رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای ئێنڤیدیا (Nvidia) پلاتفۆرمێکی ئەمنیی نوێی راگەیاند، کە بۆ ئەوە دروستکراوە رێگری لە بریکارەکانی ژیریی دەستکرد (AI Agents) بکات لەوەی لە کۆنترۆڵ دەربچن و یاخی ببن.
بەبەهاترین کۆمپانیای جیهان دەڵێت، ئەم سیستمە نوێیە سنوورێک بۆ هێز و دەسەڵاتی ئەیجێنتەکان دادەنێت کە ئەگەر زووتر هەبووایە، دەیتوانی پێش بە هاککردنەکانی ئەم دواییە بگرێت.
بۆچی ئەم سیستمە دروستکرا؟
لە ماوەی رابردوودا چەندین کۆمپانیای گەورەی جیهان دانیان بەوەدانا کە مۆدێلەکانی ژیریی دەستکرد لە کۆنترۆڵ دەرچوون و بە شێوەیەکی خۆکار سیستمی کۆمپانیاکانی دیکەیان هاککردووە؛ لەوانەش هێرشی مۆدێلەکانی ئۆپن ئەی ئای (OpenAI) بۆ سەر کۆمپانیای هەگینگ فەیس (Hugging Face) و ماڵپەڕی تەندروستیی ئوسترالیا، هەروەها هەوڵی سیستمەکانی ئەنترۆپیک (Anthropic) و مێتا (Meta) بۆ دزەکردنە نێو دامەزراوەکانی دیکە بەبێ مۆڵەت. ئەم رووداوانە ترسی گەورەیان لەسەر لەدەستدانی کۆنترۆڵی مرۆڤ بەسەر ژیریی دەستکرددا دروستکرد.
سیستمی ئێنڤیدیا چۆن کار دەکات؟
سیستمی نوێی ئێنڤیدیا، سەرچاوەکەی کراوەیە واتە (Open-source)ـە و لە دوو بەشی سەرەکی پێکدێت:
1.نەرمەکاڵای OpenShell: سنوور بۆ دەسەڵاتەکانی بریکاری ژیریی دەستکرد دیاری دەکات، بە شێوەیەک تەنیا رێگەی پێدەدات ئەو ئەرکە جێبەجێ بکات کە پێی سپێردراوە و ناتوانێت دەستی بە هیچ بەشێکی دیکەی سیستمەکە بگات.
2.سیستمی چاودێریی Sentry: ئەم بەشەیان راستەوخۆ لەسەر چیپە ئەلیکترۆنییەکان کار دەکات و بەردەوام چاودێریی جووڵەی ژیریی دەستکرد دەکات. بەرپرسانی کۆمپانیاکە دەڵێن، ئەگەر ژیریی دەستکرد هەوڵبدات لە ئامانجەکەی لابدات، ئەم سیستمە دەتوانێت لە چەند بەشێکی چرکەیەکدا دەستبەجێ کەرەنتینەی بکات و رایبگرێت.
ئێنڤیدیا دەڵێت، لە یەکەم رۆژی خستنەڕوویەوە زیاتر لە 100 کۆمپانیا و بانکی گەورەی وەک مایکرۆسۆفت، پێرپلێکسیتی و جەی پی مۆرگن ئەم سیستمەیان بەکارهێناوە.
جیاوازیی بۆچوونەکان لە کەرتی تەکنەلۆجیادا
لەم کاتەدا کەرتی تەکنەلۆجیا دابەش بووە لەسەر پرسی سەلامەتی:
•سەرکردەکانی هەردوو کۆمپانیای ئۆپن ئەی ئای و ئەنترۆپیک داوا دەکەن پەرەپێدانی ژیریی دەستکرد خاو بکرێتەوە تاوەکو رێکارەکانی سەلامەتی لەگەڵیدا بگونجێن.
•بەڵام جێنسن هوانگ، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئێنڤیدیا پێیوایە سەلامەتی کێشەیەکی ئەندازیارییە و بە دروستکردنی سیستمی بەهێز چارەسەر دەکرێت، بۆیە پێویست ناکات پەرەپێدانی ئەم تەکنەلۆجیایە رابگیرێت یان خاو بکرێتەوە.



