رووداو دیجیتاڵ
ئاندی بێرنەم، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا پرسی گەڕانەوەی وڵاتەکەی بۆ نێو یەکێتیی ئەورووپا خستەوە سەر مێزی گفتوگۆ؛ بەمەش بەستەڵەکێکی سیاسیی لە مێژینەی لەسەر ئاستی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا شکاند و دیبەیتی پرسی کشانەوەیانی لەو یەکێتییەدا ورووژاندەوە.
رۆژی چوارشەممە، 30ی ئەیلوولی 2026، بێرنەم رایگەیاند، حکومەتەکەی دەتوانێت "تاوەکو کۆتایی هەنگاو بنێت" و پێشنیازی ئەندامێتیی تەواوەتی لە یەکێتییەکەدا بخاتەڕوو، ئەوەش دوای هەڵسەنگاندنی لایەنە ئەرێنی و نەرێنییەکانی هەموو بژاردە شیاوەکانی پەیوەندی لەگەڵ ئەورووپادا.
بێرنەم، کە لە مانگی تەممووزەوە دوای لەسەرکارلادانی کیەر ستارمەر لەلایەن پەرلەمانتارانی پارتی کارەوە پۆستی سەرۆکوەزیرانی وەرگرت، لە کۆنگرەی ساڵانەی پارتەکەیدا رایگەیاند کە چوونەدەرەوەی بەریتانیا لە ساڵی 2020 "زیانی لە سوودەکەی زیاتر بووە".
سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا ئاماژەی بەوە کرد، برێکزت (چوونە دەرەوەی بەریتانیا لە یەکێتیی ئەورووپا) بووەتە هۆی دروستبوونی "دەیەیەک لە گەشەی کەمی ئابووری" و پێویستە بەریتانیا بڕیار لەسەر پەیوەندییەکی درێژخایەن لەگەڵ گەورەترین هاوبەشی بازرگانیی خۆیدا بدات؛ هاوکات بەڵێنی دا کە لە ماوەیەکی نزیکدا لووتکەیەک بۆ هاوئاهەنگی لەگەڵ یەکێتییەکەدا رێکبخەن، تێدا ژمارەیەک بژاردەی جیاواز بۆ پەیوەندییە داهاتووەکان دیاری بکات.
سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا بە میدیای وڵاتەکەی گوت، بژارەکان چوونە نێو بازاڕی هاوبەشی ئەورووپی و یەکێتیی گومرکی دەبن، یان "دەتوانین تاوەکو کۆتایی بڕۆین". بێرنەم گوتی: "بە روونی بژارەیەک هەیە کە دەبێت لەبەرچاو بگیرێت؛ دەبێت سەیری ئەوە بکەین چی دەکرێت و لایەنە ئەرێنی و نەرێنییەکانی هەر بژاردەیەک چین. ئەوەی من دەیڵێم ئەوەیە کە دروست نییە ئەو پرسە بە هەڵواسراوی بهێڵدرێتەوە."
دوای گوتەکانی بێرنەم، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا پێشوازی لە بیرۆکەکەی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا بۆ گەڕانەوەیان بۆ نێو یەکێتیی ئەورووپا کرد.
راپرسییەکانی برێکزت
لە سەردەمی دەسەڵاتی پارتی پارێزگارانی راستڕەو بەریتانیا لە رێگەی راپرسییەک لە یەکێتیی ئەورووپا جیابووەوە، کە 52%ی بەشداربووان بە بەڵێ دەنگیان بۆ جیابوونەوە دا. بەڵام لە راپرسییەکی پەیمانگەی سێرڤەیشن کە لە مانگی حوزەیراندا کراوە، دەرکەوتووە 55%ـی دەنگدەران دەنگ بە گەڕانەوە دەدەن ئەگەر گشتپرسییەکە دووبارە بکرێتەوە.
دەیڤید هێنیگ، پسپۆڕی پەیوەندییەکانی بەریتانیا و یەکێتیی ئەورووپا بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند: "پێموایە بێرنەم هەست بەو بۆچوونە بەربڵاوەی ناو وڵات دەکات کە پێیوایە برێکزیت شکستی هێناوە، هەروەها لە نێو پارتی کاریشدا داوای پەیوەندیی نزیکتر دەکرێت. تاوەکو ئێستا پێناچێت ئەو پابەند بێت بە گەڕانەوە، بەتایبەت بەهۆی ترسی ئەوەی کە ئەمە لە رووی سیاسییەوە وڵات دابەش دەکات و گرژییەکانی پێشوو دەورووژێنێتەوە، بەڵام گومان دەکەم گەیشتبێتە ئەو بڕوایەی کە رەنگە هیچ بژاردەیەکی دیکەی واقیعی لەبەردەستدا نەبێت."
