رووداو دیجیتاڵ
سێرگێی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی
رووسیا، لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند، هێزەکانی
سووریای دیموکرات (هەسەدە) تەنیا لە کاتی قەیران و کاتێک رووبەڕووی کێشە
دەبوونەوە، پەنایان بۆ مۆسکۆ دەبرد.
لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی
گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک، نامۆ عەبدوڵڵا، پەیامنێری رووداو، پرسیاری
لە وەزیری دەرەوەی رووسیا کرد سەبارەت بە رۆڵی وڵاتەکەی لە دەستەبەرکردنی مافەکانی
کورد لە دەستووری داهاتووی سووریادا.
سێرگێی لاڤرۆڤ، لە وەڵامدا گوتی:
"ئێمە پەیوەندییەکی زۆر باشمان لەگەڵ نزیکەی تەواوی بزووتنەوە کوردییەکان
هەیە، لەوانەش هێزەکانی سووریای دیموکرات. بەڵام هەر جارێک تووشی جۆرە قەیرانێک
بوونایە، بۆ نموونە، کاتێک پشتیوانیی ئەمریکایان لەدەست دا، یەکسەر روویان دەکردە
ئێمە و داوای یارمەتییان دەکرد. دواتر کە ئەمریکا دەگەڕایەوە، هەسەدە ئیدی گرنگیی
بە ئێمە نەدەدا."
ئەم لێدوانەی لاڤرۆڤ لەکاتێکدایە کە
ئەم هەفتەیە لوتکەی ساڵانەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بەڕێوەچوو.
لەلایەکی دیکەوە و رۆژێک پێشتر،
ئەحمەد شەرع، سەرۆکی هاوپەیمانیی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا، لە کۆنفرانسێکی ئەنجوومەنی
ئەتڵەنتیکدا بەڵێنی پاراستنی مافەکانی کوردی دا و گوتی: "رێککەوتووین کە کورد
لە ناوچە کوردنشینەکان بە زمانی کوردی بخوێنن و بەدڵنیاییەوە ئەمە بەشێک دەبێت لە
دەستوور."


