رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و ژمارەیەک لە گەورە بەڕێوەبەرانی کۆمپانیاکانی تەکنەلۆژیا لە کۆشکی سپی رێککەوتنێکیان بۆ "خۆڕێکخستن"ـی پیشەسازییەکە واژۆ کرد. لەم کۆبوونەوەیەدا، سەرۆکی ئەمریکا بڕیاریدا بە فەرمی ناوی تەکنەلۆژیاکە بگۆڕێت و پێی وایە ئەمە کێبڕکێیەکە دەبێت ئەمریکا تێیدا تاکە براوە بێت.
رێککەوتنی کۆشکی سپی و خۆڕێکخستن
رۆژی سێشەممە 29-09-2026 [چوارشەممە بەکاتی هەولێر]، لە کۆشکی سپی، دۆناڵد ترەمپ لەگەڵ گەورەترین سەرکردەکانی بواری تەکنەلۆژیا کۆبووەوە.
لەنێو ئامادەبوواندا جێنسن هوانگ لە ئێنڤیدیا؛ گرێگ برۆکمان لە ئۆوپن ئەی ئای؛ داریۆ ئەمۆدێی لە ئەنترۆپیک؛ مارک زەکەربێرگ لە مێتا؛ سوندەر پیچای لە گووگڵ؛ ئیلۆن مەسک لە ئێکس ئەی ئای؛ هەروەها جێف بێزۆس و ساتیا نادێلا هەبوون.
تەنیا دوو ژن لەنێو 31 میوانەکەدا بوون، کە یەکێکیان لیسا سو، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای ئەی ئێم دی (AMD) بوو.
دوای کۆبوونەوەکە، پەیماننامەیەک بە ناوی (رێککەوتنی کۆشکی سپی) واژۆ کرا. ترەمپ لەبەردەم رۆژنامەڤانان گوتی: "خۆڕێکخستنێکی زۆر دەبینم و ئەوان تێدەگەن کە دەبێت خۆیان چاودێریی خۆیان بکەن." ترەمپ رێککەوتنەکەی بە پابەندبوونێکی "ئەخلاقی" ناوبرد و گوتی، وەک دەستوورێکی تایبەت وایە کە گەورەترین کەسانی جیهان واژۆیان کردووە.
رێککەوتنەکە چوار هەنگاوی خۆویستانە لەخۆدەگرێت، لەوانە: دانانی کۆنترۆڵی ناوخۆیی بەهێز، کارکردن لەگەڵ چاودێری سەربەخۆی دەرەکی و دروستکردنی لیژنەیەک لەنێو ئەنجوومەنی کارگێڕیی کۆمپانیاکان بۆ هەڵسەنگاندنی راپۆرتەکان.
زەکەربێرگ گوتی، ئەمە بۆ ئەوەیە دڵنیایی بدرێتە کڕیاران کە تەکنەلۆژیاکە وەک ئەوەی مەبەستە کار دەکات. ئیلۆن مەسکیش روونیکردەوە، کۆمپانیاکان رازی بوون "هەڵسەنگاندن بۆ ئەرکی ماڵەوەی یەکدی بکەن."
ژیریی دەستکرد دەبێتە 'ژیریی باڵا'
لە پێشهاتێکی نوێدا، ترەمپ بڕیارێکی جێبەجێکاریی دەرکرد بۆ ئەوەی بە فەرمی ناوی (ژیریی دەستکرد" بگۆڕدرێت بۆ (ژیریی باڵا) یان (SI).
بەپێی بڕیارەکە، لەمەودوا دەبێت حکومەتی فیدراڵی تابکرێت ئەو ناوە نوێیە لەسەرجەم بەڵگەنامە و راپۆرتەکاندا بەکاربهێنێت و دانیپێدابنێت. ترەمپ لەم بارەیەوە گوتی: "چونکە دەستکرد نییە. هەموومان لەسەر ئەوە کۆکین."

ئیلۆن مەسک: دەچینە سەردەمی داهاتی بەرزەوە
لە پرسیارێکی رۆژنامەڤاناندا سەبارەت بە داهاتووی کار و پیشەکان لە سەردەمی ژیریی باڵادا، ئیلۆن مەسک گوتی، ئەم تەکنەلۆژیایە دەمانباتە "سەردەمی زۆری و فەراهەمی." مەسک پێی وایە: "لەبری داهاتی بنەڕەتیی جیهانی، داهاتی بەرزی جیهانیمان دەبێت."
سەبارەت بە کەرتی تەندروستیش، مەسک پێی وایە هەبوونی رۆبۆت و ژیریی باڵا وا دەکات هەموو کەسێک لە جیهاندا چاودێرییەکی پزیشکیی باشتری دەستبکەوێت.