ئێستا بێرنەم پابەندە بە بەڵێنەکانی هەڵبژاردنی ساڵی 2024ـی کیەر ستامەر، کە بە تەواوی چوونە نێو یەکێتیی گومرکی، گەڕانەوە بۆ بازاڕی هاوبەش، یان رێگەدان بە گەڕانەوەی ئازادیی هاتووچۆی لەگەڵ یەکێتیی ئەورووپادا رەتکردبووەوە. لێدوانەکانی بێرنەم ئاماژەن بۆ ئەوەی کە پلانی هەیە هەندێک لەو هێڵە سوورانە پێش هەڵمەتی هەڵبژاردنی گشتیی داهاتوو لابدات کە چاوەڕوان دەکرێت لە ساڵی 2029 بەڕێوەبچێت.
ساندڕۆ گۆزی، پەرلەمانتاری ئەورووپی و سەرۆکی دەستپێشخەرییەکی پەرلەمانی بۆ پەیوەندییەکانی بەریتانیا و یەکێتیی ئەورووپا، بە فرانس پرێسی گوتووە، ئامادەیی بێرنەم بۆ گفتوگۆردن بژاردەکان، "دەرفەتێکی مێژوویی" بۆ یەکێتیی ئەورووپا دەڕەخسێنێت.
ستێلا کریسی، پەرلەمانتاری پارتی کار رایگەیاند: "ئەمڕۆ ئەو رۆژەیە کە هاوپیشەکانمان لە سەرتاسەری ئەورووپادا دەبینن، کە لە کۆتاییدا هێڵە سوورەکان لابردران."
بە پێچەوانەوە، ئاناند مێنۆن، بەڕێوەبەری پەیمانگەی توێژینەوەی (UK in a Changing Europe)، هۆشداری دا لەوەی قسەکانی بێرنەم وەک سەرەتای دەستپێکردنی گەشتی گەڕانەوە تەماشا بکرێن و گوتی: "تەواوی ئەوەی ئەو گوتوویەتی تەنیا ئەوەیە: 'ئێستا ئێمە گفتوگۆی لەسەر دەکەین'. ژمارەیەکی کەم نین لە ئەندامانی کابینەکەی کە نایانەوێت کات و ماندووبوونی زۆر لە مامەڵەکردن لەگەڵ پرسی ئەورووپادا بەفیڕۆ بدەن."
رەخنەکانی پارتی ریفۆرم
بێرنەم پێشتر لە کەمپینی مانەوە لە یەکێتیی ئەورووپادا کاری کردووە و لە رابردووشدا گوتبووی هیوادارە تاوەکو لە ژیاندا ماوە بەریتانیا بگەڕێتەوە نێو یەکێتییەکە. سەرەڕای ئەوە، لە کاتی کەمپینە سەرکەوتووەکەیدا بۆ گەڕانەوەی بۆ پەرلەمان لە مانگی حوزەیران و جێگرتنەوەی ستامەر لە داونینگ ستریت، بێرنەم جەختی کردبووەوە کە نایەوێت دیبەیتی برێکزت دووبارە بکاتەوە.
ریچارد تایس، جێگری سەرۆکی پارتی راستڕەوی ریفۆرمی دژە یەکێتیی ئەورووپا رایگەیاند، بێرنەم "هەوڵدەدات لە دەرگای پشتەوە بە دزییەوە بمانباتەوە بۆ برۆکسل"، لە کاتێکدا ئەلێکس بێرگهارت، جێگری سەرۆکی پارتی پارێزگاران، سەرۆکوەزیرانی بەوە تۆمەتبار کرد کە "سەیری رابردوو دەکات."
