رووداو دیجیتاڵ
لە کچێکی پەنابەری تورکەوە بۆ بەربژێری سەرۆکایەتیی پایتەختی ئەڵمانیا. ئەلیف ئەرئالپ، سیاسەتڤانی چەپڕۆ، نزیکە لە تۆمارکردنی دەستکەوتێکی مێژوویی کە دەیکاتە یەکەم سەرۆکی شارەوانیی بەرلین کە بنەچەی کۆچبەری هەبێت، ئەمەش دوای ئەوەی سەرکردایەتیی پارتەکەی کرد بۆ بردنەوەیەکی بەرچاو لە هەڵبژاردنە خۆجێییەکاندا.
پارتی چەپی ئەڵمانیا (دی لینکە) باشترین ئەنجامی لە مێژووی خۆیدا لە ویلایەتی بەرلین بەدەستهێنا، دوای ئەوەی 25.7%ی دەنگەکانی لە هەڵبژاردنی ویلایەتەکەدا بەدەستهێنا، کە رۆژی یەکشەممە، 20ی ئەیلوولی 2026 بەڕێوەچوو. ئەم ئەنجامە، ئەرئالپ-ی تەمەن 45 ساڵ، لە پێگەیەکی بەهێزدا دادەنێت بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی شارەوانیی شارەکە.
ئەرئالپ لە ساڵی 1981 لە میونشن لەدایکبووە و کچی خێزانێکی تورکە کە دوای کودەتا سەربازییەکەی ساڵی 1980 پەنایان بۆ ئەڵمانیا بردووە. لە ژینگەیەکی سیاسیی چەپڕۆدا گەورە بووە، باوک و دایکی چالاکڤانی بزووتنەوەی سۆسیالیستی بوون.
دوای خوێندنی یاسا، وەک بەرگریکار لە مافی کۆچبەران کاری کردووە، پێش ئەوەی لە ساڵی 2010 وەک راوێژکاری یاسایی فراکسیۆنی پارتی چەپ لە پەرلەمانی ئەڵمانیا (بوندستاگ) دەست بە کاری سیاسی بکات.
نیشتەجێبوون تەوەری سەرەکیی هەڵمەتەکەی بوو
ئەرئالپ، قەیرانی نیشتەجێبوونی کردە تەوەری سەرەکیی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکەی لە شارێکدا کە بەردەوام نرخی کرێ و خانووبەرە تێیدا بەرز دەبێتەوە. هەڵوێستێکی تووندی بەرامبەر کۆمپانیا گەورەکانی خانووبەرە گرتەبەر و پاڵپشتیی لە جێبەجێکردنی ئەنجامی راپرسییەکی ساڵی 2021 کرد کە داوای دەستبەسەرداگرتنی شوقەکانی ئەو کۆمپانیایانە دەکات کە خاوەنی هەزاران یەکەی نیشتەجێبوونن.
لە کاتی هەڵمەتەکەیدا، ئیلهامی لە ئەزموونی زەهران مەمدانی، سیاسەتڤانی چەپڕۆ، لە نیویۆرک وەرگرت. گوتی: "ئەگەر سیاسەتڤانێکی چەپ بتوانێت لە نیویۆرک بباتەوە، دەکرێت لە بەرلینیش رووبدات."
پەیامێک بۆ راستڕۆ تووندڕۆکان
ئەرئالپ، بەشێکی هەڵمەتەکەی بۆ رووبەڕووبوونەوەی پارتی "ئەڵتەرناتیڤ بۆ ئەڵمانیا"ی راستڕۆی تووندڕۆ تەرخان کرد. رایگەیاند، هەڵبژاردنی کەسێک بە بنەچەی کۆچبەر بۆ سەرۆکایەتیی پایتەخت، پەیامێکی سیاسیی گرنگ هەڵدەگرێت.
وا دیارە ئەم پەیامە دەنگی دابێتەوە، بەتایبەتی لەنێو گەنجان، ژنان و ئەو کەسانەی بنەچەی کۆچبەرییان هەیە. راپرسییەکان دەریدەخەن نزیکەی نیوەی ئەو دەنگدەرانەی تەمەنیان لە خوار 30 ساڵەوەیە، دەنگیان بە پارتی چەپ داوە.
ئەرئالپ دوای راگەیاندنی ئەنجامەکان گوتی: "زۆر کەس بۆ یەکەمجار دەنگیان دا، لەنێویاندا کەسانی بە بنەچە کۆچبەر و تورک هەبوون، کە بۆ یەکەمجار هەستیان کرد نوێنەریان هەیە."
ئاڵنگاری و تووڕەیی لایەنی راستڕۆ
بردنەوەی پارتی چەپ، تووڕەیی لەنێو بازنە راستڕۆ و پارێزگارەکاندا دروستکرد. هەندێک لە میدیا، پارتەکەیان بە "پارتی غەززە" ناساند، بەهۆی هەڵوێستە رەخنەگرانەکانیان بەرامبەر سیاسەتی ئەڵمانیا لەبارەی ئیسرائیل و شەڕی غەززەوە.
ئەرئالپ لە گفتوگۆکانی بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانیی حکومەت لەگەڵ پارتی سۆسیال دیموکرات و پارتی سەوز، رووبەڕووی ئاڵنگاری دەبێتەوە، بەتایبەتی لەبارەی سیاسەتی دەرەوە و هەڵوێستی پارتەکەی لەسەر پرسەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست.
ئەگەر ئەرئالپ سەرکەوتوو بێت لە پێکهێنانی حکومەتێکی هاوپەیمان، رەنگە بەرلین بچێتە لیستی ئەو پایتەختە گەورانەی کە لەلایەن سیاسەتڤانانی بە بنەچە کۆچبەرەوە سەرکردایەتی دەکرێن، وەک سادق خان لە لەندەن و زەهران مەمدانی لە نیویۆرک.



