رووداو دیجیتاڵ
کۆمیسیۆنی باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان رۆژی هەینی رایگەیاند، نزیکەی 5.8 ملیۆن پەناخوازی منداڵ لە ساڵی 2025دا لە خوێندن بێبەش بوون؛ هاوکات هۆشداری دا لەوەی کە بڕینی هاوکارییە داراییەکان مەترسیی ئەوە دروستدەکات و دۆخەکە خراپتر دەکات.
ئاژانسی پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوە کردووە، لە کۆی 13.1 ملیۆن پەناخوازی منداڵ لە سەرانسەری جیهاندا، ساڵی رابردوو 44%ـیان لە دەرەوەی پۆلەکانی خوێندندا مانەوە.
بەرهەم ساڵح، کۆمیسیاری باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێ: "پەروەردە و خوێندن پاراستنە، بەڵام لە هەمان کاتدا رێگەیەکە بۆ بەدەستهێنانی دەرفەت و پشتپەبەستن بە کەسێک خۆی. لە کاتێکدا گوشارێکی دارایی زۆر لەسەر هاوکارییە مرۆیی و گەشەپێدانەکان هەیە، بڕینی بودجەی پەروەردە مەترسیی ئەوەی لێدەکەوێتەوە کە وەبەرهێنانی بەکۆمەڵی چەندین دەیەی رابردوو لەنێوببات و دەرفەتەکان لەبەردەم نەوەیەکی تەواوی گەنجاندا دابخات."
بەرهەم ساڵح، پێشتر خۆیشی پەنابەر بووە و بە ئاوڕدانەوە لە ژیانی رابردووی، دەڵێ: "خوێندن ئەو دەرفەتانەی پێبەخشیم کە رەنگ بوو دوورکەوتنەوە لە زێد لێمی زەوت بکات؛ بۆیە نابێت ئاوارەبوون سنوور بۆ ژیانی هیچ منداڵێک دابنێ."
بەپێی ئامارەکانی کۆمیسیۆنەکە، هەرچەندە لە ساڵی 2025دا 65%ـی منداڵانی پەناخوازی قۆناخی سەرەتایی لە قوتابخانەکان ناونووس کرابوون، بەڵام لە قۆناخی ناوەندی و ئامادەییدا تەنیا 32%ـیان توانیویانە بەردەوامی بە خوێندن بدەن.
بە گوتەی بەرهەم ساڵح، سەرباری ئەوەش، رێژەی چوونی گەنجانی پەناخواز بۆ زانکۆ و خوێندنی باڵا لە ساڵی 2025دا گەیشتە ئاستێکی پێوانەیی و 11%ـی تۆمار کرد.
کەمیی بودجە و مەترسی لەسەر 8.3 ملیۆن کەس
لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا کۆمیسیۆنی باڵای پەنابەران گوتی، کۆی گشتیی ئەو بودجەیەی لەبەردەستیدایە لە 5.2 ملیار دۆلار لە ساڵی 2024ـەوە بۆ 3.9 ملیار دۆلار لە ساڵی 2025دا دابەزیوە، ئەوەش لە کاتێکدایە کە ژمارەی ئەو کەسانەی پێویستیان بە پاراستن و هاوکارییە، لە بەرزترین ئاستی مێژووییدایە.
ئاژانسەکە رایگەیاندووە کە بۆ ئەم ساڵ پێویستی بە 8.5 ملیار دۆلار هەبووە بۆ هاوکاریکردنی ئاوارە و پەناخوازان، بەڵام تاوەکو کۆتایی مانگی تەممووز تەنیا 32%ـی ئەو بڕەی بەدەستگەیشتووە کە دەکاتە 2.7 ملیار دۆلار.
بەرهەم ساڵح هۆشداریشی دا کە بەهۆی ئەم کەمبوونەوەیەی هاوکارییە داراییەکان و داڕمانی خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان، نزیکەی 8.3 ملیۆن دۆلار ئاوارە و پەناخواز لە سەرانسەری جیهاندا، لەبەردەم مەترسیی لەدەستدانی سەرجەم هاوکارییە مرۆییە سەرەتایەکاندان.
.jpg&w=3840&q=75)

