رووداو دیجیتاڵ
ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا مەرسوومێکی نوێی سەرۆکایەتیی بۆ زیادکردنی زیاتر لە 15 هەزار سەربازی دیکە بۆ نێو سوپای وڵاتەکەی واژۆ کرد؛ ئەمەش دەبێتە چوارەمین فەرمانی لەو شێوەیە لە سەرەتای ئەمساڵەوە دەربچێت.
ئەمڕۆ دووشەممە، 28ـی ئەیلوولی 2026، بەپێی مەرسوومە نوێیەکەی سەرۆکی رووسیا، 15 هەزار و 500 سەربازی دیکە دەخرێنە نێو هێزە چەکدارەکان؛ بەمەش ژمارەی تەواوی کارمەندانی هێزە چەکدارەکانی رووسیا دەگاتە دوو ملیۆن و 441 هەزار و 630 کەس، کە یەک ملیۆن و 550 هەزار و 500 کەسیان سەربازی شەڕکەر دەبن.
ڤلادیمیر پووتین لە مانگەکانی ئادار، حوزەیران و تەممووزی ئەمساڵیشدا سێ فەرمانی هاوشێوەی واژۆ کردبوو، بەوەش تەنیا لە دوای مانگی ئادارەوە 47 هەزار و 860 سەربازی دیکەی بۆ هێزەکانی زیاد کردووە.
پێنج ساڵ جەنگ و زیانی گیانیی سوپای رووسیا
ئەم هەنگاوەی کۆشکی کرێملین لە کاتێکدایە جەنگی نێوان مۆسکۆ و کیێڤ پێی ناوەتە پێنجەمین ساڵییەوە و هەردوولا زیانی گەورەی مرۆییان بەرکەوتووە. لەمساڵدا، بەهۆی بەکارهێنانی چڕی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن) لە بەرەکانی پێشەوە، پێشڕەوییە مەیدانییەکانی سوپای رووسیا تا رادەیەکی زۆر خاو بوونەتەوە و جووڵەی گەورەی سەربازی سنووردار بووە.
هەرچەندە ئۆکراینا بەردەوام رووسیا بەوە تۆمەتبار دەکات کە دەیەوێت شەپۆلێکی نوێی سەربازگیریی بەزۆر رابگەیێنێت، بەڵام پووتین ئەو دەنگۆیانەی بە "چەواشەکاریی کیێڤ" ناوبردووە.
دوایین جار سەرۆکی رووسیا لە پایزی ساڵی 2022 و دوای چەند شکستێکی مەیدانی، فەرمانی سەربازگیریی بەکۆمەڵی دەرکردبوو.



