رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کشانەوەی دوایین سەربازی وڵاتەکەی لە خاکی عێراق راگەیاند و ئەم رۆژەی بە "سەرکەوتنێک بۆ ئەمریکا، سەرکەوتنێک بۆ عێراق و سەرکەوتنێکی یەکلاکەرەوە بەسەر داعشدا" لەقەڵەم دا.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 30ی ئەیلوولی 2026، دۆناڵد ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "تروس سۆشیال" پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، کۆتاییهاتنی ئەرکی هێزەکانی هاوپەیمانان رزگاربوونە لە "زۆنگاوێک" کە بەهۆی بڕیاری هەڵەی سەرۆکەکانی پێشووەوە ئەمریکای تێوەگلاندبوو، راشیگەیاند، کاتی ئەوە هاتووە سەربازەکانیان بگەڕێنەوە ماڵەوە.
ئەمڕۆ 30ی ئەیلوول، دوایین سەربازی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق و هەرێمی کوردستان کشانەوە؛ ئەو هێزانەی کە لە ساڵی 2014ـەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش هاتبوونە عێراق، لە کاتێکدا گرووپەکە کۆنترۆڵی نزیکەی یەک لەسەر سێی خاکی وڵاتەکەی کردبوو.
سەرۆکی ئەمریکا وێستگە مێژووییەکانی جەنگەکەی بەبیر هێنایەوە و گوتی، پرۆسەکە لە ساڵی 2003 لە سەردەمی جۆرج دەبلیوو بوش دەستیپێکرد، لە سەردەمی باراک ئۆباما و جۆ بایدندا بەردەوام بوو، بەڵام لە ساڵی 2026 و لەژێر سەرکردایەتیی ئەودا کۆتایی پێهات.
ترەمپ بەراوردی کشانەوەکەی عێراقی لەگەڵ ئەفغانستان کرد و گوتی: "بە پێچەوانەی ئەفغانستان کە کەرەستەیەکی زۆری سەربازی بەجێهێڵرا و 13 جەنگاوەرمان کوژران، ئەم چوونەدەرەوە رێکخراوەی هێزەکان و کەرەستەکانمان لە بنکەی ئاسمانیی هەولێر کۆتاییهێنانە بە گەشتێکی زۆر پڕ خەرج."
سەرۆکی ئەمریکا روونیکردەوە کە بژاردەی مانەوەشی لەبەردەستدا بووە، بەڵام بڕیاری کشانەوەی داوە و دەڵێت: "رێگەم نەدا بوونێکی کاتی ببێتە بوونێکی هەمیشەیی. بێ هیچ گومانێک هەستم کرد کاتی ئەوە هاتووە ئەمریکا بگەڕێتەوە ماڵەوە."
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، ترەمپ ستایشی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی ئێستای عێراقی کرد و گوتی: "لە کاتێکدا دەڕۆین کە عێراق خاوەنی سەرۆکوەزیرانێکی نوێ و نایابە بە ناوی عەلی زەیدی؛ کەسێک کە هەر لە سەرەتاوە بە تەواوی پشتیوانیم کرد. ئەو هەڵبژاردنێکی بردەوە کە چاوەڕوان نەدەکرا بیباتەوە، کەچی بە جیاوازییەکی زۆر و بە سەرکەوتنێکی گەورە بردییەوە
ترەمپ، سەرۆکوەزیرانی عێراقی بە "ناوازە" وەسفکرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لە ئیدارەدانی دۆخەکەدا. گوتیشی: "ئێمە بۆ شەڕی خەلافەتێک هاتین؛ ئێستا ئیدی خەلافەتێک نەماوە، ئێمەش دەگەڕێینەوە ماڵەوە!"


