رووداو دیجیتاڵ
دادگەی پاریس 13 کەسی بە تۆمەتی تێوەگلان لە نقومبوونی بەلەمەکەی ساڵی 2021ـی نۆکەندی ئینگلیز، کە تێی دا 27 کۆچبەر خنکان و زۆربەیان کورد بوون، بە زیندانیکردن سزا دا؛ سێ لە قاچاخچییە سەرەکییە حوکمدراوەکانیش کوردن.
رۆژی 24-11-2021 بەلەمێک لە نۆکەندی ئینگلیز لە نێوان فەرەنسا و بەریتانیا ژێرئاو کەوت، بە هۆیەوە 27 کەس گیانیان لەدەست دا و چوار کەسی دیکە بێسەروشوێن بوون، هەروەها دوو کەس لە رووداوەکە رزگاریان بوو، لە رووداوەکە 17 کۆچبەری باشووری کوردستان گیانیان لەدەست دا، تەرمی 16یان هێنرانەوە بۆ هەرێمی کوردستان.
دوای نزیکەی پێنج ساڵ، رۆژی سێشەممە، 29-09-2026 دادگەی پاریس 14 تۆمەتباری دادگەیی کرد، 13یان ئامادەی دانیشتنەکە بوون و یەکێکیان بە ئامادەنەبوون سزا درا، هەروەها تۆمەتبارێکی دیکەی دۆسیەکە لە هەرێمی کوردستان دەستگیر کراوە و بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوو دا دادگەیی بکرێت.
لە دادگەی پاریس چی رووی دا؟
زانا مامەند، نوێنەری ئەو خێزانە کوردانەی کەسوکاریان لە رووداوەکە دا گیانیان لەدەست دا یان بێسەروشوێن بوون، ئەمڕۆ چوارشەممە، 30-09-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە دۆسیەکە دا 14 کەس دادگەیی کران، لە نێویان دا 13یان وەکو قاچاخچی و یاریدەدەری قاچاخچی حوکمی جیاواز دران."
زانا مامەند گوتی: "شەش کەس بە تۆمەتی کوشتنی بە نائەنقەست لە رووداوەکە دا هەر یەکێکیان بە شەش بۆ 10 ساڵ زیندانیکردن حوکم دران، کە سێیان قاچاخچیی کورد بوون، هەروەها دوو قاچاخچیی دیکەی کورد هەن لە رووداوەکە دا یەکێکیان کە هەڵاتووە بە نائامادەبوو حوکم دراوە و ئەوی دیکە ناوی (ب، م، ع) لە هەرێمی کوردستان دەستگیر کراوە و بڕیارە لەم رۆژانە دا دادگەیی بکرێت."
بە گوتەی نوێنەری خێزانی قوربانییەکان کە برایەکی خۆی تاوەکو ئەمڕۆ بێسەروشوێنە، یەکێک لە قاچاخچییەکان کە حوکم دراوە خەڵکی ئەفغانستانە. زانا گوتی: "لەو سێ قاچاخچییە کوردەی لە دادگە ئامادە بوون و حوکم دراون دووانیان خەڵکی باشووری کوردستان و ئەوی دیکەش خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانە."
زانا مامەند ئاماژەی بەوە کرد: "حەوت کەسی دیکە وەکو یاریدەدەری قاچاخچییەکان دوێنێ دادگەیی کراون و بە ماوەی جیاواز حوکم دران، بەڵام حوکمەکەیان کەمترە لەو شەش کەسەی بە کوشتنی نائەنقەست حوکم دراون."
هەر لە دادگەییەکە دا کە دوێنێ بەڕێوەچوو، یەک تۆمەتبار هیچ تۆمەتێکی بەسەر دا ساخ نەبووەتەوە و بڕیاری ئازادکردنی دراوە.
بە گوێرەی پارێزەری قوربانییەکان، بڕیارە مانگی یەکی ساڵی داهاتوو دانیشتنێکی دادگە بەڕێوە بچێت بۆ بڕیاردان لەسەر قەبارەی زیانەکان و ئەو قەرەبووە داراییەی کە قاچاخچییەکان دەبێت بیدەنەوە کەسوکاری قوربانییەکان.
رووداوەکەی نۆکەندی ئینگلیز
بەلەمەکە کە لە 24ـی تشرینی دووەمی 2021 ژێرئاو کەوت، لە چووپ دروستکرابوو و زیاتر لە توانای خۆی کۆچبەری تێدابوو. لە رووداوەکە دا تەنیا دوو کەس رزگاریان بوو.
