رووداو دیجیتاڵ
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە هەڤپەیڤینێکدا رایگەیاند، کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە عێراق لە کاتێکی هەستیاردایە، هەروەها بەجێهێشتنی هەرێمی کوردستان بەبێ دابینکردنی هیچ سیستمێکی بەرگری، مایەی نیگەرانییە.
رۆژی یەکشەممە 27-09-2026، نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: "رۆژنامەی فاینانشیاڵ تایمزی بەریتانی راپۆرتێکی بڵاوکردووەتەوە کە چەند لێدوانێکی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی لەخۆگرتووە. بەداخەوە نووسەری راپۆرتەکە، دەقی لێدوانەکانی سەرۆکی حکومەتی وەکو خۆی بڵاونەکردووەتەوە، بەڵکو زیاتر بۆچوون و لێکدانەوەکانی خۆیەتی، نەک دەقی قسەکانی سەرۆکی حکومەت."
بۆ راستکردنەوەی لێدوانەکان و خستنەڕووی دەقە دروستەکە، نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی حکومەت قسەکانی مەسرور بارزانیی بڵاوکردووەتەوە کە تێیدا ئاماژەی بەوە کردووە، "هەرێمی كوردستان زیاتر لە 1000 جار ڕووبەڕووی هێرشی موشەکی و درۆنی بووەتەوە." هەروەها هۆشداری داوە لەوەی "بەردەوامبوونی ناسەقامگیریی دۆخی ئاسایشی عێراق، هەڕەشەیە بۆ سەر سیستمی فیدراڵی."
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی دەرەوە، مەسرور بارزانی گوتوویەتی: "ئێمە دۆست و هاوپەیمانی ئەمریکاین، بەڵام لە هەمانکاتدا دەمانەوێ پەیوەندیی باشیشمان لەگەڵ هەموو دراوسێکانمان لە نێویشیاندا ئێران هەبێت." هەروەها دووپاتی کردووەتەوە، پەیوەندی و گفتوگۆی بەردەوامیان لەگەڵ بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەیە و هەمیشە جەختیان لەوە کردووەتەوە، هەرێمی کوردستان "هەرگیز بەشێک نییە لە شەڕ و ململانێ و مایەی هەڕەشە نییە بۆ هیچ لایەک."
لەبارەی هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی، لە لێدوانە راستەقینەکەدا هاتووە، "ئەو هێزانە ساڵانێکی زۆرە لە عێراق و هەرێمی کوردستانن کە بۆ سەردەمی رژێمی پێشووی سەدام حوسێن دەگەڕێتەوە."
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا، مەسرور بارزانی رایگەیاندووە، پشتیوانیی سەرۆکوەزیرانی فیدراڵ عەلی زەیدی دەکەن لە ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و داماڵینی چەکی میلیشیاکان و چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێمی کوردستان و بەغدا لەسەر بنەمای دەستوور. هەروەها ئامادەیی هەرێمی کوردستانیشی بۆ هەموو هاوکارییەکی حکومەتی فیدراڵ لەپێناو زیادکردنی داهاتی گشتی و ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگ و ئاڵنگارییە جۆراوجۆرەکان نیشانداوە.
لە کۆتاییشدا، سەبارەت بە دۆخی ناوخۆیی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کردووە، "هەوڵ و گفتۆگۆکانی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامن."



