رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی ئەفغانستان رایگەیاند، بەهۆی هێرشی فڕۆکە جەنگییەکان و درۆنەکانی سوپای پاکستان بۆ سەر 10 ناوچە لە نێو خاکی ئەفغانستان، چوار هاووڵاتیی سڤیل کوژراون؛ هاوکات کابوول هۆشداریی دایە ئیسلام ئاباد لەوەی کە ئەم کارەی "لێکەوتەی زۆر مەترسیداری" دەبێت.
ئەفغانستان چی دەڵێت؟
زەبیحوڵڵا موجاهید، گوتەبێژی حکومەتی تاڵیبان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی: "سوپای پاکستان دەستدرێژییەکی نوێی کردووە و بۆردوومانی ئاسمانیی لە شاری قەندەهار لە باشوور و لە هەردوو ویلایەتی پەکتیا و خوۆست کردووە، بەهۆیەوە چوار هاووڵاتیی سڤیل کوژراون."
موجاهید هۆشداریی دا کە ئەو هێرشانە باجێکی قورسیان بۆ سەر سوپای پاکستان دەبێت. شایەتحاڵەکانیش لە قەندەهار باسیان لەوە کرد دوای بیستنی دەنگی فڕۆکە، تەقینەوەیەکی گەورە روویداوە و لە نێوەڕاستی شارەکەدا ئاگر کەوتووەتەوە.
هاوکات وەزارەتی دەرەوەی تاڵیبان نوێنەری باڵیۆزخانەی پاکستانی لە کابوول بانگهێشت کرد تاوەکو ناڕەزایەتیی تووندی پێبگەیەنێت.
پاکستان چی دەڵێت؟
عەتائوڵڵا تارار، وەزیری راگەیاندنی پاکستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە: "پاکستان بە فڕۆکەی جەنگی و درۆن هێرشی وردی کردووەتە سەر 10 پێگە لە ئەفغانستان." بەرپرسەکە ئاماژەی بەوەش کرد هێرشەکان زۆر بە وردی پلان بۆ داڕێژراو بوون و تەنیا لەو ئامانجە سەربازییانەیان داوە کە مەترسی بوون بۆ سەر ئاسایشی پاکستان.
بۆچی پاکستان ئەم هێرشانەی کرد؟
ئەم بۆردوومانانەی پاکستان دوای ئەوە هاتن کە رۆژی هەینی لە هێرشێکی چەکداریدا بۆ سەر بنکەیەکی سەرەکیی پۆلیس لە باکووری پاکستان، لانیکەم 31 کەس کوژران. ئەو هێرشە لەلایەن گرووپێکی چەکداری نزیک لە "تاڵیبانی پاکستان" کرا.
وەزیری راگەیاندنی پاکستان گوتی وڵاتەکەی ساڵانێکە هۆشداری دەداتە تاڵیبان کە رێگە نەدات خاکی ئەفغانستان ببێتە پەناگەی ئارام بۆ ئەو تیرۆریستانەی هێرش دەکەنە سەر پاکستان، بەڵام دەسەڵاتدارانی ئەفغانستان لە بری رێگریکردن، رێگەیان داوە لە رێگەی هێرشی درۆنەوە هێرش بکرێتە سەر خاکی پاکستان.
کێشەی سەرەکی چییە؟
لە دوای سەرهەڵدانی شەڕی نێوان هەردوو وڵات لە مانگی شوباتی ئەمساڵەوە کە بووە هۆی کوژرانی سەدان هاووڵاتیی سڤیل لە ئەفغانستان، ئاڵۆزییەکان لەسەر سنوور بەردەوامن. کێشەی سەرەکی ئەوەیە کە پاکستان دەڵێت گرووپە چەکدارەکان لە نێو خاکی ئەفغانستانەوە هێرش دەکەنە سەر هێزەکانی، بەڵام حکومەتی تاڵیبان بەردەوام ئەم تۆمەتانە رەت دەکاتەوە. هەرچەندە چەندین وڵات هەوڵی نێوەندگیرییان داوە، بەڵام تاوەکو ئێستا نەتوانراوە ئاشتییەکی بەردەوام لەنێوان هەردوو دراوسێکەدا بەدیبهێنرێت.


