رووداو دیجیتاڵ
بە گەیشتن بە وادەی 30ـی ئەیلوول، هێزەکانی ئەمریکا خاکی عێراقیان جێهێشت و کۆتایی بە بوونی سەربازیی زیاتر لە دوو دەیەی ئەو وڵاتە هات. دوو بەرپرسی پێشووی دیپلۆماسیی ئەمریکا لە گوتارێکی هاوبەش دا رایدەگەیێنن، ئەم چوونەدەرەوەیە دەرفەتێکە بۆ لاپەڕەیەکی نوێ لە پەیوەندییەکان، بەڵام نابێت ببێتە هۆی کۆتاییهاتنی بەشداریی واشنتن لە عێراق دا.
ئەم تێڕوانینە لە گوتارێکی هاوبەشی شیکاریی ڤیکتۆریا جەی تایلەر، بەڕێوەبەری پرۆژەی عێراق و سووریا لە ئەنجوومەنی ئەتڵانتیک (جێگری پێشووی یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا) و ئالینا رۆمانۆوسکی، باڵیۆزی پێشووی ئەمریکا لە عێراق بڵاوکراوەتەوە.
رێککەوتنی کشانەوە و وانەکانی 2011
نووسەرانی راپۆرتەکە دەڵێن هەردووکیان بەشێک بوون لە تیمە دانوستاندنکارەکەی ئەمریکا لەگەڵ حکومەتەکەی محەممەد شیاع سوودانی، تاوەکو رێگە لە دووبارەبوونەوەی سیناریۆی کشانەوەی ساڵی 2011 بگیرێت، کە بووە هۆی سەرهەڵدانی داعش و کۆنترۆڵکردنی یەک لە سەر سێی خاکی عێراق.
ڤیکتۆریا تایلەر، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) وردەکاریی رۆژانی راگەیاندنی رێککەوتنەکەی لە ئەیلوولی 2024 ئاشکرا کرد و دەڵێت: "چەند کاژێرێک پێش فڕینی فڕۆکەکەی سوودانی لە نیویۆرک، لەگەڵ تیمەکەی لە سەر دەستەواژەکانی کۆتایی رێککەوتین. تەنانەت راگەیاندنی رێککەوتنەکە هاوکات بوو لەگەڵ رۆژی کوژرانی حەسەن نەسروڵڵا، بەو هۆیەوە دیبەیت و گفتوگۆیەکی کورت دروست بوو لە سەر ئەوەی کە ئایا پێویستە پرۆسەکە رابگیرێت یان نا، بەڵام لە کۆتایی دا بڕیار درا بەردەوام بن."
بە گوێرەی راپۆرتەکەیان، ئەم هەنگاوەی ئیدارەی ئەمریکا بە ئامانجی دوورکەوتنەوە بوو لە دووبارەبوونەوەی سیناریۆی کشانەوەکەی ساڵی 2011، کە بەهۆیەوە داعش توانی نزیکەی یەک لە سەر سێی خاکی عێراق کۆنترۆڵ بکات. نووسەران ئاماژە بەوە دەکەن، بەردەوامبوونی بوونی ئەمنیی ئەمریکا بۆ بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی وڵاتەکەیان بنەڕەتی بووە و پێویست بوو هاوکاریی ئەمنیی بەردەوام بمێنێتەوە، چ لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی هاوپەیمانان بێت یان بەبێ ئەو ئۆپەراسیۆنە.
بە گوتەی تایلەر، دانوستاندنەکان بە درێژایی ساڵەکە بەهۆی ئەو توندوتیژییانەی دوای 7ـی ئۆکتۆبەر تەواوی ناوچەکەی گرتەوە (لە وانەش هێرشی گرووپە چەکدارەکان بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا لە عێراق) دەوەستان و دەستیان پێدەکردەوە. هەردوولا لە سەر کرۆکی رێککەوتنەکە و دەستەواژەکانی کۆتایی رووبەڕووی دانوستاندنی سەخت بوونەوە، چونکە ئامانجەکانیان جیاواز بوو و دۆخی سیاسیی ناوخۆیی هەردوو وڵاتیش جیاواز بوو.
تایلەر دەشڵێت: "ئەم وادەیە لە عێراق دا رووداوێکی سیاسیی گەورەیە، لە کاتێک دا لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەبێ ئەوەی هەستی پێ بکرێت تێدەپەڕێت."
لە ناوخۆی ئەمریکا دا، دوای خەرجکردنی ملیاران دۆلار و کوژرانی هەزاران سەربازی ئەمریکی، بێزاری لە پرسی عێراق دروست بووە و زۆرینەی خەڵک وەک "جەنگێکی بێکۆتا" لێی دەڕوانن؛ هەر بۆیە کشانەوەی سەربازی لەگەڵ دیدگای دۆناڵد ترەمپ بۆ کەمکردنەوەی پێگەی سەربازی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست یەکدەگرێتەوە.
