رووداو دیجیتاڵ
یەکێتیی ئەورووپا سەرقاڵی داڕشتنی پلانێکی نوێیە بۆ خێراکردنی پرۆسەی دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەران، ئەوەش لە رێگەی دروستکردنی کەمپ و ناوەندی گەڕاندنەوە لە دەرەوەی سنوورەکانی یەکێتییەکە؛ بەرپرسانی ئەورووپا دەڵێن، کارەکانیان لەو بارەیەوە هەنگاوی باشیان بڕیوە.
رۆژی پێنجشەممە 1ـی تشرینی یەکەمی 2026، وەزیرانی ناوخۆی وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا لە لۆکسمبۆرگ کۆبوونەوە بۆ تاوتوێکردنی رێکارە نوێیەکانی رووبەڕووبوونەوەی کۆچی نایاسایی.
مۆرتن بۆدسکۆڤ، وەزیری ناوخۆی دانیمارک پێش بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەکە بە رۆژنامەڤانانی گوت، "کارەکانمان بۆ دروستکردنی ئەو ناوەندانە زۆر بەباشی بەرەوپێش دەچن و بە ئاراستەیەکی راستدا هەنگاو دەنێین."
پەلەکردنی ئەورووپا لەم هەنگاوە، هاوکاتە لەگەڵ بەهێزبوونی پێگەی پارتە دژەکۆچبەرەکان لە تەواوی کیشوەرەکەدا، بەتایبەتیش دوای ئەو سەرکەوتنەی پارتە راستڕۆکان ئەم مانگە لە ئەڵمانیا بەدەستیانهێنا.
ئەلێکساندەر دۆبریندت، وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا ئاماژەی بەوە کرد، گفتوگۆکانیان لە قۆناخی سەرەتاییدان، بەڵام گوتی، هەر رێککەوتنێک بکرێت، نابێت لە رووی یاساییەوە هیچ کەلێنێکی تێدا هەبێت. ئەو وەزیرە ئەڵمانیە گوتیشی، هیوادارن تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ یەکەم رێککەوتن لەو بارەیەوە واژۆ بکرێت.
لەبارەی سەرچاوەی شەپۆلی کۆچبەرانەوە، ماگنوس برونەر، بەرپرسی پرسی کۆچ لە یەکێتیی ئەورووپا ئاماژەی بەوە کرد، ئێستا سەرنجیان خستووەتە سەر وڵاتانی وەکو پاکستان و بەنگلادیش، چونکە دەستپێکی زۆربەی رێگەکانی کۆچ لەوێوەن.
ئەو بەرپرسە ئەورووپییە گوتیشی: "کۆچبەران لەوێوە بەرەو کەنداو و میسر دەڕۆن و پاشان دەگەنە لیبیا، بۆ ئەوەی بە بەلەم دەریای نێوەڕاست ببڕن؛ بۆیە دەبێت ئێمە لە قۆناخێکی زۆر سەرەتاییدا رێگرییان لێ بکەین."
سەرەڕای ئەوەی لایەنگرانی پرۆژەکە پێیانوایە ئەمە دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی کۆچی نایاسایی، بەڵام رەخنەگران گومانیان لە سەرکەوتنی هەیە. ئەوان ئەو کەمپانە بە "کونی رەشی یاسایی" ناودەبەن کە کۆچبەرانی تێدا پەراوێز دەخرێن. هەروەها وەک نموونەش، ئاماژە بە شکستی پلانی بەریتانیا بۆ ناردنی کۆچبەران بۆ رواندا و سستیی پرۆژەی ئیتاڵیا لە ئەلبانیا دەدەن.
تانۆس پلێڤریس، وەزیری کۆچی یۆنان رایگەیاند، وڵاتەکەی رێککەوتنی لەگەڵ وڵاتێکی ئەفریقا کردووە بۆ کردنەوەی ناوەندێک لە ساڵی 2027، بێ ئەوەی ناوی وڵاتەکە ئاشکرا بکات. بەڵام ئانا سترۆلێنبێرگ و تینێکە ستریک، دوو پەرلەمانتاری ئەورووپا لە فراکسیۆنی سەوزەکان کە دژی پرۆژەکەن، لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەڤانیدا ئاماژەیان بەوە کرد کە بەرپرسانی رواندا پێیان گوتوون لە دانوستاندان، بۆیە پێدەچێت رواندا یەکەم وڵات بێت کە ئەورووپا رێککەوتنی لەگەڵدا بکات.
ئەم جووڵانەی یەکێتیی ئەورووپا دوای شەپۆلە گەورەکەی هاوینی ئەمساڵی کۆچبەران دێت بۆ سیوتای ئیسپانیا، کە بووە هۆی دروستبوونی گرژی لە نێوان ئیسپانیا و ئیتاڵیا.
بۆ رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی قەیرانی لەم شێوەیە، ئۆرسولا ڤۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا، پلانی هەیە ئامرازێکی نوێی فریاگوزاری رابگەیەنێت. هاوکات، گفتوگۆ هەیە بۆ فراوانکردنی دەسەڵاتەکانی ئاژانسی پاسەوانی سنووری یەکێتیی ئەوروپا (فرۆنتێکس) تاوەکو بتوانێت چاودێریی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش بکات بۆ پێشبینیکردنی هەر جووڵەیەکی بەکۆمەڵی کۆچبەران.


