رووداو دیجیتاڵ
ئەمریکا رۆژی دووشەممە رایگەیاند، هیچ پلانێکی نییە بۆ فرۆشتنی چەک بە چین؛ ئەمەش دوای ئەوە هات کە باڵیۆزی ئەمریکا لە پەکین گوتبووی، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆبوونەوەکەیاندا لە شی جینپینگ، سەرۆکی چینی پرسیوە ئایا حەز دەکات چەکی ئەمریکی بکڕێت یان نا.
باڵیۆزی ئەمریکا چی گوتبوو؟
دەیڤد پێردۆ، باڵیۆزی ئەمریکا لە چین لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوز باسی لەوە کردبوو، لە کاتی سەردانەکەی هەفتەی رابردووی سەرۆکی چین بۆ کۆشکی سپی، کاتێک باسی ناڕەزایەتییەکانی پەکین کراوە بەرامبەر بە فرۆشتنی چەکی ئەمریکی بە تایوان، ترەمپ پێشنیازێکی سەیری خستووەتە بەردەم شی جینپینگ و پێیگوتووە: "ئێمە چەک بە وڵاتانی دیکەشی جیهان دەفرۆشین؛ ئایا تۆش حەز دەکەیت هەندێک چەک لە ئێمە بکڕیت؟"
وەڵامی کۆشکی سپی و وەزارەتی دەرەوە چی بوو؟
دوای بڵاوبوونەوەی ئەم لێدوانە، بەرپرسانی واشنتن دەستبەجێ رەتیانکردەوە هیچ بەرنامەیەکی لەو شێوەیە هەبێت.
بەرپرسێکی ئەمریکی بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوتووە: "حکومەتی ئەمریکا هیچ پلانێکی بۆ فرۆشتنی چەک بە چین نییە."
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش لە راگەیێندراوێکدا بۆ رۆژنامەی نیویۆرک تایمز روونیکردووەتەوە: "یاسای ئەمریکا بە تەواوی فرۆشتنی چەک بە چین قەدەخە دەکات و هیچ پێشنیاز یان پلانێک بۆ فرۆشتنی چەک بەو وڵاتە لە ئارادا نییە."
بۆچی پرسی چەک لە نێوان هەردوو وڵاتدا هەستیارە؟
چین هەمیشە تووڕەیە لەوەی ئەمریکا چەک بە تایوان دەفرۆشێت، چونکە چین تایوان بە بەشێک لە خاکی خۆی دەزانێت و دەڵێت، بە خۆشی بێت یان ناخۆشی، دەبێت بگەڕێتەوە ژێر دەسەڵاتی، بەڵام یاساکانی ئەمریکا واشنتن پابەند دەکەن بەوەی چەکی پێویست بۆ بەرگریکردن لە خۆی بداتە تایوان.
ترەمپ هەڵوێستێکی ناڕوونی لەسەر تایوان هەیە؛ لە لایەکەوە لە مانگی کانوونی یەکەمی رابردوودا بایی 11.1 ملیار دۆلار فرۆشتنی چەکی بە تایوان پەسند کرد، بەڵام لە مانگی ئایاردا فرۆشتنی بایی 14 ملیار دۆلار چەکی دیکەی بە تایوان راگرت و گوتی ئەمە "کارتێکی زۆر باشی دانوستاندنە" لەگەڵ چیندا.
داهاتووی دیداری نێوان ترەمپ و سەرۆکی چین
هەردوو سەرکردەکە لەمساڵدا دوو جار کۆبوونەتەوە (جارێک لە پەکین و جارێک لە واشنتن). هەروەها بڕیارە لە مانگی تشرینی دووەم لە لووتکەی ئابووریی وڵاتانی ئاسیا و ناوچەی زەریای هێمن (APEC) لە چین و لە مانگی کانوونی یەکەمیش لە لووتکەی گرووپی 20 لە میامی، بۆ جاری سێیەم و چوارەم لەگەڵ یەکدی کۆببنەوە تاوەکو رێگری لە گرژبوونی زیاتری پەیوەندییەکانیان بگرن.

