رووداو دیجیتاڵ
رۆژی سێشەممە، 29-09-2026، دەیەمین فێستیڤاڵی ساڵانەی فیلمی کوردی لە شاری نیویۆرکی ئەمریکا کرایەوە و بڕیارە شەش رۆژ بخایەنێت. لە فێستیڤاڵەکەدا 30 فیلمی کوردی نمایش دەکرێن، کە یەکێکیان سیناریۆکەی لەنێو زینداندا نووسراوە.
خەیاڵ قەرتەل، دامەزرێنەری فێستیڤاڵی فیلمی کوردیی نیویۆرک، بە رووداوی راگەیاند: "جیهان پێویستی بەوەیە گوێی لە روانگەی ئێمە بێت. بەرزکردنەوەی دەنگی سینەمای کوردی لە دڵی هونەری جیهاندا زۆر گرنگە و ئێمە ئەرکەکەمان زۆر بە جددی وەردەگرین."
فیلمەکانی فێستیڤاڵەکە لەلایەن کوردانی کوردستان و تاراوگەوە بەرهەم هێنراون و بە هەردوو شێوەزاری سۆرانی و کرمانجین.
کازم ئۆز، دەرهێنەری کورد لە باکووری کوردستان و یەکێک لە بەشداربووانی فێستیڤاڵەکە، بە رووداوی گوت: "فێستیڤاڵ بۆ نەتەوەکانی دیکەش گرنگە، بەڵام بۆ کورد گرنگترە، چونکە تاوەکو ئێستا پلاتفۆرمی نییە و بۆیە فێستیڤاڵ بۆ کورد گرنگترە."
زۆربەی ئامادەبووانی فێستیڤاڵەکە کوردن، بەڵام ژمارەیەک ئەمریکیش ئامادە دەبن کە ئارەزووی ئەوەیان هەیە زیاتر لەبارەی کولتوور و ناسنامەی گەورەترین نەتەوەی بێدەوڵەتی جیهانەوە بزانن.
لۆرا هاملێت، فیلمساز و سیناریۆنووسێکی ئەمریکییە، گوتی:"من گەلی کوردم زۆر خۆش دەوێت و تا توانیومە لەسەر مێژووی کورد لێکۆڵینەوەم کردووە. بەپەرۆشم بۆ بینینی فیلمە کوردییەکان و هیوادارم نایاب بن."
لە دوایین رۆژی فێستیڤاڵەکەدا، فیلمی "رێ" نمایش دەکرێت کە لەلایەن دەرهێنەری کورد یڵماز گونەی-ەوە لە زیندانێکی تورکیادا نووسراوە. فیلمەکە ساڵی 1982 خەڵاتی چڵە خورمای زێڕینی فێستیڤاڵی کانی لە فەرەنسا بردەوە، بەڵام دواتر بۆ ماوەی 17 ساڵ لە تورکیا قەدەغە کرا.


