رووداو دیجیتاڵ
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رۆژی پێنجشەممە لە گوتارێکدا لە کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک، هێرشی تووندی کردە سەر نەیار و هاوپەیمانەکانی؛ ئەمەش بووە هۆی دروستبوونی ناڕەزایەتی لەنێو هۆڵەکەدا و بەجێهێشتنی کۆبوونەوەکە لەلایەن دەیان شاندی دیپلۆماسیی وڵاتانی جیهانەوە.
لە کاتێکدا نەتەنیاهوو لە ناوخۆی وڵاتەکەیدا رووبەڕووی کێبڕکێیەکی سەختی هەڵبژاردنەکانی 27ـی تشرینی یەکەم دەبێتەوە، سەکۆی نەتەوە یەکگرتووەکانی بەکارهێنا بۆ هێرشکردنە سەر سەرکردەکانی ئێران، سەرۆکی شارەوانیی نیویۆرک، بەریتانیا، فەرەنسا و تورکیا.
چۆڵکردنی هۆڵەکە و وەڵامی نەتەنیاهوو
لەگەڵ دەستپێکردنی گوتارەکەی نەتەنیاهوو، دەیان دیپلۆماتکاری وڵاتانی جیهان وەک ناڕەزایەتی هۆڵی کۆمەڵەی گشتییان بەجێهێشت و بەشێکیان بە فیکەلێدان ناڕەزایەتییان دەربڕی، لە بەرامبەردا شاندەکەی ئیسرائیل بە چەپڵەلێدان پشتگیرییان لێکرد.
نەتەنیاهوو رووی دەمی کردە ئەو دیپلۆماتکارانەی هۆڵەکەیان جێدەهێشت و گوتی، ئەگەر هەر ترسنۆکێکی دیکە لەم هۆڵەدا ماوە کە نەچووەتە دەرەوە، تکایە با ئێستا بڕوات.
هێرش بۆ سەر بەریتانیا و فەرەنسا
بەریتانیا و فەرەنسا، کە دوو هاوپەیمانی مێژوویی ئیسرائیلن، کەوتنە بەر رەخنەی تووندی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، دوای ئەوەی هەردوو وڵات سزای سنوورداریان بەسەر هەناردەی کەرتی رۆژئاوادا سەپاند و ئیمانوێل ماکرۆنیش لە گوتارەکەیدا رایگەیاندبوو کە حەماس لە کەرتی رۆژئاوا چالاک نییە.
نەتەنیاهوو مێژووی داگیرکاریی ئەو دوو وڵاتەی باس کرد و گوتی، "ئەوان ئیسرائیلی بچووک بە کۆلۆنیالیزم تۆمەتبار دەکەن؛ کێ تۆمەتبارمان دەکات؟ لایەنەکان لە بەریتانیا و فەرەنسا! بۆ خاتری خوا خۆیان ئەو چەمکەیان داهێناوە."
"ئێران دیکتاتۆرییەتی بکوژە"
نەتەنیاهوو زمانێکی زۆر تووندی بەرامبەر تاران بەکارهێنا و گوتی کە بەهۆی جەنگی حەوت مانگەی ئیسرائیل و ئەمریکاوە رێگری لە تاران کراوە دەستی بە چەکی ئەتۆمی بگات و گوتیشی، "بەڵێنم دابوو رێگری لە دیکتاتۆرییەتی بکوژی ئێران بکەم لە بەدەستهێنانی بۆمبی ئەتۆمی کە ئامانج لێی لەناوبردنی ئیسرائیل و هەڕەشەکردن بوو لە تەواوی جیهان؛ کەوتنی رژێمی ئێرانیش دوور نییە."
لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا، نەتەنیاهوو ئامێرێکی پەیوەندیی پەیجەری بە دەستەوە گرت، وەک ئاماژەیەک بۆ ئەو ئامێرانەی کە لە رێگەی تەقینەوەیانەوە سەدان ئەندامی حیزبوڵڵا لە لوبنان کوژران و بریندار کران.
پەلاماردانی ئەردۆغان و سەرۆکی شارەوانیی نیویۆرک
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هێرشی کردە سەر تورکیاش و بە پشتیوانیکردنی حەماس تۆمەتباری کرد، هەروەها رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیای بە "ستەمکار" ناوبرد. لە بەرامبەردا، بورهانەدین دوران، سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتیی تورکیا قسەکانی بە "تۆمەتی بێبنەما و ناکۆک لەگەڵ بەهاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان" ناوبرد.
نەتەنیاهوو هەروەها هێرشی کردە سەر زوهران مەمدانی، سەرۆکی شارەوانیی نیویۆرک و بە دژە جوو ناوی برد. مەمدانیش لە وەڵامدا گوتی نەتەنیاهوو درۆ دووپات دەکاتەوە تاوەکو جینۆسایدی فەلەستینییەکان بشارێتەوە، لە کاتێکدا فەرمانی دەستگیرکردنی لە دادگەی نێودەوڵەتی تاوان لەسەرە.
خۆپێشاندان و رێگری لە مەحموود عەباس
لە کاتی پێشکەشکردنی گوتارەکەیدا، لە دەرەوەی باڵەخانەی نەتەوە یەکگرتووەکان خۆپێشاندانی بەرفراوان دژی نەتەنیاهوو بەڕێوەچوو و پۆلیس چەندین کەسی دەستگیرکرد لەوانەش سوزان ساراندۆن، ئەکتەری ناوداری هۆڵیوود.
هاوکات مەحموود عەباس، سەرۆکی دەسەڵاتی فەلەستین بەهۆی ئەوەی ئیدارەی ترەمپ ڤیزەی پێنەدابوو نەیتوانی ئامادە بێت، بەڵام لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا ئەو سزایانەی واشنتنی بە نایاسایی ناوبرد.