لووتکەی نێوان بەریتانیا و یەکێتیی ئەورووپا بڕیار بوو لە مانگی تەممووز لە برۆکسل بەڕێوەبچێت، بەڵام بەهۆی لەسەرکارلادانی ستامەرەوە دواخرا. بەرپرسێکی یەکێتیی ئەورووپا رایگەیاندووە کە یەکێتییەکە هەوڵدەدات کۆبوونەوەکە لە مانگی تشرینی دووەمدا رێکبخات، بەڵام وادەکە هێشتا بە فەرمی پشتڕاست نەکراوەتەوە. ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەش کرد کە کەشەکە ئەرێنییە و کارکردن بەردەوامە بۆ ئامادەکارییەکان، لە کاتێکدا هەردوولا هیوادارن لە لووتکەکەدا چەند رێککەوتنێک بکەن؛ بەتایبەت لە بوارەکانی پێوەرەکانی سەلامەتیی خۆراک و ئاژەڵ، پرۆگرامی گەنجان و بەستنەوەی سیستەمی بازرگانیی دەردانی گازەکان، دوای ئەوەی دانوستاندنەکان بەهۆی نیگەرانییەکانی بەریتانیا لە پڕۆژەی یەکێتیی ئەورووپا بۆ پاراستنی پیشەسازییەکانی خۆی لەژێر درووشمی "دروستکراوی ئەورووپا"، تووشی سستی بووبوون.
زیانەکانی برێکزت
پرسی گەڕانەوە بۆ نێو بازاڕی هاوبەش یان تەواوی یەکێتیی ئەورووپا بەستراوەتەوە بە راستییە ئابوورییەکان؛ یەکێتیی ئەورووپا گەورەترین هاوبەشی بازرگانیی بەریتانیایە کە نزیکەی 41%ـی تەواوی هەناردە و 52%ـی هاوردەی بەریتانیا پێکدەهێنێت و قەبارەی ساڵانەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوانیان لە سەرووی 800 ملیار پاوەندە. سەرەڕای چوونە دەرەوە لە یەکێتییەکە، ئابووریی بەریتانیا بە تووندی بەندە بە زنجیرەکانی دابینکردنی ئەورووپاوە.
لە رووی کۆی بەرهەمی ناوخۆییەوە، دوایین داتاکانی نووسینگەی فەرمیی بەرپرسیارێتیی بودجەی بەریتانیا دەریدەخەن کە چوونەدەرەوە لە یەکێتیی ئەورووپا لە درێژخایەندا ئاستی کۆی بەرهەمی ناوخۆیی بەریتانیای 4% کەمکردووەتەوە بە بەراورد بەوەی ئەگەر لە نێو یەکێتییەکەدا بمایەتەوە، ئەمەش کورتێهێنانی دەیان ملیار پاوەند لە داهاتی گشتی و بەرهەمهێناندا دەگەیەنێت.
هاوکات چەند توێژینەوەیەکی نوێی ناوەندە دیارە ئابوورییەکان سوودەکانی گەڕانەوە یان نزیکبوونەوە لە یەکێتییەکەیان بە ژمارە سەلماندووە:
توێژینەوەی پەیمانگەی نیشتمانی بۆ توێژینەوەی ئابووری و کۆمەڵایەتی ئاشکرای دەکات کە گەڕانەوە بۆ نێو بازاڕی هاوبەش و یەکێتیی گومرکی دەتوانێت گەشەی ساڵانەی کۆی بەرهەمی ناوخۆیی بەریتانیا 2% بۆ 3% بەرزبکاتەوە، هەروەها خەرجیی رێکارە بیرۆکراتی و گومرکییەکانی سەر سنوور بە ملیاران پاوەند کەمبکاتەوە.
شیکاریی پەیمانگەی سەربەخۆی ئەورووپی دەریخستووە، سنووردارکردنی ئازادیی هاتووچۆ و دابڕان لە هێزی کاری ئەورووپی بووەتە هۆی کورتهێنانی تووند لە کەرتی خزمەتگوزاری، تەندروستی و کەرتی کشتوکاڵدا و هەر جۆرە رێککەوتنێکی نوێ بۆ نزیکبوونەوە دەستبەجێ کێشەی کەمیی دەستی کار چارەسەر دەکات و بەرهەمداری بەرزدەکاتەوە.
راپۆرتی سەنتەری چاکسازیی ئەورووپی دەریدەخات کە ئاڵوگۆڕی بازرگانیی کاڵای بەریتانیا 11% کەمترە لەوەی ئەگەر برێکزت رووی نەدابایە و تێپەڕاندنی ئەو هێڵە سوورانەی کە بازرگانییان پەکخستووە، تاکە رێگەی بەریتانیایە بۆ رزگاربوون لە چەقبەستوویی ئابووریی ئێستای.



