رووداو دیجیتاڵ
ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا دەنگۆی هەوڵەکانی مۆسکۆی بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی ئەورووپا رەتکردەوە و هۆشدارییەکانی بەشێک لە وڵاتانی ئەندامی ناتۆی سەبارەت بە مەترسییەکانی رووسیا وەک "پیلانگێڕی و زیادبوونی بەمەبەست"ی گرژییەکان ناوبرد.
پووتین گوتی، "لە ئەورووپا زۆر کەس باس لەوە دەکەن کە چاوەڕێی هێرشی رووسیا دەکەن و پێیان وایە دەبێت خۆیان بۆ شەڕ لەگەڵمان ئامادە بکەن. دەمەوێ بە روونی دووبارەی بکەمەوە: ئێمە هیچ پلانێکمان بۆ هیچ جۆرە شەڕێک لەگەڵ ئەورووپا نییە و هیچ بنەمایەکیش بۆ ئەوە لە ئارادا نییە. گرنگترین خاڵ ئەوەیە کە هیچ پاڵنەرێکی راستەقینە بۆ ئاڵۆزکردنی دۆخەکە نییە، گرنگ نییە کێ چی دەڵێت، تەنانەت لە وڵاتانی باڵتیکیش."
سەبارەت بە دۆخی هاووڵاتییە رووس زمانەکانی نێو وڵاتانی باڵتیک (ئیستونیا، لاتیڤیا و لیتوانیا)، سەرۆکی رووسیا ئاماژەی بەوە کرد، وڵاتەکەی ئاگاداری "پێشێلکردنی مافەکانیانە." بەڵام گوتیشی، "ئێمە بەردەوام دەبین لە خەبات بۆ مافەکانی هاونیشتمانییانمان، بەڵام تەنیا لە چوارچێوەی یاسای نێودەوڵەتی. هەرگیز بەنیاز نەبووین و لەمەودواش هیچ ئامرازێکی دیکە بەکارناهێنین."
سەرۆکی رووسیا پێشوازی لە گفتوگۆکانی نێوان واشنتن و پەکین کرد و گوتی، "ئەم دوو وڵاتە گەورەترین ئابووریی جیهانن. هەر رێککەوتنێک لەسەر کێشە هەڵپەسێردراوەکان و سزاکانی ئەمریکا کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر سەقامگیریی تەواوی ئابووریی جیهان و ئابووریی رووسیاش دەبێت."
لە وەڵامی هێرشەکانی ئۆکراینا بۆ سەر ژێرخانی وزە و ناوچە سنوورییەکانی رووسیا کە لە هاوینی ئەم ساڵەوە چڕتر بوونەتەوە، پووتین کیێڤی بە دەستپێشخەری شەڕەکە تۆمەتبار کرد و هۆشداری دا و گوتی، "ئەوان وادەزانن ئەمە یاریی منداڵانەیە؟ دەبێت باجی ئەو کارە وەربگرن و تێبگەن کە هیچ دنەدانێک نایانگەیەنێتە ئەو ئامانجەی دەیانەوێ، بەڵکو دۆخەکە تەنیا بۆ خۆیان خراپتر دەکەن."
لێدوانەکانی ڤلادیمیر پووتین لە ساتەوەختێکی زۆر هەستیاردان لە پەیوەندییەکانی نێوان رووسیا و رۆژئاوا، بەتایبەت دوای زنجیرەیەک راپۆرتی هەواڵگریی ئەورووپی. تەنیا چەند رۆژێک پێش ئەم لێدوانەی پووتین، دەزگای هەواڵگریی سەربازیی دانیمارک لە راپۆرتێژدا هۆشداری دا لەوەى رووسیا رەنگە لە مانگەکانی داهاتوودا هێرشێکی سنووردار بۆسەر ژێرخانی وڵاتانی ئەندامی ناتۆ ئەنجام بدات بۆ تاقیکردنەوەی پابەندبوونی ئەو هاوپەیمانێتییە بە مادەی 5ی بەرگریی هاوبەش. هاوکات سەرۆکی دەزگای ئاسایشی کۆماری چیکیش هۆشداری دا لەوەى مۆسکۆ رەنگە سیناریۆی هێرشی سنووردار بۆ سەر سنوورەکانی رۆژهەڵاتی ئەورووپا بخاتە واری جێبەجێکردنەوە.
سەرکردەکانی وڵاتانی باڵتیک بەردەوام نیگەرانیی خۆیان پێشانداوە کە مۆسکۆ پرسی پاراستنی "مافی رووس زمانەکان" وەک بیانوویەک بەکاربێنێت، هاوشێوەی سیناریۆی کریمیا لە 2014 و دەستپێکی جەنگی ئۆکراینا لە 2022دا.
لە چەند مانگی رابردوودا سنوورە ئاسمانییەکانی پۆڵەندا، فینلاند و چەند وڵاتێکی دیکە چەندین جار بەهۆی درۆنەوە کەوتوونەتە باری نائاساییەوە، ئەمەش وایکردووە وڵاتانی بەرەی رۆژهەڵاتی ناتۆ داوای بەهێزکردنی بنکە سەربازییە هەمیشەییەکان و جێگیرکردنی سیستمی زیاتری بەرگریی ئاسمانی لە ناوچەکەدا بکەن.



