رووداو دیجیتاڵ
وەزیرانی بەرگریی یەکێتیی ئەورووپا رۆژی دووشەممە تاوتوێی پێویستیی دامەزراندنی میکانیزمێکی فریاگوزاریی هاوشێوەی هاوپەیمانیی ناتۆیان کرد، بە مەبەستی بەهێزکردنی وەڵامدانەوەی هاوبەشی وڵاتانی بلۆکەکە بۆ "هێرشە تێکەڵاوەکان".
حکومەتەکانی ئەورووپا مۆسکۆ تۆمەتبار دەکەن بەوەی لە دوای دەستپێکردنی جەنگی ئۆکرایناوە، هەڵمەتێکی فراوانی تێکدەری و دەستوەردانی لە دژی هاوپەیمانانی کیێڤ دەستپێکردووە. لەو چوارچێوەیەشدا، ئۆرسولا ڤۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا پێشنیازی کرد کە "پڕۆتۆکۆڵێکی ئەمنیی فریاگوزاری" لەناو یەکێتییەکەدا دابمەزرێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم مەترسییانە.
ڤۆن دێر لاین ئاماژەی بەوە کرد، ئەم میکانیزمە هاوشێوەی بڕگەی چواری پەیمانی ناتۆ دەبێت، کە رێگە بە هەر وڵاتێکی ئەندامی یەکێتیی ئەورووپا دەدات لە کاتی روودانی قەیراندا داوای کۆبوونەوەی بەپەلە بکات تاوەکو کۆدەنگی لەسەر چۆنیەتیی وەڵامدانەوەی ئەو رووداوانە دروست ببێت کە دەکەونە "ناوچەی خۆڵەمێشی" و بە فەرمی ناگەنە ئاستی جەنگی سەربازیی کراوە.
جیاوازیی پڕۆتۆکۆڵەکە لەگەڵ ناتۆ
کایا کالاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا گوتی، "ئەمڕۆ گفتوگۆیەکی سەرەتاییمان لەسەر بابەتەکە کرد، ئەمەش بەو مانایەیە کە هەنگاوەکان بەرەو پێشەوە دەبەین."
کایا کالاس جەختی لەوە کردەوە کە یەکێتییەکە دەیەوێت خۆی لە هەر جۆرە کێبڕکێ یان دووبارەبوونەوەی ئەرکەکان لەگەڵ ناتۆ بەدوور بگرێت و گوتیشی، "بڕگەی چواری ناتۆ تەنیا بۆ راوێژە و هیچ پلانێکی کرداری لەخۆناگرێت؛ بەڵام ئەم پڕۆتۆکۆڵە فریاگوزارییەی ئەورووپا بۆ دەستنیشانکردنی ئەو کەرەستانەیە کە دەتواندرێت لە کاتی دەستدرێژییەکی ناسەربازیدا بەکاربهێندرێن کە دەکەوێتە خوار ئاستی ماددەی پێنجی ناتۆ (بەرگریی بەکۆمەڵ)."
پێشوەختە رێگری لە مەترسییەکان دەکرێت
هێلین مەکێنتی، وەزیری دەرەوەی ئێرلەندا، کە وڵاتەکەی یەکێکە لەو چوار وڵاتەی نێو یەکێتیی ئەورووپا کە ئەندام نین لە ناتۆ، گوتی، "پێویستە توانای ئەوەمان هەبێت نەک تەنیا لە کاتی رووداوەکاندا وەڵام بدەینەوە، بەڵکو دەبێت پێشوەختە رێگری لە پەرەسەندنی گرژییەکان بکەین تاوەکو دڵنیابین لەوەی لە کاتی روودانی هەر مەترسییەکدا وەڵامێکی بەهێزمان ئامادەیە."
هاوکات ئانتی هاکانین، وەزیری بەرگریی فینلەندا رایگەیاند، سەرەڕای ئەوەی هەر وڵاتێک دەبێت رێکاری سەربەخۆی خۆی بگرێتەبەر، بەڵام پێویستە یەکێتیی ئەورووپا و ناتۆ هەنگاوی زۆر گەورەتر بنێن بۆ هاوئاهەنگی تاوەکو بتوانن رووبەڕووی ئەو هەڕەشانە ببنەوە.

