رووداو دیجیتاڵ
هاوکات لەگەڵ کشانەوەی دوایین سەربازانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە هەولێر و بەغدا، وەزارەتی بەرگریی بەریتانیا رایدەگەیێنێت، پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی عێراق شکستی هەمیشەیی داعشیان مسۆگەر کردووە و ئێستا لە پێگەیەکی بەهێز دان بۆ پاراستنی ئاسایشی وڵاتەکەیان.
دوای زیاتر لە 10 ساڵ لە بوونی سەربازی لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ تێکشکاندنی داعش، ئەمڕۆ چوارشەممە، 30ـی ئەیلوولی 2026، دوایین سەربازانی بەریتانیا (نزیکەی 100 کارمەندی سەربازی) و هێزەکانی ئەمریکا لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە خاکی عێراقیان بەجێهێشت.
ئەم کشانەوەیە لە چوارچێوەی ئەو رێککەوتنە دایە کە لە نێوان واشنتن و بەغدا کرابوو، بۆ کۆتاییهێنان بە ئەرکی سەربازیی هاوپەیمانان تاوەکو کۆتایی ئەیلوولی 2026. بەو بۆنەیەشەوە، حکومەتی عێراق چوار رۆژ پشووی فەرمی لە سەرانسەری وڵات دا لە ژێر ناوی "رۆژانی سەروەری" راگەیاند.
بەریتانیا: لاپەڕەیەکی نوێ هەڵدەدەینەوە
وەزارەتی بەرگریی بەریتانیا لە راگەیێندراوێک دا ستایشی رۆڵی هێزە ناوخۆییەکانی کرد و گوتی: "دوای زیاتر لە 10 ساڵ لە ئۆپەراسیۆن و مەشقپێکردن، پێشمەرگەی کوردستان و هێزە ئەمنییەکانی عێراق شکستی هەمیشەیی خاکی داعشیان مسۆگەر کرد و ئێستا لە پێگەیەکی زۆر بەهێز دان بۆ وەرگرتنی بەرپرسیارێتیی سەرەکیی پاراستنی وڵاتەکەیان."
وەزارەتی بەرگریی بەریتانیا جەختیشی کردەوە کە پەیوەندییە ئەمنییەکانی لەندەن لەگەڵ عێراق کۆتایی نایەت، بەڵکو دەچێتە قۆناخی "هاوبەشییەکی دووقۆڵیی درێژخایەن" لە بوارەکانی دژەتیرۆر، خوێندنی سەربازی، بەرزکردنەوەی تواناکان و پیشەسازیی بەرگری.
پێنتاگۆن: بەرپرسیارێتی لە ئەستۆی بەغدایە
لە لایەکی دیکەوە، شۆن پارنێڵ، گوتەبێژی پێنتاگۆن رایگەیاند، بەجێهێشتنی هەولێر لە لایەن هێزەکانەوە کۆتاییهاتنی سەرکەوتووانەی ئەرکی تێکشکاندنی داعشە، گوتیشی: "ئێستا بەرپرسیارێتیی سەرەکی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئاڵنگارییە ئەمنییەکان، لەوانەش پاشماوەکانی داعش و ئەو گرووپە چەکدارانەی سەر بە ئێران کە سەروەریی عێراق دەخەنە مەترسییەوە، دەکەوێتە ئەستۆی حکومەتی عێراق."
ئەمەش لە کاتێک دایە، راپۆرتێکی نوێی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژە بەوە دەکات کە تەنیا چەند سەد چەکدارێکی داعش ماون، بەڵام توانای هێرشی کاریگەرییان نەماوە. عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراقیش بەڵێنی داوە دوای چوونەدەرەوەی هاوپەیمانان، سەرجەم چەکەکان بخاتە ژێر کۆنترۆڵی دەوڵەت.
بەریتانیا لە 10 ساڵی رابردوو دا چی کرد؟
بە پێی ئامارە فەرمییەکانی وەزارەتی بەرگریی بەریتانیا، لە رێگەی "ئۆپەراسیۆنی شادەر"ـەوە ئەم هەنگاوانە نراون:
مەشق و راهێنان: راهێنان بە زیاتر لە 111 هەزار کارمەندی ئەمنیی عێراق کراوە، کە زیاتر لە 21 هەزاریان هێزی پێشمەرگەی کوردستان بوون لە بوارەکانی پیادە، پووچەڵکردنەوەی مین، پزیشکی و ئەندازیاریی سەربازی.
هێرشی ئاسمانی: فڕۆکە جەنگییەکانی هێزی ئاسمانیی شاهانەی بەریتانیا (RAF) زیاتر لە 2 هەزار و 300 پێگەی داعشیان بۆردوومان کردووە.
رۆڵی داهاتوو: بەریتانیا سەرکردایەتیی هاوئاهەنگیی میدیایی هاوپەیمانییەکە دەکات بۆ بەرەنگاربوونەوەی پڕوپاگەندەی داعش و لاوازکردنی پەیامەکانی تیرۆر.
هەرچەندە بەغدا لە ساڵی 2017 دا سەرکەوتنی سەربازی بەسەر داعش دا راگەیاند، بەڵام هێزەکانی هاوپەیمانان بە مەبەستی رێگریکردن لە سەرهەڵدانەوەی ئەو گرووپە مانەوە؛ تاوەکو لە کۆتایی دا لە ئەیلوولی 2026 بە فەرمی کۆتایی بە ئەرکە سەربازییەکەیان لە هەولێر و بەغدا هێنرا.



