رووداو دیجیتاڵ
دادگەی باڵای هەرێمی بادن-ڤورتەمبێرگ رایدەگەیێنێت، لە ساڵی 2025وە تاوەکو ئێستا 3 کەس بە تۆمەتی ئەندامبوون و کارکردن بۆ رێکخراوی تیرۆریستیی داعش دادگەیی کراون، کە یەکێکیان هاووڵاتییەکی عێراقییە. بەپێی زانیارییەکانی دادگەکە، ئێستا پڕۆسەی دادگەییکردنی گومانلێکراوێکی دیکەی داعش بەردەوامە.
لارس کێمەر، گوتەبێژی دادگەی باڵای هەرێمی بادن-ڤورتەمبێرگ لە شاری شتوتگارتی باشووری ئەڵمانیا، بە کەهی مەحموود، هەواڵسازی تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە ماوەی ساڵ و نیوێکدا لە کۆی 10 کەس کە بە تۆمەتی ئەندامبوون و خزمەتکردنی رێکخراوە تیرۆریستییە بیانییەکان دادگەیی کراون، 3 کەسیان داعشی بوون.
بە گوتەی لارس کێمەر، لە ساڵی 2025دا دادوەرانی پاراستنی دەوڵەت 6 کەسیان بەهۆی "ئەندامبوون لە ناو رێکخراوە تیرۆریستییە بیانییەکاندا" دادگەیی کردووە، کە 2 لەوانە بەهۆی ئەندامبوون و کارکردن بۆ داعش بووە.
هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد، لە ساڵی 2026دا، 4 کەس لەو دادگەیە بەهۆی ئەندامبوون و خەبات لە ناو رێکخراوە تیرۆریستییە بیانییەکاندا سزادراون و یەکێک لەوانەش ئەندامی داعش بووە.
سەبارەت بە ناسنامەی ئەو کەسانە، گوتەبێژی دادگەکە گوتی: "ئەو کەسانەی لە ساڵانی 2025 و 2026دا سزادراون، خاوەن رەگەزنامەی سووریایی، عێراقی، تورکی و ئەڵمانی بوون. لە یەکێک لە دۆسیەکاندا، ئەو کەسەی بەهۆی ئەندامبوون لە ناو داعشدا سزادرابوو، عێراقی بوو."


.jpg&w=3840&q=75)