رووداو دیجیتاڵ
هێرشە ئاسمانییەکانی پاکستان بۆ سەر خاکی ئەفغانستان جارێکی دیکە گرژییەکانی نێوان هەردوو دراوسێکەی هەڵکشان؛ لە کاتێکدا حکومەتی تاڵیبان باسی کوژرانی 9 هاووڵاتیی سڤیل دەکات، ئیسلام ئاباد رایدەگەیێنێت کە لە هێرشەکاندا 22 "تیرۆریست" کوژراون.
زەبیحوڵڵا موجاهید، گوتەبێژی حکومەتی تاڵیبان، لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، فڕۆکە جەنگییەکانی پاکستان رۆژی پێنجشەممە هەردوو پارێزگای کونەر و هێلمەندیان لە ئەفغانستان بۆردومان کردووە و لە ئەنجامدا 9 کەس کوژراون (کە ژن و منداڵیان لەنێودایە) و 11 کەسی دیکەش بریندار بوون.
موجاهید هێرشەکەی بە "دەستدرێژی و پێشێلکردنی سەرجەم بنەما نێودەوڵەتییەکان" ناوبرد و بە تووندی سەرکۆنەی کرد.
لە بەرامبەردا، وەزارەتی راگەیاندنی پاکستان لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، هێرشە ئاسمانییەکان لەسەر بنەمای "زانیاریی هەواڵگریی باوەڕپێکراو" کراون و مۆڵگەی تیرۆریستانیان لە دوو شوێنی جیاوازدا کردووەتە ئامانج.
لە راگەیێندراوەکەی پاکستاندا هاتووە: "ئامانجەکان بە وردی وێران کران و راپۆرتە سەرەتاییەکان ئاماژە بە کوژرانی 22 تیرۆریست دەکەن، هاوکات بڕێکی زۆر لە چەک و تەقەمەنی لەنێو ئەو مۆڵگانەدا لەناوبراون."
مانگی رابردوو هێرشێکی چەکداری بۆ سەر بنکەیەکی پۆلیس لە باکووری رۆژئاوای پاکستان، کە بووە هۆی کوژرانی 24 کەس، ئاگری ناکۆکییەکانی نێوان ئیسلام ئاباد و کابولی هەڵگیرساندەوە؛ دوای ئەوەی لە شوباتی ئەمساڵدا خوێناویترین پێکدادانی نێوانیان تۆمارکرابوو.
پاکستان بەردەوام حکومەتی تاڵیبان تۆمەتبار دەکات بە داڵدەدانی ئەو گرووپە چەکدارانەی لە ناو خاکی ئەفغانستانەوە پەلاماری هێزە ئەمنییەکانی دەدەن، بەڵام تاڵیبان ئەو تۆمەتانە رەتدەکاتەوە و دەڵێت کێشەی ئەمنی پرسێکی ناوخۆیی خودی پاکستانە.
ئەم گرژییە نوێیە لە کاتێکدایە کە رۆژی یەکشەممەی رابردووش وەزارەتی بەرگریی ئەفغانستان رایگەیاندبوو، هێزەکانیان 28 چەکداریان کوشتووە کە لە پاکستانەوە بە مەبەستی هێرش دزەیان کردبووە نێو خاکی ئەفغانستان، بەڵام پاکستان لەوکاتەدا ئەو تۆمەتەی رەتکردبووەوە.



