رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی چین لەکۆشکی سپی رایگەیاند، پەکین و واشنتن بەرپرسیارێتییەکی گەورەی نێودەوڵەتییان لەسەر شانە، جەختیشی لەوە کردەوە کە ئەو و دۆناڵد ترەمپ دەتوانن لاپەڕەیەکی نوێ و بەهێزتر لەپەیوەندییەکانی هەردوو وڵات هەڵبدەنەوە.
شی جینپینگ، لەگوتارێکدا لە کۆشکی سپی رایگەیاند: "چین و ئەمریکا دوو وڵاتی مەزنن و بەرپرسیارێتییان گەورەیە." هەروەها تیشکی خستە سەر پێویستیی هێورکردنەوەی ناکۆکییەکان و گوتی: "دەبێت چین و ئەمریکا پەیوەندییەکانیان پتەوتر بکەن."
سەبارەت بەرۆڵی خۆی و سەرۆکی ئەمریکا لەداهاتووی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان دا، شی جینپینگ گوتی: "دەکرێت من و سەرۆک ترەمپ پەیوەندیی نێوان چین و ئەمریکا بەهێزتر بکەین." هاوکات جەختی لەدروستکردنی کەشێکی ئەرێنی لەنێوان هەردوو زلهێزەکە دا کردەوە و رایگەیاند: "دەبێت چین و ئەمریکا بەنیازێکی پاکەوە مامەڵە لەگەڵ یەکدی دا بکەن."
سەرۆکی چین هۆشداریشی دا لەلێکەوتە نەرێنییەکانی پێکدادان و گرژییەکان و گوتی: "دەبێت رێگە لەوە بگرین چین و ئەمریکا دژایەتیی یەکدی بکەن و زیان بەیەکدی بگەیێنن." لەهەمان کات دا پێناسەی تێڕوانینی وڵاتەکەی بۆ پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکان کرد و ئاماژەی بەوە دا: "ئێمە تەنیا کێبڕکێی رەوا لەگەڵ ئەمریکا دەکەین."
لەبەشێکی دیکەی گوتەکانی دا لەبارەی هاوسەنگیی هێز لەجیهان دا، سەرۆکی چین باسی لەوە کرد: "بەرپرسیارێتیی سەرکێشیی جیهان لەئەستۆی چین و ئەمریکایە."
هەروەها شی جینپینگ دەرگای هاوکاریی تەکنەلۆژیای لەگەڵ واشنتن واڵا کرد و گوتی: "ئامادەی هاوئاهەنگیین لەبواری ژیریی دەستکرد لەگەڵ ئەمریکا."