لە 26-12-2021، تەرمی 16 لەو کۆچبەرە کوردانەی لە رووداوەکە دا خنکابوون لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە گەڕێندرانەوە هەرێمی کوردستان.
بەریتانیا: دەکرا رێگری لە رووداوەکە بکرێت
سەرەتای شوباتی ئەمساڵ (2026) راپۆرتێکی حکومەتی بەریتانیا ئاشکرای کرد، دەکرا رێگری لە نقومبوونی بەلەمەکەی نۆکەندی ئینگلیز بکرێت لە ساڵی 2021.
سێر رۆس کرانستۆن، سەرۆکی لیژنەی لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە لە راپۆرتێکی 454 لاپەڕەییە دا ئاماژەی بە (شکستێکی سیستماتیکی و گەورە) لەلایەن حکومەت و دەزگا پەیوەندیدارەکان کرد لەسەر رووداوەکە.
چوار هۆکاری رووداوەکە بە گوێرەی راپۆرتەکە:
کەمتەرخەمیی پاسەوانانی کەناراوەکان: پاسەوانانی کەناراوەکانی بەریتانیا کە ناسراون بە (HM Coastguard) لە دۆخێکی خراپ دا بوون، بە گوێرەی راپۆرتەکە، ئەوان کێشەی کەمیی کارمەند و سنوورداریی تواناکانیان هەبووە، ئەمەش وای کردووە نەتوانن بەدەم هاواری قوربانییەکانەوە بچن.
هەڵەی تەکنیکی: ئەو فڕۆکە چاودێرییەی کە دەبوو زانیاریی ورد بدات، بەهۆی خراپیی کەشوهەواوە نەیتوانیوە بفڕێت و هیچ پلانێکی جێگرەوەشیان نەبووە.
پشتگوێخستنی هاواری قوربانییەکان: چەندین نامە و پەیوەندی لە ناو بەلەمەکەوە گەیشتبووە پاسەوانی کەناراوەکانی بەریتانیا، بەڵام یان فەرامۆش کراون، یان بە جیدی وەرنەگیراون.
بە هەڵە خوێندنەوەی دۆخەکە لەلایەن پاسەوانی بەریتانیاوە: کارمەندانی فریاگوزاری پێیان وابووە کۆچبەران لە کاتی پەیوەندیکردن دا زیادەڕۆیی دەکەن، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی مەترسییەکە بە کەم سەیر بکرێت.
راپۆرتەکە سێ لایەنی سەرەکیی وەکو بەرپرسیاریی رووداوەکە دەستنیشان کردووە، لە سەرووی هەمووشیانەوە، قاچاخچییەکان وەکو بەرپرسیاری سەرەکیی رووداوەکە باس کراون. ئاماژەی بەوەش کردبوو، 4 کەس تاوەکو ئێستا بێسەروشوێنن.
بە گوێرەی راپۆرتەکە، هۆکارەکانی نقومبوونی بەلەمەکە ئەمانە بوون:
یەکەم: قاچاخچییەکان کە زیاتر لە توانای بەلەمە چووپەکە خەڵکیان سەرخستووە.
دووەم: کەشتیی دەریایی فەرەنسی (Flamant) کە وەڵامدانەوەی بۆ رووداوەکە زۆر خاو بووە.
سێیەم: کەلێن لە سیستمی گەڕان و فریاگوزاری، بەتایبەت لەلایەن پاسەوانی کەناراوەکانی بەریتانیاوە.
پێشتر رووداو ناوی هەر 16 کەسەکەی بڵاو کردبووەوە کە تەرمەکانیان گەڕێندرایەوە و ئەمانە بوون:
- مهاباد ئەحمەد عەلی
- بڕیار حەمەد عەبدولڕەحمان
- موبین رزگار حوسێن
- هەستی رزگار حوسێن
- هەدیە رزگار حوسێن
- کەژاڵ ئەحمەد خدر
- سەرکەوت پیرۆت محەممەد
- محەممەد حوسێن محەممەد
- ئەفراسیاب ئەحمەد محەممەد
- مریەم نووری (باران)
- محەممەد قادر عەوڵا
- رێژوان یاسین حەسەن
- موسلیم ئیسماعیل حەمەد
- شکار عەلی پیرۆت
- بڵند شوکری بەکر
- حەسەن محەممەد عەلی



