رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پێشنیازی ئێرانی بۆ کردنەوەی تەنگەی هورمز رەتکردەوە و بە یاریدەدەرانی راگەیاندووە، پێشبینی دەکات دوای هەڵبژاردنی نیوەی خولی کۆنگرێس لە 03-11-2026دا بۆردوومانەکان بۆ سەر ئێران دەست پێبکەنەوە.
عەباس عێراقچی، وەزیرى دەرەوەى ئێران، رۆژى هەینی لە بارەگاى نەتەوە یەکگرتووەکان بە رۆژنامەڤانانى راگەیاند، پێشنیازێکیان داوەتە ئەمریکا کە ئەگەر پەسند بکرێ، لە حەوت رۆرژدا تەنگەى هورمز دەکرێتەوە. وەزیرى دەرەوەى ئێران گوتی، "ئەگەر سبەی ئەمریکییەکان پلانەکە پەسند بکەن، حەوت رۆژەکە هەر لە سبەینێوە دەستپێدەکات."
ئەگەرچى عێراقچی لە پێشنیازەکە دڵنیابوو و گوتى، "هیچ ئاستەنگێک لە جێبەجێکردنیدا نابینین"، بەڵام بەرپرسانی ئەمریکی بە نێوەندگیرەکانیان راگەیاندووە، ترەمپ بە هیچ جۆرێک ئامادە نییە گەمارۆکان هەڵگرێ، چونکە کۆشکی سپی پێیوایە گوشارە ئابوورییەکان تاران ناچار دەکەن بە مەرجەکانی واشنتن بۆ راگرتنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی رازی بێت.
دۆناڵد ترەمپیش رۆژی سێشەممە لە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، رێگە نادات بابەتی هەڵبژاردنەکان کاریگەری لەسەر بڕیارەکانی دژ بە تاران دروستبکات و گوتی، "تەنیا شتێک کە گرنگە ئەوەیە ئێران هەرگیز نابێت ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی."


