رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی رووسیا رایگەیاند، تاوتوێی بانگهێشتنامەیەکی کۆشکی سپی دەکات بۆ بەشداریکردنی ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا لە لووتکەی گرووپی 20 کە بڕیارە لە مانگی کانوونی یەکەمی ئەمساڵدا لە ئەمریکا بەڕێوەبچێت.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بانگهێشتنامەی فەرمیی ئاراستەی سەرۆکی رووسیا کردووە بۆ بەشداریکردن لە لووتکەی سەرکردەکانی جیهان لە شاری مەیامی؛ ئەم هەنگاوە رۆژى چوارشەممە 23ى ئەیلوول لەلایەن مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دوای کۆبوونەوەکەی لەگەڵ سێرگی لاڤرۆڤ هاوتای رووسی لە نیویۆرک راگەیێندرا.
دیمیتری پیسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی کرێملین رۆژی پێنجشەممە لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤاناندا رایگەیاند: "تاوەکو ئێستا هیچ بڕیارێک نەدراوە لەبارەی ئەوەی ئایا سەرۆک پووتین گەشت بۆ مەیامی دەکات بۆ بەشداریکردن لە لووتکەکە یان نا." پیسکۆڤ گوتیشی: "بە دڵنیاییەوە ئێمە بە پێزانینەوە پێشوازی لەم بانگهێشتە دەکەین و بە بایەخەوە تەماشای دەکەین. داواکارییەکە تاوتوێ دەکرێت و دواتر بڕیاری لەسەر دەدرێت."
ئەم دەستپێشخەرییەی واشنتن لە کاتێکدایە، ئیدارەی ترەمپ هەوڵەکانی بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێک بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە جەنگی چوار ساڵ و نیوی ئۆکراینا چڕکردووەتەوە، لە کاتێکدا ترەمپ بەردەوام دووپاتی دەکاتەوە لەگەڵ هەردوو لایەنی ململانێکە لە گفتوگۆدایە. سەرەڕای ئەوەی سەرۆکانی ئەمریکا و رووسیا لە چەندین بۆنەدا بە تەلەفۆن قسە بکەن، بەڵام دوایین دیداری رووبەڕووی نێوانیان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2025.
بڕیارە لووتکەی گرووپی 20 لە رۆژانی 14 و 15ی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ لە مەیامی بەڕێوەبچێت، بەوپێیەی ئەمساڵ ئەمریکا سەرۆکایەتیی خولیی گرووپەکە دەکات کە لە 20 گەورەترین ئابوورییە پێشکەوتوو و تازەپێگەیشتووەکانی جیهان پێکدێت.