کاتێک رۆژنامەڤانەکە لێی پرسی ئەگەر خەڵک بێکار بن دۆخەکە چۆن دەبێت، مەسک گوتی: "کارەکان دەگۆڕێن، وەکو چۆن لە رابردوودا کۆمپیوتەری دیجیتاڵی جێگەی باڵەخانە پڕ لە ژمێریارەکانی گرتەوە. پێموایە گەشەکردنێک لە رۆڵەکاندا دەبینین و ئێستاش خواستێکی زۆر لەسەر دەستی کار هەیە."
مەترسییەکان و راگرتنی مۆدێلە نوێیەکان
سەرەڕای گەشبینییەکان، مەترسییەکانی ئەم بوارە بابەتی گەرمی کۆبوونەوەکە بوون.
داریۆ ئەمۆدێی، بەڕێوەبەری ئەنترۆپیک [خاوەنی بەرنامەی کڵۆد]، کە یەکێکە لەوانەی داوای خاوکردنەوەی پەرەپێدانی تەکنەلۆژیاکە دەکات گوتی: "تەکنەلۆژیاکە مەترسیی زۆر راستەقینەی هەیە، میکانیزمی چۆنیەتیی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو مەترسییانەش هێشتا لەژێر گفتوگۆدایە". ئەنترۆپیک کە بڕیارە لە مانگی تشرینی دووەمدا پشکەکانی بخاتە بازاڕەوە، هۆشداریی لە بوونی مەترسی لەسەر مرۆڤایەتی داوەتە وەبەرهێنەران.
رۆژێک پێشتر، کۆمپانیای ئۆپن ئەی ئای بڵاوکردنەوەی مۆدێلی نوێی خۆی بە ناوی (ئاسترا 6.1) راگرت، دوای ئەوەی لە پشکنینە ناوخۆییەکاندا دەرکەوت کە لەگەڵ ستانداردەکانی سەلامەتیدا ناگونجێت.
سام ئاڵتمان، بەڕێوەبەری کۆمپانیاکە لە هەڤپەیڤینێکی تەلەڤیزیۆنیدا گوتی: "ئێمە خێرایی پێشکەوتنەکانمان رێکدەخەین، کە هەندێک جار مانای راهێنان پێنەکردنی مۆدێلێک دەگەیێنێت بۆ ئەوەی خەڵک تووشی دڵەڕاوکێ نەبن."
لەگەڵ ئەوەشدا، هەندێک لە شارەزایانی وەک رۆبن جیا لە زانکۆی باشووری کالیفۆرنیا و ئەلێکس پاسکاڵ، گومانیان لە پرۆسەی "خۆڕێکخستن" هەیە و پێیان وایە کۆمپانیاکان ناتوانن خۆیان پۆلیسی خۆیان بن، بۆیە داوای یاسا و بەرپرسیارێتیی تووندتر دەکەن.
ناوەندەکانی داتا و کێبڕکێی چین
پرسی ناوەندەکانی داتا کە پێویستییەکی سەرەکیی ئەم تەکنەلۆژیایەن، بووەتە جێی مشتومڕ بەهۆی بەکارهێنانی زۆری کارەبا و ئاو.
ترەمپ لە کۆبوونەوەکەدا گوتی، کۆمپانیاکان کار دەکەن بۆ ئەوەی کۆمەڵگەکان دڵخۆش بکەن، بە پێشکێشکردنی هاوکاریی دارایی بۆ قوتابخانەکان و کەمکردنەوەی تێچووی وزە. هەروەها هۆشداری دا، ئەگەر دژایەتی بکرێن، ئەوا "ناچار دەبن بچنە دەرەوەی وڵات یان شوێنی دیکە."
لە کۆتاییدا، ترەمپ کێبڕکێی پەرەپێدانی ژیریی باڵای بە کێبڕکێیەکی نێوان ئەمریکا و چین وەسفکرد.
سەرۆکی ئەمریکا گوتی: "براوە و دۆڕاو دەبێت، پلەی دووەم بوونی نییە". سەرەڕای ئەوەی هەفتەی پێشوو هەردوو وڵات رێککەوتن لەسەر دروستکردنی کەناڵێکی پەیوەندی بۆ پێشهاتەکانی پەیوەست بەو تەکنەلۆژیایە، بەڵام ترەمپ گوتی، نایەوێت زۆر هاوکاریی چین بکات چونکە وەک خۆی دەڵێ، ئەمریکا لەو بوارەدا پێشەنگە.

