رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی دادوەرێکی فیدراڵیی ئەمریکا فەرمانی بە ئیدارەی ترەمپ کرد کە دەبێت کۆتوبەندەکان هەڵبگرێت، پەیامنێرانی سێ دەزگای گەورەی میدیایی کە دۆناڵد ترەمپ چوونەژوورەوەی لێ قەدەخە کردبوون، دوانیوەڕۆی رۆژی پێنجشەممە گەڕانەوە سەر کارەکانیان لە نێو کۆشکی سپی.
کێشەکە چی بوو؟
رۆژی هەینیی رابردوو، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، باجی چوونەژوورەوەی لە پەیامنێرانی هەریەک لە کەناڵی CNN، ماڵپەڕی Politico و تۆڕی MS NOW وەرگرتەوە و قەدەخەی کرد پێ بنێنە نێو کۆشکی سپی. ترەمپ ئەو دەزگایانەی بە بڵاوکردنەوەی "هەواڵی ساختە" و دروستکردنی مەترسی بۆ سەر "ئاسایشی نیشتمانی" تۆمەتبار کردبوو، لەبەر ئەوەی بە دڵی ئەو رووماڵی هەواڵەکانیان نەدەکرد.
لە بەرامبەردا، ئەو سێ دەزگا میدیاییە بەیەکەوە لە دادگە سکاڵای یاساییان تۆمارکرد و رایانگەیاند، ئەم کارەی ترەمپ پێشێلکردنی ئاشکرای دەستووری ئەمریکایە لە بواری ئازادیی رۆژنامەگەریدا.
دادوەر چ بڕیارێکی دا؟
تیمۆسی کێڵی، دادوەری دادگەی فیدراڵیی ئەمریکا (کە لە ساڵی 2017 لەلایەن ترەمپەوە خۆیەوە دەستنیشان کرابوو)، بڕیارێکی بەپەلەی دەرکرد و فەرمانی بە کۆشکی سپی کرد:
- "دەستبەجێ مۆڵەت و باجەکانیان بۆ بگەڕێنێتەوە" و رێگەیان پێبدات بچنە نێو کۆشکی سپی.
- دادوەرەکە ئەو پاساوەی ئیدارەی ترەمپی رەتکردەوە کە گوایە ئەم میدیایانە زیانیان بە ئاسایشی نیشتمانی گەیاندووە؛ چونکە ترەمپ سەرەتا تەنیا باسی لەوە کردبوو کە هەواڵی نەرێنی لەسەر ئەو بڵاودەکەنەوە، نەک ئەوەی کێشەی ئەمنی هەبێت.
تیۆدۆر بۆترۆس، پارێزەری ئەو دەزگا میدیاییانە گوتی: "ئەمە بڕیارێکی بەهێزە بۆ سەلماندنی ئازادیی رۆژنامەڤانی و سەروەریی یاسا لە وڵاتدا."
کەناڵەکانی دیکە چییان کرد؟
وەک هاوسۆزییەک لەگەڵ هاوپیشەکانیان، تۆڕی پەیامنێرانی کەناڵە گەورەکانی ئەمریکا لەوانەش Fox News و CBS و NBC بەشدارییان لە رووماڵکردنی چالاکییەکانی ترەمپدا نەکرد و رەتیانکردەوە کامێراکانیان وێنەی سەرۆک بگرن، تا ئەو کاتەی رێگە بە پەیامنێرانی CNN درایەوە بگەڕێنەوە.
دۆخەکە ئێستا چۆنە؟
پەیامنێرانی هەر سێ دەزگاکە دوانیوەڕۆی پێنجشەممە باجەکانیان وەرگرتەوە و گەڕانەوە نێو کۆشکی سپی؛ ئەمەش لە کاتێکدایە کە کۆشکی سپی رۆژانی پڕ لە هەواڵی گەرم بەڕێدەکات بەهۆی سەردانەکەی شی جینپینگ، سەرۆکی چین بۆ لای ترەمپ و کۆبوونەوەی سەرکردەکانی جیهان لە ئەمریکا.