لە راپۆرتەکە دا هاتووە، کشانەوەکە لە لایەن تاران و لایەنگرانییەوە پێشوازیی لێ دەکرێت، لە کاتێک دا عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی ئێستای عێراق، بەڵێنی داماڵینی چەکی گرووپە چەکدارەکانی داوە؛ ئەرکێک کە نووسەران بە "قورس، بەڵام نە مەحاڵ" وەسفی دەکەن، بە مەرجێک ئەمریکا و هێزە هەرێمییەکان ئامادەی یارییەکی درێژخایەن بن.
بە گوێرەی تایلەر و رۆمانۆوسکی، کشانەوەی سەربازیی ئەمریکا هاوکاتە لەگەڵ ململانێیەکی درێژخایەنی نێوان واشنتن و ئێران و ئەمەش دەریدەخات بۆچی ناکرێت ئەمریکا دەستبەرداری عێراق بێت. لە سەرەتای ئەم مانگە دا، گرووپە چەکدارەکانی عێراق هێرشیان کردە سەر هێڵێکی بۆریی نەوتی سعودی، هاوکات لە ماوەی ئەم جەنگە دا ژمارەیەکی زۆر هێرشیان کردووەتە سەر کارمەند و بنکەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە دا. ئەم پەلامارانە بیرخەرەوەیەکی گرنگن بۆ ئەوەی کە "ئەوەی لە عێراق روودەدات، هەر لە ناو عێراق دا نامێنێتەوە."
ئەو دوو دیپلۆماتکارە پێشووە ئەو بۆچوونە رەتدەکەنەوە کە دەڵێت "عێراق بە تەواوی کەوتووەتە دەست ئێران و دەستبەرداربوونی باشترە." ئەوان دەڵێن سەرکردەکانی عێراق (شیعە، سوننە و کورد) ئەمریکا وەک هاوسەنگکەرێکی بنەڕەتی بەرامبەر دەستێوەردانەکانی ئێران دەبینن.
بە پێی راپۆرتەکە، ئەمریکا دەتوانێت هاوکارییە ئەمنییە دووقۆڵییەکانی بەرەو پێشەوە ببات لە رێگەی تیمێکی بچووک بەڵام کارامە لە راوێژکارانی ئەمنی، بوونی دیپلۆماسیی بەهێز (لە وانەش باڵیۆزێکی پەسندکراو لە بەغدا) و هەوڵی بەردەوام بۆ فراوانکردنی پەیوەندییە بازرگانییەکان. هەرچەندە سەردەمی پەیوەندییە تەلەفۆنییە هەفتانەییەکانی نێوان سەرۆکی ئەمریکا و سەرۆکوەزیرانی عێراق بەسەرچووە، بەڵام پەیوەندیی بەردەوامی بەرپرسانی باڵای ئەمریکی بەسە بۆ برەودان بە ئامانجە لەپێشینەکانی واشنتن؛ بەجۆرێک خەرجکردنی کات و سەرنجێکی کەم لە لایەن ئەمریکاوە، دەستکەوت و قازانجی گەورە بۆ بەرژەوەندییەکانی دەستەبەر دەکات.
بەرژەوەندیی نیشتمانیی سەرکردەکانی عێراق و دەرفەتی بەردەم ئەمریکا
هەردوو باڵیۆز و یاریدەدەری پێشووی وەزیری دەرەوە ئاماژە بەوە دەکەن کە لە نزیکەوە لەگەڵ باڵاترین سەرکردە سیاسییەکانی شیعە، سوننە و کورد لە عێراق کار و پەیوەندییان هەبووە و پشتیوانییەکی بەرفراوان بۆ پەیوەندی لەگەڵ ئەمریکا دا لە سەرانسەری پێکهاتە سیاسییەکان دا هەیە، تەنانەت لە لایەن ئەو لایەنانەشەوە کە نزیکترین پەیوەندیی سیاسی و ئابوورییان لەگەڵ ئێران دا هەیە.
ئەوان جەخت لەوە دەکەنەوە کە سەرکردە شیعەکانی عێراق هەرچەندە پەیوەندیی ئایینی و سیاسییان لەگەڵ ئێران دا هەیە، بەڵام بەرژەوەندیی تایبەت و سەربەخۆی خۆشیان هەیە؛ هەرچەندە هەمیشە بە دەم داواکارییەکانی ئەمریکاوە نەهاتوون، بەڵام چەندین جار بڕیاریان داوە کە خزمەتی بە بەرژەوەندییەکانی عێراق گەیاندووە تەنانەت ئەگەر لە سەر حیسابی بەرژەوەندییەکانی ئێرانیش بووبێت.
بە گوتەی ئەوان، بە بەردەوامیی پەیوەندییەکان و تەرخانکردنی سەرچاوەیەکی سنووردار، ئەمریکا دەتوانێت کاریگەرییە گەورەکەی بەکاربهێنێت بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی و هاوکاریکردن لە ئاراستەکردنی سیاسەتی عێراق لە ناوچەکە دا بە دوور لە ئێران و بە ئاراستەی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی خودی عێراق؛ ئەمەش لە رێگەی پاراستنی هاوبەشیی ئەمنی، وەبەرهێنانی ئابووری و بەردەوامیی ئامادەگیی دیپلۆماسی مسۆگەر دەبێت.



