیاسییەکان و جوگرافیای سەختی ئەفریقا وەرگرتووە؛ بەجۆرێک لقی سەرەکیی ئەو رێکخراوە بە ناوی "جەماعەتی نوسرەی ئیسلام و موسڵمانان" لە مالی، بۆرکینا فاسۆ و نەیجیر بە بەکارهێنانی بۆسە، ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراو و درۆن سەتان هێرشی کردووەتە سەر سوپای ئەو وڵاتانە.
بە بڕوای زوبەیدی، هۆکاری سەرەکیی فراوانبوونی قاعیدە لەم قۆناخەدا ئەوەیە کە ئامانجی هێرشەکانی لە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانییەوە گۆڕیوە بۆ شەڕکردن لە دژی سوپا و حکومەتە خۆجێییەکانی ئەفریقا؛ بەڵام هۆشداریش دەدات کە لە قۆناخی داهاتوودا بەهێزبوونی ئەم گرووپە دەبێتە هەڕەشەیەکی راستەوخۆ بۆ سەر ئاسایشی نێودەوڵەتی و ئەگەری هەیە جارێکی دیکە هێرشەکانیان لە دژی وڵاتانی رۆژئاوا دەستپێبکەنەوە.



