رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەوڵەتی ئەڵمانیا بۆ کاروباری ناوخۆ رەتیدەکاتەوە وڵاتەکەی هیچ رێککەوتنێکی لەگەڵ عێراق هەبێت بۆ دیپۆرتکردنەوەی پەنابەران، هاوکات دەڵێت بڕیاری دیپۆرتکردنەوە لەلایەن دەسەڵاتدارانی هەرێمەکانەوە دەدرێت، نەک حکومەتی فیدراڵی.
لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ ئاڵا شاڵی، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە ئەڵمانیا، دانیێلا لوودڤیژ، وەزیری دەوڵەتی ئەڵمانیا بۆ کاروباری ناوخۆ رایگەیاند، هیچ پلان و رێککەوتنێک لەنێوان بەرلین و بەغدا نییە بۆ گەڕاندنەوەی ئەو پەنابەرانەی عێراق و هەرێمی کوردستان کە مافی مانەوەیان پێنەدراوە. سەبارەت بە دەنگۆی بوونی پلانێک بۆ گەڕاندنەوەی 20 هەزار پەنابەری عێراقی، ئەو وەزیرە گوتی: "ئەوە بۆ یەکەمین جارە لە ئێوەوە دەیبیستم و هیچ رێککەوتنێکمان لەگەڵ عێراق نییە."
دانیێلا لوودڤیژ روونیکردەوە کە پرسی دیپۆرتکردنەوەی پەنابەران بڕیارێکی کەسییە و لە ئەستۆی حکومەت و وەزارەتی ناوخۆی فیدراڵیدا نییە، بەڵکو لەلایەن دەسەڵاتدارانی هەرێمەکانی ئەڵمانیاوە لەسەر بنەمای کەیسە تاکەکەسییەکان بڕیاری لێدەدرێت.
سەبارەت بە چارەنووسی پەنابەرانی کوردی ئێزیدی کە دوای هێرشەکانی داعش روویان لە ئەڵمانیا کردووە، وەزیری دەوڵەتی ئەڵمانیا بۆ کاروباری ناوخۆ ئاماژەی بەوە کرد کە هەموو کەیسێک بە جیا دەپشکنرێت و بەدواداچوون بۆ هەڕەشە و مەترسییەکان دەکرێت. گوتیشی: "بە لایەنی کەمەوە بۆ زۆرێک لە ژنان و پیاوانی ئێزیدی، مافی پەنابەری دەدرێت، چونکە مافی پەنابەری لە ئەڵمانیا هەمیشە مافێکی تاکەکەسییە."
لەسەر ئاستی ئەورووپا و جێبەجێکردنی سیستمی هاوبەشی مافی پەنابەری، دانیێلا لوودڤیژ گەشبینی خۆی نیشاندا و رایگەیاند کە پەیماننامەی هاوبەشی مافی پەنابەری ئەورووپا لە مانگی حوزەیرانەوە چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەهۆیەوە ژمارەی کۆچبەری نایاسایی و داواکاری مافی پەنابەری بە شێوەیەکی بەرچاو کەمیان کردووە و سیستمەکە بە باشی دادەمەزرێت.
سەبارەت بە کۆنترۆڵکردنی سنوورەکانی دەرەوەی ئەورووپا، ئەو بەرپرسە ئەڵمانییە باسی لەوە کرد کە دۆخەکە زۆر باشتر بووە و چوونەژوورەوەی کۆچبەران لە رێگەی دەریاوە بەرەوپێشچوونێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە و کەمیکردووە، بەڵام جەختی لەوەش کردەوە کە "نابێت لەم پێشکەوتنەدا بوەستین، بەڵکو دەبێت بەردەوام بین."
دووەمین لووتکەی میونشن بۆ کۆچ لە 26ـی ئەیلوولی 2026، وەزیرانی ناوخۆی ئەورووپا و بەرپرسانی یەکێتیی ئەورووپای کۆکردەوە بۆ تاوتوێکردن و تووندترکردنی کۆنترۆڵی سنوورەکان. بابەتە سەرەکییەکان بریتی بوون لە بەهێزکردنی سنوورەکانی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا، خێراکردنی دیپۆرتکردنەوەکان و دامەزراندنی ناوەندەکانی گەڕاندنەوە لەو وڵاتانەی ئەندامی یەکێتیی ئەورووپا نین.



.jpg&w=3840&q=75)