رووداو دیجیتاڵ
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، دەزگا هەواڵگرییەکانی وڵاتەکەی پێشوەختە لەندەنیان لە پیلانێکی ئێران بۆ هێرشکردنە سەر بنکەیەکی ئاسمانی لە بەریتانیا ئاگادارکردووەتەوە؛ هاوکات بە تووندی رەخنەی لە حکومەتی بەریتانیا گرت کە لە بەرامبەر ئەو هاوکارییەدا، سزای بەسەر ئیسرائیلدا سەپاندووە.
نەتەنیاهوو شەوی چوارشەممە لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کەناڵی "فۆکس نیوز"ـی ئەمریکی ئاشکرای کرد، ئیسرائیل کەمێک پێش ئەوەی لەندەن لە 8ـی ئەیلوولدا سزا بەسەر بەرهەمەکانی کۆمەڵگە جوونشینەکاندا بسەپێنێت، زانیاریی وردی لەبارەی پلانەکەوە پێدابوون.
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بە تەنزەوە گوتی: "دەتەوێت بزانیت دۆخەکە چەندە لەوێ سەیر و بێمانایە؟ ئێمە زانیاریی هەواڵگریمان دایە بەریتانییەکان کە ئەنجام دەکرێت و لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێت، کەچی رێک رۆژی دواتر ئەوان سزایان بەسەر ئێمەدا سەپاند."
ئەم لێدوانانەی نەتەنیاهوو دوای ئەوە دێن کە ئاندی بێرنەم، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا رایگەیاند، "ئاماژەی بەهێز" هەن لەسەر تێوەگلانی تاران لە جموجووڵێکی گوماناوی لە نزیک بنکەی ئاسمانیی (فێرفۆرد)؛ بنکەیەک کە لەلایەن سوپای ئەمریکاوە بۆ بۆردومانکردنی ئێران بەکاردەهێنرێت.
پێشتریش دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا باسی لە ئەگەری دەستتێوەردانی ئێران لەو دۆسیەیەدا کردبوو، دوای ئەوەی پۆلیسی بەریتانیا لە بوونی چەند چەکدارێکی دەمامکدار لە نزیک بارهەڵگرێک لە دەوروبەری بنکەکە ئاگادار کرایەوە.
لە دوای دەستبەکاربوونی لە پۆستی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا لە کۆتایی مانگی تەممووز، ئاندی بێرنەم سیاسەتێکی تووندتری بەرامبەر ئیسرائیل گرتووەتەبەر. بێرنەم بەهۆی هێرشی بەردەوامی نیشتەجێبووە جووەکان بۆ سەر فەلەستینییەکان لە کەرتی رۆژئاوا، سزای بەسەر بەرهەمی کۆمەڵگە جوونشینەکاندا سەپاند.
هاوکات، ئێد میلیباند، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا، ئەو تووندوتیژییانەی دژی فەلەستینییەکان لە کەرتی رۆژئاوا بە "پاکتاوی نەتەوەیی" وەسفکردووە، ئەمەش گرژیی دیپلۆماسیی نێوان لەندەن و تەلئەڤیڤی گەیاندووەتە قۆناخێکی نائاسایی.


