رووداو دیجیتاڵ
مارک رووتە، سکرتێری گشتیی ناتۆ رایگەیاند، وڵاتانی ئەورووپا توانای سەربازیی ئەوەیان نەبوو هەڵمەتی لە ناوبردنی بەرنامە و ژێرخانی ئەتۆمیی ئێران بگرنە ئەستۆ، هاوکات پێی وایە دەستوەردان و رووبەڕووبوونەوەی ئێران لە لایەن ئەمریکاوە هەنگاوێکی "پێویست و بنەڕەتی" بووە.
رووتە لە کۆڕبەندی (بەرگری و بۆشایی ئاسمانیی یۆرۆنیوز) لە برۆکسل رایگەیاند، ئەورووپا لە رووی ئامادەباشیی سەربازییەوە پێویستی بەگۆڕانکاریی بنەڕەتی هەیە و گوتی: "ئەورووپا نەیدەتوانی توانای ئەتۆمیی ئێران لەناوببات، ئێمە نەماندەتوانی. بەڵام لە 10 ساڵی داهاتوو دا ئەو توانایە بەدەست دەهێنین؛ ئێمە دەتوانین و دەبێت ئەو کارەش بکەین."
سکرتێری گشتیی ناتۆ رەخنەی لە وەش گرت، ئەورووپا ئەرکی پاراستنی ئاسایشی دەریایی لە ئەستۆ نەگرتووە و گوتی: "دەبوو ئێمە بین کە لە دەریای سوور دا مامەڵە لەگەڵ حوسییەکان بکەین نەک ئەمریکییەکان. بێگومان هەر بڕیارێک لێکەوتەی خۆی هەیە، بەڵام هەموو شتێک لەو پێشینەیەوە دەستپێدەکات کە کارێکی زۆر باش بوو کە ئەمریکییەکان ئەم هەنگاوەیان نا، من یەکێکم لەوانەی باوەڕم وایە رووبەڕووبوونەوەی ئێران لە لایەن ئەمریکاوە کارێکی تەواو بنەڕەتی بوو."
هەڕەشەی رووسیا
سەبارەت بەهەڕەشەکانی رووسیاش، سکرتێری گشتیی ناتۆ بەتەواوی ئەو نیگەرانییانەی رەتکردەوە کە باس لە هەڕەشەیەکی دەستبەجێ بۆ سەر خاکی هاوپەیمانێتییەکە دەکەن. رووتە گوتی: "هەموو کەس دەزانێت پوتین ناتوانێت لە شەڕی دژ بەناتۆ دا سەربکەوێت. من بەهیچ شێوەیەک ئەم هەڕەشانە بەجیددی وەرناگرم. بێگومان ئێمە وەڵام دەدەینەوە و روونی دەکەینەوە کە ناتۆ هاوپەیمانێتییەکی بەرگرییە." گوتیشی: "پەیامی ئێمە ئەوەیە کە کۆتایی بەهەڕەشە ئەتۆمییەکان بهێنن، چونکە ئەمە هیچ پێویست نییە و یارمەتیدەریش نییە، بەتایبەت پێویستە کۆتایی بەشەڕی ئۆکراینا بهێندرێت."
ئەم لێدوانانە دوای ئەوە هاتن بەپێی راپۆرتە میدیاییەکان، مۆسکۆ لە نامەیەک دا هۆشداریی دابووە ناتۆ لە هەر هەوڵێک بۆ پچڕاندنی پەیوەندییەکانی هەرێمی کالینینگراد لەخاکی سەرەکیی رووسیا و ئامادەیی خۆی بۆ بەکارهێنانی تەواوی جبەخانەکەی لەنێویان دا چەکی ئەتۆمی نیشان دابوو.
رووتە رەتیکردەوە پشتڕاستی نێوەڕۆکی ئەو نامەیە بکاتەوە و ئاماژەی بەوە کرد ئاشکراکردنی لە دەسەڵاتی رووسیا دایە، بەڵام رەواندنەوەی هەر نیگەرانییەکی کۆنکرێتی لەسەر وڵاتانی باڵتیک دووپاتکردەوە. هاوکات ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم لێدوانە توندانەی مۆسکۆ تەنیا هەوڵێکن بۆ شاردنەوەی واقیعی بەرەکانی جەنگ و دروستکردنی دووبەرەکی لە نێوان ئەندامانی هاوپەیمانێتییەکە دا، چونکە بەگوتەی ئەو، بارودۆخی مەیدانی بۆ سەرۆکی رووسیا بەباشی ناڕوات.
سکرتێری گشتیی ناتۆ گوتیشی، بەپێی هەڵسەنگاندنە هەواڵگرییەکان، سوپای رووسیا مانگانە نزیکەی 43 هەزار سەربازی لە بەرەکانی جەنگی ئۆکراینا دا دەکوژرێن یان بەسەختی بریندار دەبن، لە بەرامبەر دا هێزەکانی ئۆکراینا بەراورد بەپار ئاستێکی زۆر باشتریان هەیە و هاوپەیمانانیش بەردەوامن لەپێشکەشکردنی هاوکاریی سەربازی.
لەم روانگەیەوە، داوای لە وڵاتانی ئەندام کرد هێمنیی خۆیان بپارێزن، پشتیوانییەکانیان بۆ کیێڤ بەردەوام بکەن و خەرجییە بەرگرییەکانیان زیاتر بکەن بۆ پاراستنی "هەموو بستێکی خاکی ناتۆ". هەرێمی کالینینگراد کە لەسەر دەریای باڵتیک هەڵکەوتووە و لە نێوان هەردوو وڵاتی ئەندامی ناتۆ (پۆڵەندا و لیتوانیا) دا گەمارۆ دراوە، یەکێکە لە هەستیارترین خاڵەکانی پێکدادانی سەربازیی نێوان مۆسکۆ و رۆژئاوا.



