رووداو دیجیتاڵ
رۆژی هەینی خۆپێشاندان و ناڕەزایەتیی قوتابیانی ئامادەیی لە فەرەنسا بەردەوام بوو، تێیدا لە چەندین شار قوتابیان ئاگریان کردەوە و بەرد و کەلوپەلیان لە پۆلیس گرت. هێزە ئەمنییەکانیش بە گازی فرمێسکڕێژ وەڵامیان دانەوە. سەندیکاکانیش داوای خۆپێشاندان دەکەن بۆ باشترکردنی رەوشی پەروەردە.
رۆژی هەینی، 2ی تشرینی یەکەمی 2026، لۆران نونێز، وەزیری ناوخۆی فەرەنسا دوای کۆبوونەوەیەکی لەبارەی خۆپێشاندانەکان بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، تەنیا لە رۆژی هەینیدا هەزار و 747 کەس دەستگیرکراون، زیاتر لە 300 ئەفسەری پۆلیسیش بریندار بوون.
نونێز ئاماژەی بەوە کرد، خۆپێشاندانەکان رووداوی "هاویشتنی کەلوپەل، پەلاماردانی هێزەکانی جێبەجێکردنی یاسا، مامۆستایان، رۆژنامەڤانان و رێبواران"ـیان تێدا تۆمارکراوە.
پەلاماردانی مامۆستایان و لەدەستدانی بینایی چاوی قوتابیەک
حکومەتی فەرەنسا دەڵێ، قوتابیانی ئامادەیی مافی خۆیانە ناڕەزایەتی دەربڕن، بەڵام تووندوتیژییەکان سەرکۆنە دەکات، بەتایبەت دوای ئەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی لە شاری بێلفۆرت لە رۆژهەڵاتی وڵات بڵاوبووەوە کە تێیدا کۆمەڵێک گەنج پۆلیسێک گەمارۆ دەدەن، دەیدەن بە زەویدا و لێی دەدەن. وەزیری ناوخۆ ئەو دیمەنەی بە "تووندوتیژییەکی دەگمەن و قبووڵنەکراو" ناوبرد.
بەرپرسان دەڵێن، لە شاری لاسیوتای باشووری فەرەنساش بەنزین بەسەر مامۆستایەکدا کراوە.
داواکاری گشتیش رایگەیاند، گەنجێک لە شاری توور لە کاتی پێکدادانی نێوان قوتابیان و پۆلیس بریندار بووە و بەهۆیەوە بینایی چاوی راستی لەدەستداوە.
لە پاریسیش ئاگر زیانی بە دەروازەی دوو خوێندنگەی ئامادەیی گەیاند و لە شارەکانی برێست و تولوزیش گازی فرمێسکڕێژ بەکارهێنرا.
راگرتنی دەوامی 735 خوێندنگە و زیانەکانی کەرتی پەروەردە
ئێدوار ژێفرای، وەزیری پەروەردەی فەرەنسا رایگەیاند، تەنیا رۆژی هەینی 735 خوێندنگە لە سێ هەزار و 700 قوتابخانە لە سەرانسەری وڵاتەکەی کاریگەریی ناڕەزایەتییەکانیان کەوتووەتەسەر، ئەمەش بەراورد بە رۆژی پێنجشەممە بە رێژەی 30% کەمیکردووە. لەو رۆژەدا سێ کارمەندی پەروەردە بریندار بوون، لە کاتێکدا رۆژی پێنجشەممە 31 کارمەند بریندار ببوون.
وەزیری پەروەردە گوتی: "جووڵانەوەی قوتابیان لەلایەن گرووپە زۆر تووندوتیژەکانەوە ئاراستە کراوە. ئەوەی ئێستا گرنگە ئەوەیە دڵنیابین لەوەی منداڵەکانمان چی دیکە لە شەقام نەمێننەوە، چونکە ژیانیان لە مەترسیدایە."
ناڕەزایەتییەکان، کە رۆژی چوارشەممە لە پاریس سەریان هەڵدا و پاشان تەشەنەیان سەند، بەهۆی ناڕەزایی قوتابیان بەرامبەر درێژیی کاتی دەوام، کەمیی و ئامادەنەبوونی مامۆستایان لە وانەکان و نەگونجاویی دۆخی پۆلەکان لە کاتی شەپۆلی گەرمادایە. قوتابیان پۆلیس بە سەرکووتکردنی تووندوتیژانە تۆمەتبار دەکەن و دەڵێن ئەوە هۆکاری زیادبوونی تووڕەیی ئەوانە.
حکومەتی فەرەنسا پارتی چەپی تووندڕەوی فەرەنسای خۆڕاگر بەوە تۆمەتبار دەکات کە لە پشت ئەم ئاڵۆزییانەوەیە، بەڵام مانوێل بۆمپار، سەرکردەی دیاری ئەو پارتە، حکومەتی بە بڵاوکردنەوەی "بیردۆزی پیلانگێڕی" تۆمەتبار کردووە.


.jpg&w=3840&q=75)