رووداو دیجیتاڵ
وەزیری ناوخۆی ماڵتا رایدەگەیێنێت، پێویستە ئەورووپا پارێزگاری لە سنوورەکانی دەرەوەی بکات بۆ ئەوەی ئاسایش و خۆشگوزەرانیی ئابووریی زیاتر دەستەبەر ببێت. هەروەها ئاشکرای دەکات، ماڵتا یەکێک بووە لەو وڵاتانەی کە پێشنیازی دروستکردنی سەنتەرەکانی گەڕاندنەوەی کۆچبەرانی کردووە.
لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ ئاڵا شاڵی، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە ئەڵمانیا، گلێن بێدینگفیڵد، وەزیری ناوخۆی ماڵتا سەبارەت بە پرسی کۆچبەران و پاراستنی سنوورەکان رایگەیاند: "پێویستە ئەورووپا پارێزگاری لە سنوورەکانی دەرەوەی بکات، چونکە کاتێک هەموو وڵاتان پارێزگاری لە سنوورەکانیان دەکەن، وڵاتان زیاتر پارێزراو دەبن."
وەزیری ناوخۆی ماڵتا ئاماژەی بەوەش کرد کە پارێزراوبوونی وڵاتان ئارامیی دەروونی و ئاسایشی زیاتر بەدوای خۆیدا دەهێنێت و گوتیشی: "ئاسایش خۆشگوزەرانیی ئابووریی زیاتر دەهێنێت."
سەبارەت بە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەیان لە ئەڵمانیا و ئەو خاڵە گرنگانەی جەختیان لێکردووەتەوە، گلێن بێدینگفیڵد باسی لەوە کرد کە زۆرێک لە وڵاتانی بەشداربوو بیرۆکەکانیان یەکخستووە. ئەو وەزیرە ئەوەی بە گرنگ زانی کە گفتوگۆ و راگۆڕینەوە لەسەر ئەو بیرۆکانە بکرێت بۆ ئەوەی بزانن "چۆن پەیماننامەی کۆچ بەهێزتر بکەین و بەردەوام بین لە هاوکاریکردن لە جێبەجێکردنیدا."
لە وەڵامی پرسیارێکی رووداو سەبارەت بە پرۆژەی سەنتەرەکانی گەڕاندنەوەی کۆچبەران (Return Hubs)، وەزیری ناوخۆی ماڵتا ئاشکرای کرد کە بیرۆکەکە لەلایەن ئەوانەوە بووە و گوتی: "لە راستیدا ماڵتا یەکێک بوو لەو وڵاتانەی کە پێشنیازی سەنتەرەکانی گەڕاندنەوەی کرد و ئێمە پێمان وایە ئەوە رێگایەکە بۆ بەرەوپێشچوون."
دووەمین لووتکەی میونشن بۆ کۆچ لە 26ـی ئەیلوولی 2026، وەزیرانی ناوخۆی ئەورووپا و بەرپرسانی یەکێتیی ئەورووپای کۆکردەوە بۆ تاوتوێکردن و تووندترکردنی کۆنترۆڵی سنوورەکان. بابەتە سەرەکییەکان بریتی بوون لە بەهێزکردنی سنوورەکانی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا، خێراکردنی دیپۆرتکردنەوەکان و دامەزراندنی ناوەندەکانی گەڕاندنەوە لەو وڵاتانەی ئەندامی یەکێتیی ئەورووپا نین.



.jpg&w=3840&q=75)