رووداو دیجیتاڵ
ماگدالینا ئەندەرسۆن، سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی سوێد رۆژی دووشەممە بە فەرمی رایگەیاند، نەیتوانیوە لەگەڵ سێ پارتەکەی دیکەی بەرەی چەپ بگاتە رێککەوتن بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت؛ ئەمەش دوای دوو هەفتە لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنە گشتییەکانی 13ـی ئەیلوول.
ئەندەرسۆن بە رۆژنامەڤانانی گوت، "لەسەر بنەمای ئەو گفتوگۆیانەی کردوومن، دەتوانم بە شێوەیەکی گشتی بگەمە ئەو ئەنجامەی کە لەم کاتەدا هیچ دەرفەتێک بۆ من لە ئارادا نییە تاوەکو بتوانم حکومەت پێکبهێنم."
لە دوای راگەیاندنی ئەم شکستە، ئەندریاس نۆرلین، سەرۆکی پەرلەمانی سوێد (کە رۆژی دووشەممە بۆ سێیەمین خول هەڵبژێردرایەوە) رایگەیاند، رۆژی چوارشەممە لەگەڵ سەرکردەی سەرجەم پارتە سیاسییەکان کۆدەبێتەوە بۆ تاوتوێکردنی دیاریکردنی بەربژێرێکی دیکە و گوتی، "پێشبینی دەکەم دوای ئەو راوێژانە، بتوانم بە زانیاریی نوێوە بگەڕێمەوە لەبارەی ئەوەی چۆن پرۆسەکە بەرەو پێشەوە دەڕوات."
ئەرکەکە دەسپێردرێتە ئۆلف کریستێرسۆن
چاوەڕوان دەکرێت سەرۆکی پەرلەمان ئەرکی پێکهێنانی حکومەت بە ئۆلف کریستێرسۆن، سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەری سەر بە بەرەی کۆنسێرڤاتیڤەکان بسپێرێت.
بەرەی راستڕۆ بە سەرۆکایەتیی کریستێرسۆن کە پارتی دیموکراتەکانی سویدـی راستڕۆی تووندڕۆش لەخۆدەگرێت، بە جیاوازییەکی زۆر کەم لە هەڵبژاردنەکاندا بەرامبەر بەرەی چەپ دۆڕا و 173 کورسیی لە پەرلەمان بەدەستهێنا بەرامبەر 176 کورسی بۆ چەپەکان؛ هەربۆیە کریستێرسۆنیش رووبەڕووی ئاستەنگی گەورە دەبێتەوە بۆ مسۆگەرکردنی زۆرینەی پەرلەمانی.
کریستێرسۆن دوای هەڵبژاردن گوتبووی ئامادەیە بژاردەکان لەگەڵ پارتە ناسۆسیالیستەکان تاوتوێ بکات و دەیەوێت (پارتی ناوەند) رازی بکات، کە ئێستا لە بەرەی چەپدایە بەڵام پێشتر لە بەرەی راست بووە.
پارتی ناوەند: لەگەڵ تووندڕۆکان نابین
لەگەڵ ئەوەشدا، ئەلیزابێس ساند رینگکڤیست، سەرۆکی پارتی ناوەند بە تووندی رەتیکردووەتەوە بەشداری لە هەر حکومەتێکدا بکات یاخود پشتیوانی لە کابینەیەک بکات کە تێیدا پارتەکانی سەر بە چەپی تووندڕۆ یاخود راستڕۆی تووندڕۆ دەسەڵات و کاریگەرییان هەبێت.
پێش هەڵبژاردنەکان، کریستێرسۆن بەڵێنی دابوو ئەگەر بەرەی راستڕۆ سەربکەوێت بۆ یەکەمین جار چەند پۆستێکی وەزاری دەداتە پارتی دیموکراتەکانی سوێد (راستڕۆی تووندڕۆ)، هەرچەندە لە چەند رۆژی رابردوودا لەو بەڵێنەی پاشەکشەی کردووە.
بەپێی رێکارە دەستوورییەکانی سوێد، سەرۆکی پەرلەمان چوار هەلی لەبەردەستدایە تاوەکو ئەرکی پێکهێنانی حکومەت بە بەربژێرە جیاوازەکان بسپێرێت؛ ئەگەر لە هەر چوار هەوڵەکەدا هیچ کەسێک نەیتوانی متمانەی زۆرینەی پەرلەمان بەدەستبهێنێت، ئەوا راستەوخۆ وڵاتەکە بەرەو هەڵبژاردنی پێشوەختە هەنگاو دەنێت.



