رووداو دیجیتاڵ
دوای کۆبوونەوەی لیژنەی باری لەناکاوی بەریتانیا (کۆبرا)، وەزیری بەرگریی ئەو وڵاتە گوتی، لێکۆڵینەوەکان لەسەر ئەو پێنج گومانلێکراوەی لە نزیک بنکەیەکی سەربازیی ئەمریکا دەستگیرکرابوون بەردەوامن. پۆلیس لێکۆڵینەوە لە چەندین ئەگەر دەکات، لەنێویاندا تێوەگلانی ئێران یان رووسیا لەو رووداوەدا.
رۆژی سێشەممە 29-09-2026 وێس ستریتینگ، وەزیری بەرگریی بەریتانیا رایگەیاند، رۆژی دووشەممە 28ـی ئەیلوولی 2026 ئەندی بێرنەم، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەیەکی لیژنەی کۆبرای لە لیڤەرپوول کردووە، بە ئامادەبوونی وەزیرە باڵاکان، لەنێویاندا وەزیرانی ناوخۆ و دەرەوە و بەرگری.
ستریتینگ ئاماژەی بەوە کرد، ئەو پێنج گومانلێکراوەی کە بە تۆمەتی هەبوونی مادەی تەقەمەنی و پیلانی تیرۆر دەستگیرکرابوون، ئێستا بە مەرجی تووندی کەفالەت ئازادکراون و لێکۆڵینەوەکانیش بەردەوامن. وەڵامدانەوەی پۆلیس و دەزگە ئەمنییەکانیشی بە "نموونەیی" وەسف کرد.
سەبارەت بە پرسیاری تێوەگلانی وڵاتێکی بیانی وەک ئێران لە رووداوەکەدا، وەزیری بەرگریی بەریتانیا گوتی: "هێشتا زووە بڕیار لەسەر دەستنیشانکردنی لایەنی بەرپرسیار بدرێت، ئێمە هەموو رێگەکانی لێکۆڵینەوە بە کراوەیی دەهێڵینەوە، لەوانەش ئەگەری ئەوەی ئەم کەسانە بە ئاگاداری یان بە بێئاگایی بەناوی لایەنە بەوەکالەتەکان یان لایەنە دەوڵەتییەکانەوە کاریان کردبێت."
رۆژی یەکشەممە پێنج گەنجی بەریتانی خەڵکی لەندەن کە تەمەنیان لە بیستەکاندا بووە، لە نزیک بنکەی فێرفۆردی هێزی ئاسمانیی شاهانە لە باشووری ئینگلتەرا دەستگیرکران، ئەوەش دوای ئەوەی هاووڵاتییەک لە نێو سێ ڤان بینیبوونی و پۆلیسی ئاگادار کردبووەوە. بنکەی فێرفۆرد لەلایەن ئەمریکاوە بەکاردەهێندرێت و فڕۆکە بۆمبهاوێژەکانی وەک B-1 و B-52 لێوەی دەفڕن، لەنێویاندا لە جەنگی ئەم ساڵی دژی ئێران. پۆلیسی دژە تیرۆری بەریتانیا لێکۆڵینەوە لە ئەگەری پەیوەندیی ئەو کەسانە بە ئێران، رووسیا یان گرووپە چەکدارەکانەوە دەکات.
لە بەرامبەردا، باڵیۆزخانەی ئێران لە لەندەن لە راگەیێندراوێکدا ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە و بە "پڕوپاگەندەی بێ بنەما و زیانبەخش" وەسفی کرد و بە تووندی سەرکۆنەی کرد.



